هەواڵ- کوردستان

چیرۆکى ئەو ژنەى دواى هاوسەرەکەى خۆیشى گیانى لەدەستدا..

12/02/2024

136 جار خوێندراوەتەوە


ئەو رووداوەى ناخى هەموانى هەژاند، مەرگێکى دیکەی بەدواداهات..
دواجار سنوریش چووە لاى هاوسەرەکەى و منداڵەکانیش بێ دایک و باوک مانەوە..
رۆژى ٥ى ئەم مانگە، لەنزیک گوندی سیارە لە رێگەی نێوان زەڕایەن - دەربەندیخان رووداوێکی سەختی هاتووچۆی لەنێوان پیکاپێک و بارهەڵگرێکی گەورەدا روویداوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و شەشی دیکە بە سەختی برینداربوون.
ئەو دوو کەسەى گیانیان لەدەستدا دوو برابوون بە ناوەکانى رێبوار عەلى و عوسمان عەلى، بریندارەکانیش ژن و منداڵبوون و برینەکەیان سەخت بوو..
دواى تێپەڕبوونى هەفتەیەک بەسەر ئەو روداوە دڵتەزێنە، هاوسەرى یەکێک لەو دوو برایەش بەهۆى سەختى برینەکەیەوە گیانى لەدەستدا و ئەویش گەڕایەوە بۆلاى خودا و بەدیدارى هاوسەرەکەى شاددەبێتەوە..
ئەو ژنەى گیانى لەدەستدا ناوى سنور خەلیفەیە، جگە لە خۆى و هاوسەرەکەى و براى هاوسەرەکەى کە گیانیان لەدەستداوە، منداڵەکانیشى لەو روداوەدا برینداربوون و تا ئێستا لە ژێر چاودێریدان.
ئەو خێزانە لە سلێمانییەوە بە مەبەستی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی دەیانویست بچنە دەربەندیخان، بەڵام پێش ئەوەى بگەنە دەربەندیخان، لە رێگاى مەرگ توشى ئەو کارەساتە بوون و کەسیان بە سەلامەتى نەگەڕانەوە..
ئێستا ئەوەى لە ژیاندا ماوەتەوە منداڵەکانى سنورن، بەڵام ژیانێک بەبێ دایک و باوک، ئێستا ئەوان لەناو دوو ئازارى گەورەدا دەژین، لەلایەک ئازارى برینەکەیان و لەلایەک ئازارى بێ دایک و باوکیان و دیار نییە کە ئەو منداڵانەش بە دیدارى دایک و باوکیان شاددەبن..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations