هەواڵ- زانست

رۆژنامەڤانێکی بەریتانی بە چوار کاژێر یەک ملیۆن فۆڵۆوەر لە ئینستاگرام کۆدەکاتەوە

06/10/2020

559 جار خوێندراوەتەوە


رۆژنامەڤان و پێشکێشکارێکی بەریتانی بە کۆکردنەوەی زۆرترین فۆڵۆوەر لە ئینستاگرام لە ماوەیەکی کەمدا، ناوی دەچێتە کتێبی گینسەوە و لە ماوەی چوار کاژێر و 44 خولەکدا ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی ملیۆنێک تێدەپەڕێنێت. 

دەیڤد ئەتێنبۆرۆو، کەسێکی سرووشتگەرایە، تەمەنی 94 ساڵانە و لە یەکەم ڤیدیۆی کە لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام پۆستی کردووە باسی ئەوە دەکات، ئەو هەنگاوەی بۆیە ناوە، چونکە جیهان لە "مەترسیدایە.. کیشوەرەکان گڕیان تێبەربووە، سەهۆڵبەندانەکان دەتوێنەوە، گیانەوەرە ئاوییەکان دەمرن، ماسییەکان لە دەریاکانمان دیارنامێنن و چەندان شتی دیکە".

ئەو ڤیدیۆیەی تاوەکو ئێستا یەکەم پۆستییەتی لە، تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام کە لەلایەن فەیسبووکەوە خاوەندارێتی دەکرێت، لە ماوەی شەش کاژێردا 200 هەزار کۆمێنتی بۆ نووسراوە. 

دەیڤد لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی بی بی سی بەریتانی کاریکردووە، دەڵێت، هەرچەندە نوێیە لە دەرکەوتنی لە سۆشیاڵمیدیا، بەڵام لەو رێگەیەوە دەیەوێت، ئاستی هۆشیاریی خەڵک لەبارەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا بەرزبکاتەوە. دەشڵێت لە چەند هەفتەی داهاتوو بە فۆڵۆوەرەکانی دەڵێت، کە کێشەکە چییە و "چی بکەن لەوبارەیەوە" بۆ چارەسەرکردنی. 

بەو ریکۆردە، دەیڤد ریکۆردی جێنیفەر ئەنیستۆن، ئەکتەری ئەمریکی تێپەڕاند کە ساڵی رابردوو بە پێنج کاژێر و 16 خولەک ملیۆنێک بەکارهێنەری ئینستاگرام فۆڵۆویان کرد. 

ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی دەیڤید لە 24 کاژێردا گەیشتە دوو ملیۆن و 500 هەزار، تاوەکو شەوی هەینیش، ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی زیاتر لە سێ ملیۆن و 200 هەزار کەسن. 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations