هەواڵ- ڕاپۆرت
ئەو رۆژەی یەکێتی گەڕەکەکانی هەولێری لە کەوتن رزگارکرد
ئەو رۆژەی یەکێتی گەڕەکەکانی هەولێری لە کەوتن رزگارکرد
10 ئاب یەکێتی چۆن داعشی لە گەڕەکەکانی هەولێرەوە گەڕاندەوە و مەخموری ئازادکرد؟
پارتی بۆچی مەخموری چۆڵ کرد و داعش چی لە سوپای بارزان کرد لە شەڕەکەدا؟
10ی ئابی 2014 ئەو ڕۆژەی هێزەکانی دژەتیرۆر و پێشمەرگەی یەکێتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی بوونە فریادڕەسی هەولێر و مەخمورییەکان.
دژە تیرۆری یەکێتی چۆن خەڵکی مەخموری لە جینۆساید رزگارکرد و رووبەڕووی داعش بووەوە؟
کۆباس لەم راپۆرتەدا بەپشتبەستن بە زانیاری ورد و باوەڕپێکراو وردەکاری شەڕی ئازادکردنی مەخمور لەلایەن یەکێتییەوە ئاشکرادەکات.
لەدوای ئەوەی داعش شنگالی داگیردەکات ڕۆژی 6ی ئابی ساڵی 2014 کۆمیتەی یەکێتی لە مەخمور زانیاری دزەپێکراوی پێدەگات کە تیرۆریستانی داعش نیازی هێرشکردنە سەر مەخمورییان هەیە و ئەوانیش دەسەڵاتی پارتی لە سنوورەکە ئاگاداردەکەنەوە بەهۆی ئەوەی لەرۆژهەڵاتی چیای قەرەچوغ لە گوندی گڕاوەوە تا گوندی کوشاف نزیکەی 12 بۆ 15 هەزار پێشمەرگەیان لە سنوورەکە لە چوارچێوەی دوو لیوادا دەبێت، بەڵام لەوەڵامدا پێیان دەڵێن ئێوە تەداخول مەکەن و ئێمە هێزێکمان هەیە کە داعش نەتوانێت تێکی بشکێنێت.
غازی فەیسەڵ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی لە سنوورەکە بە کۆباسی راگەیاند: ئێوارەی 7ی ئاب تیرۆریستانی داعش بەو چەک و ئۆتۆمبێلانەی پارتی لە شەنگال بەجێی هێشتبوو هێرشی کردە سەر مەخمور و لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا دەستی بەسەرداگرت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو هێزەکانی پارتی لەپێش خەڵکی مەخمورەوە هەڵدەهاتن لەکۆی 15 هەزار پێشمەرگە تەنانەت چوار مەخزەن فیشەکیشیان نەتەقاند و پارتی کە هیچ رێگەچارەیەکی نەما سوپای بارزانی رەوانەی مەخمور کرد بۆ ئازادکردنەوەی، بەڵام ئەوانیش چەند کاتژمێرێک خۆیان نەگرت و داعش راوینان.
سەردار مەخموری، قائیمقامی مەخمور بە کۆباسی راگەیاند: دوای ئەوەی پارتی بەتەواوەتی بێهیوا بوو لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی مەخمور و کاتێک داعش گەیشتە گەڕەکەکانی هەولێر خودی مەسعود بارزانی لە 9ی مانگ داوای هاوکاری لە یەکێتی دەکات و هەر رۆژی دواتر بافڵ جەلال تاڵەبانی بەهێزێکی زۆری دژە تیرۆرەوە هاتە هەولێر و لەگەڕەکەکانی هەولێرەوە ڕووبەڕووی داعش بووینەوە.
سەردار مەخموری ئەوەشی راگەیاند: لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا مەخموریشمان ئازادکرد و داعشمان ڕاونا و بافڵ تاڵەبانی کە خۆی سەرپەرشتی راستەخۆی شەڕەکەی دەکرد لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆر سەرکەوتنی راگەیاند.
داستانی 10ی ئاب بە خوێنی دوو شەهیدی دژە تیرۆر تۆمارکرا و دوای شەڕەکە خەڵکی مەخمور لە شاخی قەرەچوغەوە بەدەم هاوارکردن و سوپاسکردنی دژەتیرۆرەوە دابەزینە ناو قەزاکە و شانی پێشمەرگەکانمانیان ماچ دەکرد، بەهۆی ئەوەی بێهیوا ببون لەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان.