هەواڵ- لایف ستایڵ

تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەدرێتە پاڵ تیمەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگۆ

06/10/2020

608 جار خوێندراوەتەوە


رێکخراوی (The New Humanitarian) لە ماڵپەڕی خۆیدا راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باس لەوەدەکات لەو ماوەیەی ئیبۆلا لە کۆنگۆ سەریهەڵدا تیمەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوی نێودەوڵەتییەکانی دیکە لەوێ دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر خانمانی وڵاتە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئێستا کە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆرۆنایە، تۆمەتی دەستدرێژی کردنە سەر خانمانی کۆنگۆ دەدرێتە پاڵ کارمەندانی و تەندروستی جیهانی دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن.

لە راپۆرتەکەدا بەشێک لە خانمانی وڵاتەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵکراوە و ئەوە ئاشکرا کراوە کە لە هەر 51 خانم کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، 30 خانم لەلایەن کارمەندانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە لەوێ دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە، ئەم کارە بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە و لێکۆلینەوەی تەواو لەم بابەتە دەکەن، هەر کەسێک ئەم کارەی کردبێت بە توندترین شێوە دەبێت سزابدرێت.

ئەو خانمانەی لە راپۆرتەکەدا قسەیان کردووە دەشڵێن، ئەوانەی دەستدرێژی سێکسیان کردوونەتەسەر تەنیا کارمەندانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی نەبوون بەڵکو لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە و تەنانەت کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی کۆنگۆش بوون.

بەشێک لەو خانمانانە کە ناو و زانیاریان لە راپۆرتەکەدا بە پارێزراوی ماوەتەوە دەڵێن، ئەوان لەبەرامبەر ئەوەی کارمان پێبدەن سێکسیان لەگەڵ کردووین، تەنانەت خانمێک کە داوای کردووە ناوی دەرنەچێت دەڵێت، " سێکسکردن ئێستا بووەتە پاسپۆرتی پەیداکردنی کار".

هەرچەند لە راپۆرتەکەدا باس لەوەنەکراوە ئەو پیاوانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئەو خانمانە خەڵکی چ وڵاتێکن بەڵام ئاماژە بە بەلجیکا، فەرەنسا، کەنەدا، بورکینافاسۆ، گوێینا و ئیڤۆری کۆست کراوە.

بەشێکی خانمان لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە سێکسییانە تووشی نەخۆشی دەروونی بوون و لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی دەروونییەوە چارەسەر وەردەگرن، تەنانەت بەشێکیان دووگیانیش بوون، دەشڵێن لە ترسیان لە دەرکردنیان لەکارەکانیان و شەرم بێدەنگ بوون.

لە ساڵی 2018 کە ئیبۆلا لە کۆنگۆ سەریهەڵدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە تیمەکانی خۆی ناردە وڵاتەکە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations