هەواڵ- ڕاپۆرت
لە دهۆک پارتی بەرۆژنامەنووسانەوە ناوەستێت و خوێندکاریش دەستگیر دەکات
لە دهۆک پارتی بەرۆژنامەنووسانەوە ناوەستێت و خوێندکاریش دەستگیر دەکات
کەیسی خوێندکارێکی ماستەر بەسیاسی دەکرێت و ڕێگە نادرێت بەکەفالەت ئازاد بکرێت
تەنیا لەسەر دوو ڕۆژ نەچوونەوەی بۆ دەوام لەخوێندن دەرکراوە
ڕۆژی ڕابردوو، خوێندکارێکی ماستەر بەناوی "ئاراس حسێن" لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستگیرکرا، بەهۆی ئەوەی دوورخراوەتەوە لە خوێندن و ئەویش لە گرتە ڤیدیۆیەکدا رەخنەی لە حکومەت و سەرۆک بەشی زانکۆکەی گرتووە، بەوهۆیەوە دادگای دهۆکیش بڕیاری دەستگیرکردنی داوە.
ئاراس حسێن خوێندکاری ماستەر بووە لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دهۆک تەنها بەهۆی دوو رۆژ نەچوونی بۆ زانکۆ بڕیاری دوورخستنەوەی دراوە، براکەی لەو بارەیەوە دەڵێت، براکەم لە گرتە ڤیدیۆیەکدا تووڕە بووە و ناڕەزایەتی دەربڕیوە و ئەو بڕیارەی بە نایاسایی و سیاسی ناوبردووە، وتویەتی، ئەو بڕیارە لەلایەن حزبەوە دراوە، چونکە سەرۆک بەشەکەی پارتییە.
باسی لەوەشکرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە سکاڵا لەسەر براکەم تۆمارکراوە و ڕۆژی دوو شەممە بەمەبەستی وتە لێوەرگرتن چووەتە بنکەی پۆلیس و دواتریش نێردراوە بۆ دادگا، بەڵام لەوێ بڕیاری دەستگیرکردنی دراوە و لە ئێستا لە گرتووخانەی دهۆک راگیراوە و رێگەش نادرێت بە کەفالەت ئازادبکرێت، چونکە کەیسەکەی بە سیاسی کراوە.
لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئاراس حسێن کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازداوە و تیایدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە لە زانکۆی دهۆک بڕیاری دەرکردنی بۆ دەرچووە بەهۆی ئەوەی ڕێژەی ئامادەنەبوونی ٢٨٪ەوە ئەمە ڕاست نیە چونکە ئەو تەنیا دوو ڕۆژ ئامادە نەبووە ئەمەش دەکاتە ١٠-١٢٪، ئەو ڕێژەیەش مافی هەموو خوێندکارێکە کە دەتوانێت ئامادەنەبێت.
ئاراس لە بارەی ئامادەنەبوونیشیەوە ڕوونکردەوەیدا و وتی ڕۆژێکیان لەلافاوەکەی ساڵی پار لە دهۆک ماوەی ٤ ڕۆژ ماڵی ئێمە و خانوو و ئۆتۆمبێلەکەمان هەمووی ژێر ئاوکەوتبوو ئیتر چۆن بچم بۆ دەوام و بەوهۆیەوە ڕۆژێکی خوێندنی ماستەرەکەم فەوتا.
هەروەها باسی لەوەکرد، ڕۆژێکی دیکەش کەسێکی نزیکمان بەپەلە بردووەتە تورکیا بۆ چارەسەری نەخۆشی بەڵام لەوێ گیانی لەدەستداوە، ئەم زانکۆیە هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی لەبەرچاو ناگرێت.
وتیشی زانکۆی دهۆک پێیان ووتم کەیسەکەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێناوە، ڕاستی بابەتەکە و کرۆکی هەموو کێشەکانم ئەوەیە من ناکۆکیم هەیە لەگەڵ کادرێکی پارتی لەناو زانکۆی دهۆک و دژایەتی دەکرێم.
لەماوەی ڕابردووشدا لە دادگای دهۆک بەسەرپەرشتیاری پارتی بەهۆی چەندین تۆمەتی ناڕەوا و بێ بنەماوە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی دەستگیرکراون و کەیسەکانیان بەلاڕێدابراون بەڵام لەوەش ترسناکتر ئەوەیە، ئازادی ڕادەربڕین بەشێوەیەک بەرتەسک بکرێتەوە کە تەنانەت دەستببرێت بۆ مافی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆراش کە سامانی مرۆیی وڵاتن و ئومێدی ئەم نیشتیمانەن.