هەواڵ- تەندروستی

چاوفڕین چیەو هۆکارەکانی چین؟

06/02/2021

1290 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

چاوفڕین، جوڵانەوەی لەخۆوە و دوبارەبوەوەی پێڵوی چاوەو بەزۆری لە پێڵوی سەرەوە دەبێت لەوانەشە لە پێڵوی سەرەوە یان خوارەوە بێت، لە زۆربەی خەڵک تەنها جوڵانەوەیەکی سادەی پێڵوی چاوە.
دکتۆر ئەبوبەكر ظاهر كاوانی پسپۆری نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو لەبارەی چاوفڕینەوە وتی:" ناتوانرێت بزانرێت تا چەند بەردەوام دەبێت. لەوانەیە لە چەند ڕۆژێک بۆ چەند مانگێک بەردەوام بێت، جوڵانەوەیەکی بێ ئازار و بێ زیانە بەڵام لەوانەیە ببێتە هۆی هەراسانبون، زۆربەی جار لەخۆیەوە باش دەبێت و پێویستی بە چارەسەر نییە، بە دەگمەن لەوانەیە نیشانەی نەخۆشی تر بێت".
هۆکارەکانی بەگشتی:
١. پاڵەپەستۆی دەروونی
٢. ماندووبوونی چاو و پێلوەکان.
٣. کەمخەوی.
٤. ماندووبوونی جەستەیی.
٥. زیانی لاوەکی هەندێک دەرمان.
٦. زۆر خواردنەوەی ئەو شلانەی کە مادەی کافایینیان تێدایە وەک چای و قاوە.
٧. وشکی چاو.

لەو بارانەی خوارەوە پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت چونکە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ نەخۆشی تر:
١. چاوەکان سوورببنەوەو ئەستوور بن و ڕیپۆق بکەن.
٢. داکەتنی پێلوی سەرەوە.
٣. داخرانی تەواوی چاو.
٤. حالەتەکە بۆ چەند حەفتەیەک بەردەوام بێت.
٥. حالەتەکە جگە لە پێلوەکان لەبەشەکانی دیکەی ڕوخسار ڕووبدات.

چارەسەر:
زۆربەی جار لە خۆیەوە دوای چەند ڕۆژێک نامێنێت.
لەبەر ئەوەی زۆربەی جار هۆکارەکەی پاڵەپەستۆی دەروونی و ماندووبوون و کافاینە، ئەگەر بکرێت خۆتیان لێ دوور بخەیتەوە باشترە.
ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ باشبوون:
١. کەمتر چای و قاوە بخۆرەوە.
٢. خەوت ڕێک بخە.
٣. قەترەی فرمێسکی دەستکرد بەکاربێنە.
٤. پەڕۆ یان کلینیکس گەرم بکە و لەسەر چاوت دابنی لەکاتی دەستپێکردنی حالەتەکە.
ئەگەر بارەکە زۆر توند بێت دەبێت چارەسەری تر بەکاربێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations