هەواڵ- کوردستان

گۆڕان داواى هەڵوەشاندنەوەى حکومەت دەکات

07/12/2020

3809 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس_


فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "چارەسەرى ئەم دۆخە ئەوەیە ئەم کابینەیە هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئەنجامبدرێت."


لە راگەیەنراوێکدا، فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پشتیوانیی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەران دەکەین و خۆپيشاندانی مەدەنی بە مافێکی سەرەتایی خەڵکی توڕە و بەشخوراوی کوردستان دەزانین بەرامبەر بەو هەمو ناحەقی و غەدر و زوڵمەی دەسەڵات لە هەرێمدا دژی خەڵک و موچەخۆران دەیکات.


ئاماژە بەوەشدەکات، هۆشداریی پێشوەختەی ئێمە بە بریاربەدەستانی گۆڕان بۆ كشانەوەیان لە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکاری هەرێم بێ سود بو، بە پێچەوانەوە دەبینین ئێستا تۆختر رو لە پۆست و دەسەڵاتن، لە جیاتیی روکردنە شەقام دڵخۆشن بە هاوڕیزییان لەگەڵ دو حزبە تەقلیدیەکەی دەسەڵات. بەمەش هێندەیتر لە پرەنسیپەکانی گۆڕان و سەرەتا فکرییەکانیی دور دەکەونەوە، چونکە شوینی راستەقینەی گۆڕان ناو خەڵکە نەک پاشکۆیەتیی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو.


دەقی راگەیەنراوەکە:

فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی شەقامی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بە تایبەتی، لە شاری بەغدا کۆبوەوە و ئەم چەند خاڵەی خوارەوەی راگەیاند:
یەک: پشتیوانیی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەران دەکەین و خۆپيشاندانی مەدەنی بە مافێکی سەرەتایی خەڵکی توڕە و بەشخوراوی کوردستان دەزانین بەرامبەر بەو هەمو ناحەقی و غەدر و زوڵمەی دەسەڵات لە هەرێمدا دژی خەڵک و موچەخۆران دەیکات.
دوو: وەک فراکسێۆنی گۆڕان هەمو رێگا یاسایی و توانا پەرلەمانیەکانمان بۆ پشتیوانیی فەرمانبەرانی هەرێم دەخەینە گەڕ و کار دەکەین بۆ ئەوەی لە یاسای بودجەی ۲٠۲۱ دا موچەی فەرمانبەران بێلایەن بکەین لەو کێشانەی لە نێوان  هەردو دەسەڵاتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە. بەوپەڕی راشکاوییەوە دژی ناشەفافیەتی دەسەڵاتی هەرێم و خەمساردیی حکومەتی فیدراڵ دەوەستینەوە سەبارەت بە دابیننەکردنی موچەی فەرمانبەران.
سێ: هۆشداریی پێشوەختەی ئێمە بە بریاربەدەستانی گۆڕان بۆ كشانەوەیان لە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکاری هەرێم بێ سود بو، بە پێچەوانەوە دەبینین ئێستا تۆختر رو لە پۆست و دەسەڵاتن، لە جیاتیی روکردنە شەقام دڵخۆشن بە هاوڕیزییان لەگەڵ دو حزبە تەقلیدیەکەی دەسەڵات. بەمەش هێندەیتر لە پرەنسیپەکانی گۆڕان و سەرەتا فکرییەکانیی دور دەکەونەوە، چونکە شوینی راستەقینەی گۆڕان ناو خەڵکە نەک پاشکۆیەتیی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو.
چوار: پەنابردن بۆ چارەسەری ئەمنی و پۆلیسی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و لاساییکردنەوەی پارتی لە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی مامۆستا و رۆژنامەنوس و چالاکوانانی مەدەنی و داخستنی دەزگای میدیایی، نەک چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو توڕەیی خەڵک زیاتر دەکات.
پێنج: بە دیدی ئێمە رەوایەتیی تەواو لای شەقامە و شەرعیەت و مەشروعیەت لای دەنگی خەڵکە، ئەوەی ناوی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمە بەهەمو پێوەرێک شکستی خواردوە، چارەسەر ئەوەیە ئەم کابینەیە هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئەنجامبدرێت.

بەغدا
7ی دێسەمبەری 2020

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations