هەواڵ- کوردستان

بافڵ تاڵەبانی لە میونشنەوە باس لە هەستیاری دۆخەکە دەکات

17/02/2024

141 جار خوێندراوەتەوە


بافڵ تاڵەبانی لە میونشنەوە باس لە هەستیاری دۆخەکە دەکات
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریكردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ دەیڤد میلیباند، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی رزگارکردن و بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاوڕوونیدا و رایگەیاند، ناوچەكە بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستی بە دیالۆگ و هەنگاوی بەرپرسیارانە هەیە، هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بۆ رێگریكردنە لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێكان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدرێژەی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردە، نێردەی وڵاتان و کەسایەتییە سیاسییەکان لە پەراوێزی بەشداریكردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ سیناتۆر جۆ لیبرمان، سیناتۆری پێشووی ئەمریکا، هاوسۆزی گەلی کورد و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان و پرسی کورد لە ناوچەکە کرا و جەخت لە پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەش و نیشتمانییەكان كرایەوە لەنێوان وڵاتانی ناوچەكە.
سەرۆک بافڵ درێژەدان بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆک مام جەلالی دووپاتكردەوە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و وتی، هەوڵی ئێمە بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر و سەقامگیرترە، دیالۆگ و گفتوگۆی بونیادنەرانەش فاكتەری بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەیە.
لەبەرامبەردا سیناتۆر جۆ لیبرمان رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لەبونیادنانی عیراقی نوێ و ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە بەرز نرخاند، هەروەها ستایشی رۆڵی سەرۆک بافڵی کرد كە سیاسەتێكی تەندروست و هاوسەنگ پەیڕەو دەكات و وتی، هەنگاوەكانتان مایەی خۆشحاڵیی ئێمەیە و بەدڵنیاییەوە عیراق و هەرێمی كوردستانیش پێویستی بەو سیاسەتەیە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations