هەواڵ- کوردستان

ئەو پیاوەى هەموان نۆکاوەکەى دەستیان خواردووە..

12/02/2024

122 جار خوێندراوەتەوە



پیاوێکى دەستاوخۆش و قسەخۆش، هەرکەسێک یەکجار نۆکاوەکەى تاقى بکردایەتەوە، ئەستەم بوو سەردانى نەکاتەوە، ئەو لە سلێمانى نۆکاوى دەفرۆشت، کەچى لە بەغداوە خەڵک دەهات نۆکاوەکەى دەخوارد..
ئەو جیا لەوەى نۆکاوەکەى تام و چێژێکى تایبەتى هەبوو، قسەخۆشەکانیشى نۆکاوەکەى خۆشتر کردبوو..

مام فەرەجى نۆکاو پیاوێکى قسەخۆشى شارى سلێمانییە و لە ساڵى 1970 لەدایکبووە و 30 ساڵە نۆکاو دەفرۆشێت و ئەستەمە لە سلێمانى کەسێک نۆکاو بخوات و تامى نۆکاوەکەى مام فەرەجى نەکردبێت.

ئەو لە ساڵى 1994ەوە بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى سلێمانى لە سەرەتاى شەقامى سالم نۆکاو دەفرۆشێت و یەکێکە لە بەناوبانگترین نۆکاو فرۆشەکانى شارى سلێمانى..
مام فەرەج لە سەعات ١٢ى نیوەڕۆوە دەستى دەکرد بە نۆکاو کوڵاندن و لە سەعات چوارەوە نۆکاوەکەى حازردەبوو، ئیدى دەستى دەکرد بە نۆکاو فرۆشتن و تاوەکو یەکى شەو دەمایەوە و رۆژانە سەدان کەس لاى ئەو نانیان دەخوارد..
مام فەرەج جیا لەوەى بە نۆکاوە خۆشەکەى بەناوبانگ بوو، بە قسە خۆشەکانیشى ناوبانگى دەرکردبوو، بە جۆرێک قسەى دەکرد کە چێژى خواردنەکەى خۆشتر دەکرد، بۆ نمونە کە داواى نۆکاوت دەکرد، دەیوت قاپێک نۆکاو بۆ مێزى 57 لە کاتێکدا تەنها دوو مێزى بچوکى هەبوو، یاخود دەیوت قاپێک نۆکاو 40 یۆرۆ دەکات، قەینا هەزار دینارم بدەرێ خوا نەیبڕێ، 

بەم قسانەوە چەندین قسەى دیکەى خۆش، کەشێکى خۆشى بۆ ئەو کەسانە دروستدەکرد کە دەچوونە لاى بۆ نۆکاو خواردن..
ئەوانەى لاى مام فەرەج نۆکاویان دەخوارد، تەنها خەڵکى سلێمانى نەبوون، بەڵکو لە شارەکانى دیکەشەوە خەڵک سەردانیان دەکرد و لەلەغداش ناسرابوو، خۆى دەیوت، مشتەریم هەیە لە بەغداوە بە تایبەت دێت بۆ نۆکاوەکەى من..

مام فەرەج ماوەیکبوو گیرۆدەى نەخۆشى بوو، تواناى فرۆشتنى نۆکى نەمابوو، دواجار دواى 30 ساڵ لە نۆکاو فرۆشتن، ئیدى هیچ کەسێکى دیکە نۆکاوەکەى دەستى ناخوات و شەوى رابردوو بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و گەڕایەوە بۆلاى خوداى گەورە و کەسوکار و نۆکاو و مەنجەل و عەرەبانەکەى بەجێهێشت..


KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations