هەواڵ- ڕاپۆرت

خۆپیشاندان بکە و مووچە وەربگرە

03/12/2020

1075 جار خوێندراوەتەوە



خۆپیشاندان بکە و مووچە وەربگرە
ئەمە ئەو ناوینشانەیە کە ئێستا لە ناو خەڵک باوە، ئێستا هاووڵاتیان دەڵێن،بابەتەکە پەیوەندی بە نەبوونی بودجە و پارەوە نیە،حکومەت پارەی هەیە،بەڵام وەک مافی خۆمان لە پای دەوام کردنمان مووچەمان پێنادات،هەر کاتێک ناڕەزایمان دەربڕی و خۆپیشاندانمان ئەنجامدا،ئینجا مووچە وەردەگرین،مووچە دابەش کردن ئێستا لە دەستی خۆپیشاندانی خەڵکدایە،نەک حکومەت


زۆر کەس گلەی هەیە،دەڵێن بێ دەنگ بوونی هاووڵاتیانە وای کردووە،هەرێمی کوردستان بەم دۆخە بگات ، کە خۆپیشاندانەکان سەرتاسەری نەبوون و سەرجەم چین و توێژەکان و شار و شارۆچکەکان نەگرێتەوە، کاریگەری گەورەی نابێت،بە تایبەتی ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک،حکومێکی عەسکەرتاریەت سەپێنراوە ، تەنانەت هاووڵاتیان لە سەر کۆمێنت و ناڕەزایەتی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر دەکرێن .

فشارەکانی خۆپیشاندان زۆر هاوکێشەی گۆڕیوە

لە زۆر لە ووڵاتانی جیهان و تەنانەت لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش،خۆپیشاندانەکان کاریگەری گەورەیان هەبوو،سەرۆک وەزیران و چەندین بەرپرسی باڵایان ناچار بە دەست لە کارکێشانەوە کرد ، تاوەکو ئێستا یەک مووچەشیان نەفەوتاوە،کاتێکیش چەند ڕۆژێک مووچەیان دواکەوت،ناڕەزایەتیەکان فراوانتر بوون و حکومەتی عێراقیان ناچار کرد، دوو مووچە بە سەر یەکەوە دابەش بکات،بەڵام مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان،حکومەتی هەرێم زیاد لە ٢٦ مووچەی خواردون و تا ئێستا لە هەرێم خۆپیشاندانێک نەکراوە سەرتاسەری بێت و بەردەوامی هەبێت،هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک هەبووبێت،بۆ ماوەیەک بووە و  کاتێک مووچەیەک دابەش دەکرێت،کۆتای بە خۆپیشاندانەکان دەهێنرێت،لە بەرئەوە خۆپیشاندانەکان ئەنجامی گەورەیان نەبووە.

ئەو کاتانەی خۆپیشاندان سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتەوە،زۆر بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵک دەرکرا

لە ناوەڕاستی مانگی ١٠ی ئەمساڵ،دوای دوو مانگ،مووچە بە لێبڕینی لە ٪١٨ دابەش کرا، ئەو کات بڕیار بوو لەگەڵ دابەش کردنی مووچە بە سەر فەرمانبەرانی بەغدا،مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دابەش بکرێت،لەو کاتەوە حکومەتی عێراقی دوو مووچەی بە سەر فەرمانبەراندا دابەش کرد،بەڵام بۆ ٥٠ ڕۆژە مووچە لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە و هیچ ئاماژەیەکیش نەبوو بۆ دابەش کردنی،بەڵام ڕۆژی ٢\١٢\٢٠٢٠ خۆپیشاندانی بەرفراوان دەستی پێکرد و وێنەکان دۆخی نالەباری و هەژاری خەڵکی خستە ڕوو، هەر کە خۆپیشاندان دەستی پێکرد،سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند لە ڕۆژی ٣\١٢\٢٠٢٠ ەوە دەست دەکەن بە دابەش کردنی مووچە

گومانی بوونی پارە و دابەش نەکردنی بۆ مووچەی هاووڵاتیان،تەنها لای فەرمانبەران نیە،عومەر گوڵپی،ئەندام پەرلەمانی کوردستان،بە دیجتاڵ میدیای کۆباسی گووت"حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت،بە بێ لێبرین و بێ قەرز کردن و بێ ئەوەی چاوەڕێی بەغدا بکات،مووچە دابەش بکات"
ئەو ئەندام پەرلەمانەی فراکسیۆنی کۆمەڵ،زیاتر ڕوون کردنەوە دەدات " حکوەت لە ساڵی ٢٠٢٠،  ٧ مانگ مووچەی دابەش کردووە بە لێبڕینەوە، ٣ مانگی ساڵی ٢٠١٩ و ٤ مانگی ئەمساڵ، بەڵام داهاتی ١١ مانگی لە بەردەستە،بە پێی داتاکانی خۆیان بێت، داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان،٣٩٠ ملیار دینارە،کەواتە ئێستا وەزارەتی دارایی،زیاد لە ١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری لە بەردەستە و لە مووچەی مانگێکی مووچە خۆران زۆر زیاترە"

ئەو کاتەی خۆپیشاندانەکان سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتەوە،دەسکەوتی خۆپیشاندەران زیاتر بوو

لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ساڵی ٢٠١٨،حکومەتی هەرێم،٥ مانگ مووچەی بە مووچەخۆران نەدا و ٢٣ مانگیش چارەکە مووچەی پێدەدان،بەڵام کاتێک خۆپیشاندانەکان فراوان کران و هەولێر و دهۆکیشی گرتەوە،حکومەت هاتە سەر هێڵ و بڕی مووچەی پاشەکەوتی کەمکردەوە بۆ نیوە و هەموو مانگێک لە کاتی خۆیدا موچەی دابەش دەکرد.

هەندێک جار هەندێک لە سەرکردەکان،وێنا و وەڵامی خراپ و توندیان بۆ خۆپیشاندەرەکان هەیە و  کاردانەوەی سەیریان هەیە،بۆ نموونە مەسعود بارزانی ،سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان،لە وەڵامی خۆپیشاندەران گووتی،با بۆ خۆیان هەڵپەڕن.

بەڵام زۆر لە سەرکردەکان دان بە کاریگەری خۆپیشاندانەکاندا دەنێنن،ئەبوبەکر هەڵەدنی،ئەندام پەرلەمانی کوردستان،بە دیجیتاڵ میدیای کۆباسی گووت" هەڵوێستی پەرلامانتارانی ناڕازی و خۆپیشاندانەکان و ناڕازیەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵاتیەکان، هەمووی پێکەوە ڕۆڵی هەبوو لە ناچار کردنی حکومەت کە دەست بکات بە دابەش کردنی مووچە"هەڵەدنی ڕاشیگەیاند"هیوادارم خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن و سەقفی داواکاریەکانیان بەرز بکرێتەوە ،بۆ باشتر کردنی هەموو کایەکانی ژیان"

no
KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations