هەواڵ- لایف ستایڵ

توێژینەوەیەک: کەمخەوی فاکتەرێکی بەهێزە بۆ قەڵەوبوون

06/10/2020

709 جار خوێندراوەتەوە


توێژینەوەیەکی نوێ پەیوەندی نێوان کەمخەوی و قەڵەوبوون ئاشکرا دەکات و دەڵێت کەمخەوی هۆکارێکی بەهێزی زیادبوونی کێشی جەستەیە.

توێژینەوەکە لە جۆرناڵی جاما بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە ئەوانەی شەوان کەمدەخەون، زیاتر لەبارن بۆ قەڵەوبوون و سەرەنجام تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

پزیشکانی توێژینەوەکە بەدواداچوویان بۆ 120 هەزار کەس کردووە بۆ ماوەی دووساڵ و دەڵێن، بۆیان دەرکەوتووە ئەوانەی قەڵەون واتە هاوکۆڵکەی بارستایی جەستەیان زیاتربووە لە 30، گرفتی کەمخەویان زیاتر هەبووە.

هەرچەندە ئەمە یەکەم توێژینەوە نییە کە باس لە پەیوەندی نێوان کەمخەوی و قەڵەوی بکات، بەڵام ئەمجارە پزیشکان سوودیان لە تەکنەلۆژیا وەرگرتووە، کە ئەویش دەستبەندێکی زیرەکە کە هەموو داتاکانی بەشداربووانی تۆمارکردووە، بەتایبەت کات و کاژێرەکانی خەوتنیان، بۆیە داتاکانی ئەم توێژینەوەیە وردتر و دروستترن.

د. رافائێل پێلاریۆ، پسپۆڕی تایبەتمەندی خەوتن لە کالیفۆرنیا دەڵێت، بەشێوەیەکی گشتی کەسێک دەبێت حەوت کاژێر بخەوێت، هەرچەندە پێویستی مرۆڤ بۆ خەو بەگوێرەی تەمەنەکەی دەگۆڕدرێت.

پزیشکە پسپۆڕە تایبەتمەندەکەی خەوتن روونیدەکاتەوە، ئەوانەی گەنجن حەوت بۆ هەشت کاژێر پێویستە بخەون، بۆ نەوجەوانان نۆ کاژێر و بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو 16-20 کاژێر خەوتن پێویستە.

د. رافائێل دەشڵێت، خەوی تەندروست ئەوەیە هەموو شەوێک لە کاتی دیاریکراودا بەخەویت و بەیانیانیش لەکاتێکی دیاریکراودا هەڵبستیت، بۆ نموونە هەموو رۆژێک کاژێر 10ی شەو بخەویت و 7ی بەیانی هەڵبستیت، نەک رۆژێک 10ی شەو بخەویت و 7ی بەیانی هەڵبستیت، رۆژەکەی دوای ئەوە 11ی شەو بخەویت و لە کاتێکی دیکەدا هەڵبستیت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations