هەواڵ- کوردستان

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبێتە 45 رۆژ جارێك؟

11/02/2024

115 جار خوێندراوەتەوە


كۆباس بەدواداچوون لەبارەی كەمكردنەوەی مووچە و دەستپێكردنەوە پاشەكەوت دەكات 
لە ئێستادا دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە 
بەوەی رەنگە بەغداد بەردەوامبێت لە دروستكردنی كێشە 
بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان 
بەوەش حكومەتی هەرێم توشی كێشەیەكی زۆر دەبێتەوە 
بۆ دابەشكردنی مووچە. 
بۆ چارەسەری ئەو دۆخەش 
باس لەوەدەكرێت رەنگە لە هەرێم پاشەكەوتی مووچە دەستپێبكاتەوە 
یا دابەشكردنی مووچە مانگانە دوابخرێت 
بۆ ئەوەش داوادەکرێت 
داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان رێکبخریتەوە 
تاوەکو لە ئەگەری نەناردنی پارە بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکرێت. 
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم 
بۆ كۆباس ئاشكرایكرد، 
داهاتی ناوخۆ هێندە نییە بەشی دابەشکردنی مووچە بکات و 
ئەوی پێی وایە بە داهاتی ناوخۆ دەتوانرێت مووچە دابەشبکرێت 
با بەدواداچوونی جدی بكات و 
ئەوكات بڕیاری لەوجۆرە بدات 
چونكە داهاتی ناوخۆ هێندە نییە بەشی مووچەی فەرمانبەران بكات.
بەپێی لێدوانێكی فازل نەبی 
بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق 
كە میدیاكان بڵاویانكردووەتەوە وتویەتی، 
ئەگەر حكومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان رێكبخاتەوە 
دەتوانێت 45 رۆژ جارێك مووچە دابەش بكات، 
بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەم لێدوانە 
كۆباس چەندین جاری پەیوەندیكرد بە 
فازڵ نەبی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی، 
وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە. 
د. ئەحمەد سەفار، 
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران 
تایبەت بۆ کۆباس وتی، 
ئەوەی باسکراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە 
داهاتی ناوخۆ نزیکەی 320 ملیار دینارە 
بەوەش بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات 
بەڵام ئەوەی دەوترێت لەبارەی نەناردنی پارە لە بەغدادەوە  
بەوجۆرە نییە چونکە حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە و 
ناردنی پارە تاوەکو هەمواری یاسای بودجە بەردەوامی دەبێت. 
بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس 
بۆ ئەم مانگەش بەهۆی هەموار نەکردنەوەی یاسای بودجە 
دەبێت بەغداد بڕیار لەبارەی ناردنی پارەی دیکە بدات 
بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و 
تا ئێستاش لە سەر ئەو پرسە هیچ گفتوگۆ و رێککەوتنێک نەکراوە 
هیچ کاتێکیش بۆ سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد 
دیاری نەکراوە ئەمەش لە زاری 
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم كە بۆ كۆباس ئاشكرایكرد.
لەلایەکی دیکەوە خەلیل غازی، 
ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق 
لە فراكسیۆنی پارتی بۆ کۆباس ڕایگەیاند، 
ئەوەی دەوترێت بێ ئومێدبوون هەیە لە بەغدا دوورە لە راستییەوە 
هیچ کێشەیەک نییە بۆ ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم 
تاوەکو هەمواری یاسای بودجە و 
هەر یاساکەش هەموار کرایەوە 
ئەوکات کێشەی مووچە چارەسەر دەکرێت و 
هیچ کێشەیەک نامێنێت 
بەوەش بێ ئومێد نین لە بەغداد و پێمان وایە کێشەی مووچە چارەسەر کراوە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations