هەواڵ- ڕاپۆرت

تورکیا بەردەوامە لە هێرش و داگیر کارییەکان و بێدەنگی گومانی دروستکردووە!!

29/07/2024

338 جار خوێندراوەتەوە


تورکیا بەردەوامە لە هێرش و داگیر کارییەکان و بێدەنگی گومانی دروستکردووە!!
لە دهۆک دۆخەکە لەدەست دەرچووە و 75% کەوتووەتە ژێر دەستی تورکیا
پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، لە ئەنجومەنی نوێنەران قسەی لەسەر نەکراوە

لە 2007ەوە توركیا دەستی کردووە بە بەزاندنی ئاسمان و زەوی هەرێمی کوردستان و  خاکی عێراق  لە مانگی 12ی 2016ەوە بەتەواوی مەترسییەکان زیاتر بوون  بەهاتنە ناوەوەی لەشکری تورکیا بە درێژی 10 كیلۆمەتر 
بۆ خاكی هەرێمی كوردستان و لەناوچەکانی نزیک دهۆک و  دواتر بۆردومانی دەڤەری برادۆست بە فڕۆكە.  دواتر لە 2020 ئەم هێرشانە زیاتر بوون و  لەمانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ لە رێگەی ناردنی 
هێزەكانی كۆماندۆی توركییەوە بۆ ناوچەی هەفتەنینی دهۆك  سنور بەزاندن چووە قۆناغێكی مەترسیدار و  لەدوای ئەوەش وەکو رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ئاماژەی پێکردووە،  لە مانگی 26 حوزەیرانی 2024 تورکیا  بە 300 تانك و زرێپۆشەوە لەشكری كێشی كردووە و  دواتر لەماوەی 10رۆژ بازگەی لە سنوری پارێزگای دهۆك داناوە و  نزیكەی 1000 سەربازی لە سنوری چیای مەتینا جێگیربوون.  ئەوەی دۆخەکەی بۆ خەڵک قورستر کردووە 
لە چەند شوێنێك سوپای تورکیا بازگەیان داناوە و  رێگەی بە تێپەڕبوونی هیچ كەسێك نادەن  تاوەكو لە ناسنامەی دڵنیا نەبنەوە.  جیا لەوەش 15ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە 
سوپای توركیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێك كردووە و 7 بارەگای  لە سنوری باتیفا لەدهۆك داناوە و  لە سنوری بەرواری باڵا 15 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی هەرێم و یەک هەزار سەربازی هێناوە. 
لەسەر ئەو مەترسییانەش  سەگڤان یوسف ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری  لە ئەنجومەنی نوێنەران کە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتییە  بۆ کۆباس وتی، نە لە لیژنەکەمان نە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران هیچ لەبارەی هاتنی سوپای تورکیا و مەترسییەکان باس نەکراوە و  گفتوگۆکانمان لەسەر کۆمەڵێک پرۆژەی دیکەیە.  سەبارەت بە مەترسییەکانی سوپای تورکیا 
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق  چەندین ئامار ئاشکرا دەکات و  سەرسوڕمانی خۆشی دەردەبڕێت بە بێ دەنگی لەبەرابنەر ئەم مەترسییانە و ئاشکرایکردووە،  لە ناوچە سنورییەکانی دهۆک 602 گوند لە ژێر هەڕەشەدان 
چەندین خوێندنگە خاپوور بوون و  ژمارەیەك زۆری زەوی كشتوكاڵی زیانیان بەركەوتووە و هەموو ئەم پەرەسەندنانەی لە شکرکێشەییەکانیش  پەنجە مۆری داگیركاری پێوە بەدی دەكرێت و  ئەمە پێشێلکارییەکی مەترسیدارە و 
سەروەری عێراق لە ژێر هەرەشەدایە و  پێویستە گەلی عێراق بزانێت  رێککەوتن لە نێوان عێراق و ئەنقەرە یا هەولێر و ئەنقەرە کە  ئەم دۆخەی دروستکردووە  ئەوکات دەبێت شەپۆلی توڕەیی و نارەزایەتییەكان 
رووبەڕووی لایەنی کەمتەرخەم بکەنەوە و  ئەگەر بەوجۆرەش نەبوو، نابێت پەنجەی داگیرکاری  رووبکەینە تورکیا و بە داگیرکاری بزانین؟  خانمی یەکەمی عێراق وتویەتی، 
بێ دەنگی حكومەتی عێراق و هەرێم و  لایەنە سیاسیە دەست بەكڵاو گرتووەكان بەرانبەر هێرشە درۆنییەكان  بۆ سەر هەرێم بەواتای هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە بۆ هێرشەكانە نەك بۆسەر ئۆتۆمبێل بەڵكو بۆ ژوورەوەی  هەموو خەبات كار و سیاسییەكانمان و  نیگەرانە بەوەش رۆژانە چەندین گرتە ڤیدیۆیی پێدەگات  کە زیان دەگەیەندرێت بە گوندەكانی هەرێمی کوردستان و گوندە ئاشورییەكان.  پێشتریش حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە  لە 2018ەوە تاوەکو 2022 توركیا 22 هەزارجار  پێشلی یاسا نێودەوڵەتییەكان و رێككەوتننامەكانی كردووە.  لەماوەی رابردووش حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وتەبێژەکەی  کە ئەوکات جوتیار عادل بوو نیگەرانی خۆی راگەیاند  بەرانبەر زیان گەیاندن بە سروشتی كوردستان و  بڕینەوەی دار لە سنورەکان و ئەوەشی بەکارێکی قبوڵ نەکراو زانیوە.  تورکیا لەبەرانبەر هەموو ئەم لەشکرکێشیانەی  بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان چەندینجار بیاوی بێ بنەماو  پاساو دەهێنێتەوە و لایەنێک تۆمەتبار دەکات  بە مەترسی بۆ سەر خاکەکەی لەکاتێکدا خۆی  بە بەردەوامی لە پیشڕەوی و داگیرکاریدایە و  بە هەزاران جار بۆردومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردووە و  بە سەدان خەڵکی سیڤیلی کردووەتە  ئامانج.  لەلایەکی دیکەوە لە ماوەی رابردوو فەیلەقی وەعد سادق  کە بەشێکن لە مقاوەمەی عێراقی لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی،  "لە عێراق کە وڵاتی ئازادییەکانە بێدەنگییەکی سیاسی و  حکومیی هەیە بەرامبەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا 
لە خاکی هەرێمی کوردستان و داواش لە بەرپرسان لە عێراق و  کوردستان دەکات یان ڕوبەڕووی تورکیا ببنەوە،  یان پۆستەکانیان چۆڵ بکەن بۆ ئەو کەسانەی دەتوانن 
دژی داگیرکاریی تورکیا بوەستنەوە. داواشیکردووە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق دەربکرێت و  باڵیۆزخانەکەشیان لەبەغدا دابخرێت و  کونسوڵخانەکەشیان لە هەولێر دابخەن و  نیشتمانپەروەریتان بسەلمێنن. 
بەپێی ئامارێکی نوێی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بە هاتنە ناوەوەی زیاتر سوپای تورکیا بۆ شاخی گاراو برادۆست نزیکەی 75% پانتایی دهۆک کەوتووەتە ژێر دەستی سوپا تورکیا. جەبار یاوەر پسپۆڕی کاروباری ئەمنی و سەربازی بۆ کۆباس وتی، راگرتنی لەشکرکێشی تورکیا پەیوەستە بە حکومەتی فیدراڵی  چونکە لە رووی هێزەوە حکومەتی هەرێم ئەو توانایەی نییە 
بەرانبەر ئەو لەشکر کێشییە بوەستێت و  جگە لەوەش ناتوانێت لە هیچ شوێنێک شکات بکات  چونکە حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی عێراقدایە  بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بێدەنگی حکومەتی عێراق و  حکومەتی هەرێمە لەبەرانبەر ئەو مەترسییە  بەردەوامانەی تورکیا کە ئەگەر رێککەوتنیش نەبێت  ئەوا بێدەنگی نیشانەی ڕەزامەندییە.  ئاشکراشیکرد، بە دان پێدانی تورکیا 80 بنکە و سەربازگەیان  لە هەرێمی کوردستان هەیە و زیاتر لە 200 کیلۆمەتر 
لە سنور تورکیا و عێراق هێزیان هەیە و  بە قوڵایی 30 تا 40 کیلۆمەتر داخڵی هەرێمی کوردستان بوون  کە لە هەندێک شوێن لەوەش زیاترە و  جگە لەوەش فڕۆکە جەنگییەکان تورکیا و  درۆنەکانیان 300 تا 400 کیلۆمەتر دێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و  بۆدورمان دەکەن کە ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations