هەواڵ- کوردستان

حەشدی شەعبی دەسەڵاتی عێراق دەگرێتە دەست؟

15/02/2024

115 جار خوێندراوەتەوە


حکومەتێکی قوڵی چەکداری لە عێراق پێکهێنراوە؟                                 
لە 13ی حوزەیرانی 2014دا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق 
لە بانگەوازێكدا داوای جیهادی کیفایەی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش 
دواتر هێزێك پێكهێنراو لەو پەڕی توانای خۆیدا عێراقیان لەو مەترسییانە پاراست 
كە باس دەكران و ئەم هێزانە بوونە حەشدی شەعبی 
ئێستا تەمەنی حەشدی شەعبی لە 10 ساڵ نزیكدەبێتەوە و بەردەوامن لەكار خۆیان و هەڵنەوەشاونەتەوە 
ئەوان وەكو هێزێكی یاسایی كە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان پێدرا كاری خۆیان دەكەن 
بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگەی واشنتۆن بۆ توێژینەوە سیاسیەکان 
ژمارەی راستەقینەی کارمەندو چەکدارانی حەشدی شەعبی 
لە ئێستادا لە عێراق بە 238 هەزار چەکدار دەخەمڵێنرێت 
لەكاتێكدا ئەم ژمارەیەش بۆچوونی زیاتری لەسەرە بەوەی كە رەنگە كەمتربن.

مەحما خەلیل پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 
تایبەت بۆ کۆباس رایگەیاند، 
سەرەتای دروستبوونی گروپی جیهادی کیفایە 
لەسەر بانگەوزای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بوو 
بۆ شەڕکردن دژی داعش و پاراستنی عێراق 
بۆ ئەو قۆناغە گرنگ بوون، 
بەڵام لە ئێستادا کە مەترسییەکان لەسەر عێراق کەمبوونەتەوە 
عێراق بە هێزە ئەمنییەکانی خۆی دەتوانێت دۆخەکە کۆنترۆڵبکات و 
ئەوەی ئێستا بۆ عێراق گرنگە ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی کارگە و شوێنی خزمەتگوزارییە 
تاوەکو هاوڵاتییانی خزمەتی زیاتر بکرێن 
مانەوەی ئەم هێزە چەکدارانە بۆ ئەم قۆناغە گرنگییان نییە و 
رەنگە لە داهاتووش ببنە مەترسی بۆ سەر عێراق و دەسەڵاتییان لە حکومەت زیاتر بێت. 

حەشدی شەعبی جگە لەوەی هێزێكی چەكدارییە 
خاوەن تۆڕێکی بەرفراوانی میدیایین کە باس لەوەدەکرێت خاوەنی نزیکەی 27 کەناڵی ئاسمانین 
وەكو دەوترێت حەشدی شەعبی لە ئێستادا دەوڵەتێکە لە ناو دەوڵەتی عێراقییدا 
دەسەڵاتێکی تەواویان هەیە لە هەندێک ناوچە و بڕیار لەلای خۆیانە دەردەچێت.

غەیاس سورچی شارەزای ئەمنی و چاودێری سیاسی بۆ کۆباس وتی، 
حەشدی شەعبی بە دەنگدانی سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکانی عێراق 
لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان پێدراوە بخرێنە سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق 
ئەوان بەشێوەیەکی یاسایی کار دەکەن و 
کەسیش ناتوانێت لەو دەنگدانە خۆی بەدوور بگرێت، 
باسی لەوەشکرد، لە کاتی مەترسییەکانی داعش لە سەر عێراق 
حەشدی شەعبی عێراقیان پاراست و بۆ ئەوەش قوربانییەکی زۆریانداوە، 
ئەوەشی وت، ئەوەی بووەتە جێگەی نیگەرانی 
بەشێک لەو هێزانە بەناوی گروپی جیا جیا 
کاری نایاسایی دەکەن و 
ئەوەش حکومەتی عێراق نەیشاردووەتەوە و لە بەیاننامەکاندا دانی پێداناوە. 
لەبارەی ئەوەی ئایا حەشدی شەعبی دەسەڵاتی تەواوی وەگرتووە و
بووەتە خاوەن دەوڵەتێکی قوڵ لە حکومەتی ئێستای عێراق؟ 
غەیاس سورچی شارەزای ئەمنی و چاودێری سیاسی 
بۆ کۆباس ئاشکراشیکرد، 
زۆربەی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی ئێستای عێراقن 
بەوەش حەشدی شەعبی دەسەڵاتی تەواویان لە عێراق هەیە و بوونەتە باڵاترین دەسەڵاتیش. 

حەشدی شەعبی لە 70 گروپی جیاواز پێکهاتوون و 
هەندێکیان پێشتر رێکخراوی سەربەخۆبوون و لە چالاکیدا بوون، 
هەندێکی دیکەیان دوای فەتواکەی عەلی سیستانی لە ساڵی 2014دا دروست بوون.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations