هەواڵ- ڕاپۆرت

عاشقەکەی ئوم کەلسوم

05/12/2020

1499 جار خوێندراوەتەوە



                                                                                 هۆکار بووە بۆ ناوبانگی ئوم کەلسوم

خۆشەویستیەکی یەکلایەنەی بۆ هەسارەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە

ئوم کەلسوم بە خۆشەویستیەکەی ڕازی نەبووە،بەڵام قەسەبجی دەست بەرداری نابێت و ٤٣ ساڵ ئاوازدانەر و میوزیک ژەنی بووە،تاوەکو ڕۆژی مردنی

محەمەد قەسەبجی، لەساڵی  ١٨٩٢لەقاهیرە لەدایک بووە، پەیمانگای مامۆستایانی تەواوکردووە
باوکی پێی خۆش بوە لایەنی ئاینی هەڵبژێرێ، بەڵام ئەم حەزی لە کاری هونەری بووە

سەرەتا کاری مامۆستایی کردووە،دواتر وازی لە مامۆستای هێناوە و ڕووی لە میوزیک کردووە
یەکەم ئاوازی بۆ گۆرانی هیچ پادشایەکم لە دڵدا نیە جگە لە تۆ،بۆ گۆرانیبێژ  زەکیە موراد بووە

لە ساڵی ١٩٢٣ بۆ یەکەم جار، گوێی لە دەنگی ئوم کەلسوم دەبێت،کە سرودی بۆ ستایشی پیغەمبەر دەگووت

سەرەتا عاشقی دەنگی دەبێت و بڕیار دەدات ببێتە ئاواز دانەری
 لە ساڵی ١٩٢٤، یەکەم ئاواز بۆ ئوم کەلسوم دادەنێت، گۆرانی،سوێندی خواردووە قسەم لەگەڵ نەکات

دەبێتە دەستپێکێکی کاری تەمەن و عەشقێکی نادیار و بێدەنگ

تاوەکو ساڵی ١٩٤٧،زیاد لە ٧٢ ئاوازی بۆ گۆرانیەکانی ئوم کەلسوم داناوە
لە ساڵی ١٩٢٧، قەسەبجی تیپێکی میوزیکی تایبەت بە خۆی دامەزراند و بوونە هۆکارێکی سەرەکی بۆ زیاتر بەناوبانگ بوونی ئوم کەلسوم
قەسەبجی بە سەرکردەی نوێگەری دادەنرێت لە میوزیکی میسری و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، تەنانەت هەندێک لە ڕەخنەگرانیش دەڵێن لە پێش زۆر لە ئاوازدانەرە بە ناوبانگەکانی ئەو کات،سەید دەرویش و عبدولوەهاب بووە


سەرەتای دەرکەوتنی عەشقی قەسەبجی بۆ ئوم کەلسوم،ئەو کاتە دەبێت کە ئاواز بۆ گۆرانی خۆشم دەوێیت و تۆ بێ ئاگایت دادەنێت

دواتر ئوم کەلسوم دەست دەکات بە ڕەتکردنەوەی ئاوازەکانی و ئاوازی هونەرمەندەکانی دیکە هەڵدەبژێرێت،محەمەد قەسەبجی زیاتر پەرێشان دەبێت و عەشقەکەی تیادا دەردەکەوێت،کاتێک پرسیار لە ئوم کەلسوم دەکەن دەربارەی عەشقەکەی قەسەبجی،دەڵێت " پەیوەندی نێوانمان پەیوەندیەکی کارە و هیچی دیکە،نابێت لەوەش زیاتر سنور ببڕێت    "

ئەم گووتانە ئازارێکی گەورە دەبن بۆ قەسەبجی،بەڵام بێدەنگ دەبێت و هیچ کاردانەوەیەکی نابێت،بە پێچەوانەوە دەیەوێت هەر لە نزیک ئوم کەلسومەوە بمێنێتەوە،کە ئاوازەکانی ڕەت دەکاتەوە،واز لە ئاواز دانان دەهێنێت و دەست دەکات بە ژەنینی عود لە تیپی میوزیکیەکەی و لە پشت ئوم کەلسوم دەبێت
.
خۆشەویستیەکەی هەر بە بێدەنگی دەمێنێتەوە،بەڵام کاتێک ئوم کەلسوم نەخۆش دەکەوێت و دەچێتە دەرەوەی میسر بۆ وەرگرتنی چارەسەر،قەسەبجی بەردەوام نامەی بۆ دەنێرێت،لە نامەکانیدا،  سۆزێکی گەورەی تیادا دەبێت و هەموو لایەک لە خۆشەویستی قەسەبجی بۆ ئوم کەلسوم دڵنیا دەبن،لە بەشێک لە نامەکەیدا دەڵێت
 " خۆشەویستم.....
داواکارم دڵنیام بکەیتەوە لە باری تەندروستی و دەرونیت و هەست کردنت بە چاک بونەوەت،بۆ ئەوەی دڵنیابم،تۆ لای من، لە گیانی خۆم گرانبەهاتری    "

بەڵام دیسان ئوم کەلسوم خۆشەویستیەکەی قەسەبجی پشتگوێدەخات و لەگەڵ میوزیسیان،محەمەد شەریف،هاوسەرگیری دەکات

ڕەخنەگر و ڕۆژنامەنوسی میسری،تارق شناوی،لە کتێبی ٠من و ئازار و ئوم کەلسوم ٠ دەڵیت" قەسەبجی کە هەواڵی هاوسەرگیریەکەی بیست،ڕۆشتە سەر ماڵی ئوم کەلسوم و چەقۆی خستە سەر گەردنی محەمەد شەریف و فشاری لێکرد ئەو هاوسەرگیریە کۆتای پێبهێنێت،بەڵام شاژنی گۆرانی عەرەبی، توڕە بوونەکەی بە دڵێکی لێبوردەوە لە عاشقەکەی وەرگرت"

لە دوا ساتەکەنی تەمەنی،تەنها لەگەڵ ئوم کەلسوم کار دەکات و ڕەتی دەکاتەوە کار بۆ هیچ هونەرمەندێکی دیکە بکات،تاوەکو ڕۆژی ماڵئاوای کردنی ئەم عاشقە دێوانە هەر لەگەڵی دەبێت و لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا،لە ساڵی ١٩٦٦ کۆچی دوایی دەکات،لە دوای خۆی کۆمەڵێک ئاوازی باش و نمونەیەکی جوانی خۆشەویستی پێشکەش کرد،لەگەڵ پشتگوێ خستنی عاشقەکەی،بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە قوربانیەکەی وەک عاشقێک
وەک وەفایەک بۆ قەسەبجی،ئوم کەلسوم شوێنی کورسیەکەی لە پشتیەوە بە بەتاڵی بەجێدەهێڵێت.

ئوم کەلسوم،٤ جار هاوسەرگیری کردووە،بە هەمان شێوەی قەسەبجی،شاعیرەکەشی ،ئەحمەد ڕامی،عاشقی ئوم کەلسوم بوو،بەڵام وەڵامدانەوەی بۆ ئەویش نەبووە،لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت" ئەزانم ڕامی عاشقمە،کۆمەڵێک شیعر و قەسیدەی بۆ نوسیوم هیچ شاعیرێکی کۆنیش وای نەکردووە،بەڵام ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم،ئاگری ئەو شیعرانە لە ناخیدا دەکوژێتەوە   "

no
KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations