هەواڵ- کوردستان

لەكاتی وتارەكەی مەسرور بارزانی لە هەڵەبجە چی بەدیكراوە؟

24/02/2024

181 جار خوێندراوەتەوە


لەكاتی وتارەكەی مەسرور بارزانی لە هەڵەبجە چی بەدیكراوە؟ 
سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆچی خەڵكی هەڵەبجەی بێ ئومێد كردووە؟ 
ئەو داواكارییانەی پێشكەشی سەرۆكی حكومەت كراون چین ؟ 
دوای چوار جار لە هەوڵدان دواجار لە رۆژی 22ی ئەم مانگە 
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم 
بۆ یەکەمجار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد 
هەر لەکاتی سەردانەکەی نیگەرانی لای خەڵکی هەڵەبجە و رۆژنامەنوسان دروستبوو. 
نیگەرانییەكە بەجۆرێكە دەڵێن دوای نزیکەی شەش ساڵ لە دەستبەکاربوونی 
بۆ لەم کاتەدا سەردانی هەڵەبجەی کردووە کە نزیکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە؟ 
دڵنیاین لەوەی تەنها یەک داواکاری بۆ جێبەجێ ناکرێت و ئەم کابینەی حکومەت کۆتایی دێت.

جگە لەدانانی بەردی بناغەی توەقوت مەسرور بارزانی یەکەم تابلۆی ژمارە هەڵەبجەی چاپکرد 
کە ئەوەش سەرنجی لەسەرە و 
هەروەها لەلایەن ئیدارەی پارێزگاكەوە نۆ داواکاری 
ئاراستە کرا کە بە داواکاری هەنوکەیی دیاریکراون.

رزگار حەمە نوری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشکی هەڵەبجە تایبەت بۆ کۆباس وتی، 
سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ هەڵەبجە ئەگەر چی گرنگە و بۆ یەکەمجارە بێتە هەڵەبجە، 
بەڵام نەبووەتە جێگەی ئومێد لەلای هاوڵاتییان 
ئێستا خەڵک چاوکراوەیە کە دوای نزیکەی شەش ساڵ 
بۆ لەم کاتەدا سەردانەکەی ئەنجامداوە 
ئەگەر بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەبێت؟ 
باسی لەوەشکرد، دانانی بەردی بناغەی پردی توەقوت پرۆژەیەکی گرنگە بۆ پارێزگاکە 
بەڵام ئەمە سێیەمین جارە كاری بۆ دەكرێت بڕیاری جێبەجێكردنی دەدرێت لەم كابینەیەدا و 
ئەمجارەش پێمان وایە هاوشێوەی بەڵێنەكانی پێشوو دەبێت و هیچی بۆ ناکرێت. 
ئەوەشی وت، سەرۆكی حكومەت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاکە 
نۆ داواکاری ئاڕاستەکراوە کە ئەوانەش گرنگییان هەیە بۆ پارێزگاکە 
بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو داواکارییانەش پێشتر ژمارەیەکیان بەڵێنی جێبەجێکردنی دراوە و 
جێبەجێ نەکراوان پێی ناچێت ئەمجارەش کاری بۆ بکرێت. 
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پشکی هەڵەبجە 
نیگەرانی خۆشی ئاشکراکرد بەوەی، 
لەم کاتەدا کە دەوترێت قەیرانە و هیچ دەستێکی ئاوەدانی بۆ هەڵەبجە نەبووە 
دەبینین لە پارێزگایەکی دیکە چەندین پرۆژە و پرد و شەقامی نوێ بودجەی زەبەلاحی بۆ دیاری دەکرێت و 
جێبەجێش دەکرێت بەوەش جیاوازی زۆر دەکرێت لەنێوان ناوچەکان. 

لەو داواکارییانەی کە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتیان کرد 
بریتی بوون لە دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست بۆ 1000 کەس، 
قیرتاوکردنی رێگاکانی ناوشاری هەڵەبجە، 
بەقەزاکردنی ناحیەی خورماڵ، 
بەرەسمی کردنەوەی مەرزی سازان، 
چاککردنی رێگەی مەرزی پشتە، 
تەواوکردنی ماستەر پلانی هەڵەبجە، 
کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی، 
دابینکردنی بودجە بۆ پرۆژە راگیراوەکان، 
رەچاوکردنی تایبەتمەندی هەڵەبجە لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان.  

لەلایەکی دیکەوە چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بۆ كۆباس وتی، 
ئەگەر بمانەوێت راستی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ هەڵەبجە ئاشکرا بکەین 
ئەوەیە کە ئەم سەردانە لەم کاتەدا پەیوەستە بە هەڵبژاردن و 
ئومێدمان نییە ببێتە مایەی گەیاندنی دەستی ئاوەدانی بە پاریزگاکە 
رەنگە کێشەش دروست بکات چونکە لە ئێستادا کە دەنگدانی کۆتایی 
بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە 
چۆن تابلۆی ئۆتۆمبێل چاپدەکرێت؟ 

جگە لە بێ ئومێدی خەڵک لە بەڵێنەکانی مەسرور بارزانی،
 نیگەرانیش دروستبووە بەوەی بۆ لە کاتی سەردانەکەی ژمارەیەکی زۆری هێزی ئەمنی بڵاوەی پێکرابوو
هەروەها رێگری لە رۆژنامەنوسانیش کرا روماڵی سەردانەکەی بکەن ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە.   

لەوبارەیەوە عیرفان ئەحمەدی رۆژنامەنوس لە هەڵەبجە دەڵێت: 
"دوای نزیكەی شەش ساڵ له سەرۆکایەتی کابینەی نۆهەم و كۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی 
مەسرور بارزانی سەردانی هەڵەبجەی کرد و ئەم سەردانەش جێی قسەلەسەرکردنە، 
لەوانەش كە خودی خۆی وتی 
لە سەرەتای کابینەوە چەند جارێک هەوڵمانداوە سەردانی هەڵەبجە بکەین بەڵام سەردانەکە ڕێکنەخرا؟ 
ئایا چی و کێ ڕێگر بووە لە سەردانی پایتەختی ئاشتی؟ 
جگە لەوەش زمانی جەستە و تۆنی دەنگی ناوبراو جۆرێک لە سڵەمینەوە و هەست بە بێزاری تێدا بوو.
 هەروەها زیاتر لە هەزارکەس لە هێزی ئەمنی جۆراوجۆر 
پێش سەردانەکە و تاڕۆشتنەوەی لە هەڵەبجە و تەنانەت لە ڕێگای سلێمانیش بوون، 
ئەم هێزە ئەمنیە زۆرە خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، 
جیا لەوانەش ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان کرا بۆ ڕووماڵی لانیکەمی سەردانەکەی.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations