هەواڵ- ڕاپۆرت

ئایا لە عێراق رێگە بە بەشوودانی منداڵ دەدرێت؟

30/07/2024

354 جار خوێندراوەتەوە


ئایا لە عێراق رێگە بە بەشوودانی منداڵ دەدرێت؟
پێشنیازە یاسایەک لە عێراق کێشە دروستدەکات 
 پەرلەمانتاران هاتوونەتە دەنگ و داوای رەتکردنەوەی دەکەن 
کێ پێشنیازی کردووە و نیگەرانی بۆ چی دروستبووە؟ 


لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەران  پێشنیازە یاسایەک بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی  لە ئەنجومەنی نوێنەرانی کێشەی دروستکردو  زۆربەی پەرلەمانتاران دژی وەستانەوە و  بەوەش پێشنیازە یاساکە راگیرا  تا ئەوکاتەی رێککەوتنی لەسەر دەکرێت.  ئیمان عەبدولرەزاق ئەندامی لیژنەی یاسایی  لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کۆباس وتی،  یاسای باری کەسێتی زۆر بڕگەو تایبەتمەندی بۆ خێزان تێدایە و  یاساکەش بەپێی شەریعەتی ئیسلام ئامادە کراوە،  بەڵام ئیستا پێشنیازە یاسایەکی نوێ ئامادەکراوە  بە بیانوی ئەوەی ئەم یاسایە بەپێی شەریعەتی ئیسلام نییە و  لەگەڵ ئەوەش ئەوەی دەوترێت خەڵک ئازادبێت  لەوەی لەسەر کام مەزهەب هاوسەرگیری دەکات  لەکاتێکدا ئەمە کێشە دروست دەکات و  رێگە دەدات لەدەرەوەی دادگاکان هاوسەرگیری بکرێت  کە دواتر کێشەیەکیش رووبدات  ناتوانرێت هەق بۆ هیچ لایەیەک وەربگیرێتەوە  چونکە هاوسەرگیرییەکە بنەمای یاسایی نییە. 
ئەوەشی وت، وەکو لیژنەی یاسایی  پێمان وابوو کە کێشە لە ئامادەکردنی یاساکە نییە و  10 پەرلەمانتار پێشنیارەکەیان کردووە  بەڵام تا ئێستا نازانرێت لیژنەی تایبەتمەند بە یاساکە کێیە 
لە لیژنەکان کە ئەوەش کێشەی دروستکردووە.  ئاشکراشیکرد، ئەم پێشنیازە یاسایە بەتەواو دژی ژنان و منداڵانە و کێشە دروستدەکات لە داهاتوو و  دەرگایەک دەکاتەوە کچان لە تەمەنی منداڵی لەدەرەوەی دادگا  هاوسەرگیری بکەن.  ئاشکراشیکرد، بەهۆی ئەو کەموکورتییانەی هەبوو  هەروەها بەهۆی دروستبوونی کێشەلەسەری  بە دەنگی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار  گفتوگۆکردن لەبارەیەوە دواخرا و  خوێندنەوەی یەکەمی بۆ نەکرا. 
بەپێی زانیارییەکانی کۆباس  ئەوەی ئەم یاسایەی مەترسیدارتر کردووە  ئەوەیە کار دەکرێت بۆ زیندووکردنەوەی مەزهەب لە عێراق و  پەکخستنی دامەزراوە یاساییەکان و  هەروەها کێشەی گەورە بۆ ژنان دروستدەکات لەوەی 
هەرکات جیا ببێتەوە زۆربەی مافەکانی کە بەپێی یاساکەی ئێستا هەیە و  پێیدراوە لێی وەردەگیرێتەوە.  سروە محەمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی  ژنان و خێزان و منداڵان لە ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بۆ کۆباس وتی، 
ئەوەی جێگەی سەرنجە بۆ ئەم دۆخەی عێراق  یاسای باری کەسێتی هیچ کەم و کورتییەکی نییە و  زۆر شتی دیکە هەیە کاری لەسەر بکرێت  بەڵام هاتوون کار لەسەر ئەم یاسایە دەکەن 
کە جۆرێک دابەشکاری تێدایە و جگە لەوەش نە لەلایەن سەرۆک کۆمار  نە لەلایەن حکومەت  نە لە لیژنە تایبەتمەندەکان داوای هەموواری یاساکە نەکراوە  بەڵکو 10 پەرلەمانتاری پیاو پیشنیازە یاساکەیان ئامادە کردووە و  ناشزانرێت ناوەڕۆکی یاساکە تایبەتمەندە بەکام لیژنە  تاوەکو کاری تێدا بکات. 


مەترسی خۆشی بەوە خستە روو کە بەپێی یاساکە 
رێگە دەدات کچان لە تەمەنی پێشگەشتن (باڵغ) بوونەوە 
پرۆسەی هاوسەرگیر بکەن کە ئەوەش مەترسیدارە و 
تەمەنێکی منداڵییە و جگە لەوەش زۆربەی پەرلەمانتاران 
پێیان وایە ئەگەر ئەم یاسایە هەموار بکرێت 
دەبێت دادوەری تایبەتمەند ئامادەبوونیان هەبێت و 
کەموکورتییەکان دیاری بکەن. 
جەختی لەوەشکردەوە، ئەو بیانوویەی ئێستا هەیە 
لەوەی هەرکەس بەپێی مەزهەبی خۆی هاوسەرگیری بکات 
ئەوە لە دادگاکان جێبەجێ دەکرێت و 
ناکرێت بکرێتە هۆکارێک بۆ هەموواری یاساکە. 


ئەوەی جێگەی باسکردنە لە ئێستا شارەزایانی یاسا پێیان وایە 
ئەگەر هەموواری یاساکە دوا بکەوێت 
بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و 
پەیوەست نابێت بەهەرێمی کوردستانەوە و 
بەپێی دەستور دەتوانرێت لە هەرێمی کوردستان 
یاساکە بەجۆرێکی دیکە هەموار بکرێتەوە و 
کاری پێ بکرێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations