هەواڵ- تەندروستی

ئایا کیتۆ دایت بۆ منداڵان گونجاوە؟

03/02/2021

1004 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس 

زۆربەی پسپۆڕانی خۆراک و ناوەندە تەندروستی و ئەکادیمییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە کیتۆ دایت بۆ مناڵان و مێردمناڵان نابێت، چونکە منداڵان بۆ گەشەکردن و تەندروستیی باش پێویستییان بە بڕێکی زۆر لە کاربۆهێدرات هەیە، کە زۆر زیاترە لەو بڕەی کە لە کێتۆدایت ڕێگەپێدراوە.
د. کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بەوەکرد، پێداویستیی ڕۆژانەی منداڵان لە کاربۆهیدرات بریتیە لە: 
- 1 - 3 ساڵ: 110-159 گرام
- 4 - 8 ساڵ: 130-220 گرام
- 9 - 14 ساڵ: 170- 280 گرام
- 14 - 18 ساڵ: 220 - 300 گرام
د. کامەران ڕاشیگەیاند، لەو منداڵانەی کە نەخۆشیی پەرکەمیان هەیە و بە دەرمان کۆنتڕۆڵ ناکرێت، پزیشکان بۆ ماوەیەکی دیارکراو و لەژێر سەرپەرشتیی ورد و بەردەوام ؛ دەیانخەنە سەر کیتۆ دایت وەک چارەسەر. سەرەتا لە نەخۆشخانە دەمێننەوە لەژێر چاودێری تیمی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی دەمار و مێشک، پسپۆڕی مناڵان، پسپۆڕی زانستی خۆراک، دەروونناس. هەفتەی یەکەم دەبێت هەموو ڕۆژێ پشکنینی میز و خوێنی بۆ بکرێت، دواتریش هەفتەی جارێک. دەبێت کانزا و ڤیتامینە تەواوکەرە خۆراکییەکانی پێ بدرێت. واتە کیتۆ شتێک نییە دایکوباوکان هەر وا ئاسان لە ماڵەوە بتوانن جێبەجێی بکەن بەسەر منداڵەکانیاندا.
دەباراەی ئەو منداڵانەی قەڵەون وتی:"  ئەم مێردمنداڵانەی کە قەڵەویشن نابێت بخرێنە سەر کیتۆدایت، تەنها لە هەندێ حاڵەتی دیارکراو نەبێت. ئەمەش دیسان پێویستە چەند ڕۆژی سەرەتا بەردەوام لەژێر چاودێریی پزیشکدا بن و زوو زوو پشکنین میز و خوێنیان بۆ بکرێت، و ڤیتامین و کانزا و تەواوکەری خۆراکیان پێ بدرێت".
لە کۆتاییدا وتویەتی:" کە باس لە کاربۆهێدرات دەکرێت، نابێ یەکسەر بیرمان بۆ شیرینی و پاستا و مەعکرۆنە بچێت، بەڵکوو کاربۆهێدراتی باش و ئاڵۆز لە شیر و بەرهەمەکانی، پاقلەمەنییەکان، میوە و سەوزە، دانەوێڵە تەواوەکان وەک ئاردی بۆر و برنجی بۆردا هەیە و پێویستە بدرێت بە منداڵ".


KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations