هەواڵ- کوردستان

ئەو پیاوەى گوێدرێژى بە ئۆتۆمبێلەکەى رادەکێشا کارەساتى سەرهات..

20/02/2024

204 جار خوێندراوەتەوە


ئەو پیاوەى گوێدرێژى بە ئۆتۆمبێلەکەى  رادەکێشا کارەساتى سەرهات..
ئەو گوێدرێژە بەهۆى کارى ئەو پیاوەوە ئازارى چەشت، بەڵام دواتر ئۆتۆمبێلەکەى هەلا هەلا بوو..
پیرە ئۆپڵ توشى روداوێک بوو پارچەى ساغى نەمایەوە..
چیرۆکى ئۆپڵ و گوێدرێژەکە هەموانى شۆک کردووە..

ماوەیەک پێش ئێستا لە قەزای شێخان کەسێک گوێدرێژێکی بەئۆتۆمبێلەکەیەوە بەستبووەوەو رایدەکێشا، گوێدرێژەکە ئازارێکى زۆرى بەو کارە چەشت، بەڵام شۆفێرەکە هەربەردەوام بوو لەسەر راکێشانى. ڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و هەموان شۆک بوون بە مامەڵەى ئەو شۆفێرە لەگەڵ ئەو گوێدرێژە بەستەزمانەدا.. پۆلیس بەدواداچوونى بۆ بابەتەکە کرد و کابراى شۆفێرى بانگکرد بۆ لێپیچینەوە، ئەو وتبووى، گوێدرێژەکە دار زەیتوونی ماڵەکەمانی خواردبوو بۆیە وایلێکردووە.
پۆلیسى هاتوچۆ دەستى بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرت و شۆفێرەکەش سزا درا، بەڵام دواتر بەفەرمانی دادوەر ئازادکرا و ئۆتۆمبێلەکەشى پێدرایەوە..
ئۆتۆمبێلەکەى ئەو پیاوە لە جۆرى ئۆپڵ بوو، ٢٠ رۆژ دواى ئەوەى ئەو کارەى بەرامبەر ئەو گوێدرێژە بێ زمانە کرد، رۆژى ١٧ى ئەم مانگە پیاوەکە لە گوندی حەسەنی لە رێگای بەردەڕەش بۆ دهۆک ئۆتۆمبێلەکەی راگرتبوو، لە پڕ بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە ئۆتۆمبێلەکەی ئەو پێنج ئۆتۆمبێلی تردا، لە دیمەکان دەردەکەوێت ئۆپڵی گوێدرێژ راکێشەر هەلا هەلا بووەو کەڵکی بەکارهێنانی نەماوە، بەڵام شۆفێرەکە سەلامەتە..
سەرەتا گومان هەبوو کە ئەو ئۆپڵە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلە بێت کە گوێدرێژەکەى رادەکێشا، بەڵام هاتوچۆى قەزاى شێخان گومانەکان رەواندەوە و دەڵێت، ”بەڵێ ئەو ئۆتۆمبێلەی کەوتە ژێر بارهەڵگرەکەوە هەمان ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە گوێدرێژەکەی رادەکێشا”.
ئەو روداوە جارێکى دیکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنى و هاوڵاتیان دەڵێن، خودا تۆڵەى گوێدرێژەکەى لە خاوەنى ئۆپڵەکە کردووەتەوە..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations