هەواڵ- ڕاپۆرت
میدیا سێبەرەکانی پارتی، سەرقاڵی چین؟
میدیا سێبەرەکانی پارتی، سەرقاڵی چین؟
لەبری چارەسەر کردنی کێشەکان بارگرانیی زیاتر بۆ هاوڵاتییان دروست دەکرێت
لەژێر ناوی جیاجیا و بە داهاتی خەیاڵی میدیا سێبەرەکان سەرقاڵی چین؟
لە غیابی لێپرسینەوە و راگرتنیان داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت لێیان دوور بکەونەوە
لە جیهان هەرکات میدیا کەوتە قەیران حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار هەڵدەستێت بە ڕێکخستنەوە و سەرپەرشتی کردنی کارەکان تاوەکو کاریگەری لاوەکی نەرێنی نەکاتە سەر کۆمەڵگە و خێزانەکان و
مەترسییەکانی لە سنورێک رابگیرێت. بەڵام ئەوەی لە کوردستان بەدی دەکرێت زۆرترین میدیای سێبەر نزیکە لە حزبی باڵا دەست و داهاتی خەیاڵی بۆ داندراوە تاوەکو دژایەتی شار و ناوچەکانی پێبکرێت و باشترین کاریشی هەواڵی ناڕاستی مووچەیە تاوەکو بینەر و لایک و کۆمێنێت بۆ خۆیان زیاد بکەن. کاروان ئەنوەر رۆژنامەنوس و نوسەر بۆ کۆباس وتی، لە بنەڕەتدا کاری میدیا راستکردنەوەی بیرکردنەوەی تاک و
گەیاندنی زانیاری راست و دروست و خزمەتکردنی چینە جیاوازەکانە بەبێ جیاوازی کردن لە نێوان هیچ لایەن و شار و ناوچەیەک بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری میدیاکان لە ژێر ناوی سەربەخۆ هاوکاری مادی زەبەلاح وەردەگرن و وەکو میدیای سێبەر کاردەکەن بوونەتە بارگرانییەک بۆ خەڵک و میدیا گەیشتووەتە ئاستێک ئەگەر توشی قەیران نەبووبێت
لە لێواری قەیرانێکی مەترسیداردایە و ئەوەش زۆکات بووەتە هۆکاری شێواندنی دەروونی تاک و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگە چونکە ئامانج و ستراتیژێکی روونیان نییە بۆ کارەکان و
ئامانجی سەرەکیان بەلاڕێدابردنی پرسەکان و کارکردنە بۆ لێدانی ناوچە و شارێک کە بۆ ئەوەش گرنگە پێداچوونەوەی جدی بە میدیاو کاری میدیایی لە کوردستان بکرێت
تاوەکو مەترسییەکان زیاتر نەبن. بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس ئەوەی دۆخەکەی بۆ خەڵکی کوردستان قورستر کردووە هەرچەند نیگەران و ناڕازی بن لە ئەداو کاری ئەو میدیایانەی
بە پارەی زەبەلاح بەڕێوە دەبرێن و ئامانجیان شێواندنی باری دەروونی تاکە ناتوانن هیچ سکاڵا و بەدواداچوونێک بکەن چونکە زۆریان پشتیوانی دەکرێن و هیچ لێپرسینەوە و سکاڵایەکیش ناتوانێت ئەو کارانەیان پێ رابگرێت
چونکە لە ماوەی رابردوو زۆرکات داواکاری گشتی لە دژی ئەوان هاتووەتە دەنگ بۆ راگرتنیان بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە. عەباس مەحمود رۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی بۆ کۆباس وتی،
ئەوەی دەوترێت لەبارەی نیگەرانی هاوڵاتییان لەکار میدیا و میدیا سێبەرەکان پرسێکی جدییە بەڵام بەهۆی ئەوەی لە رابردوو لە ئێستاشدا
لایەنێکی فەرمییە نییە سکاڵاکانی پێ بگەیەندرێت چارەسەر تەنها کەوتووەتە لای هاوڵاتییان تاوەکو لەو شەڕە دەرونییە دەرباز ببن دەبێت کار بکەن بۆ سڕینەوە و بایکۆتکردنی ئەو کەناڵانەی بە پارەی خەیاڵی و بە نهێنی پشتیوانی دەکرێن بۆ لێدانی ناوچە و شارەکان و دروستکردنی جیاوازی و دووبەرەکی لە هەرێمی کوردستان.