هەواڵ- بیروڕا

میدیای زەلکاو، کارەساتی بەدواوەیە

01/01/2021

881 جار خوێندراوەتەوە


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێش ئەوەی داوای یەکڕیزی و ئاشتەوایی لە پارتە سیاسیەکان و خەڵک بکات، با لە داخستنی کەناڵێکی میدیاوە دەست پێبکات کە زۆر سەرچاوە دەڵێن لای خۆیەوە سپۆنسەری دەکرێت، کەناڵێک هیچ ئەخلاقێکی پیشەی ڕۆژنامەوانیی نەماوە پێشێلی نەکات. کەناڵێک دەست بۆ هەمو شتێک دەبات دژی بەهاو پرانسیپی دیالۆگ و پێکەوە ژیان بێت. لێرەدا مەبەستم سایتی (باس نیوز)ە کە بەیەکێک لە سایتە هەرە ئاست نزمەکانی کوردستان دەناسرێت و یەکێکیشە لە پێگە میدیاکانی نزیک لە سەرۆک حکومەت. لە ڕاستیشدا، هیچ پێناسەیەک بەسەر ئەم سایتەدا ڕاست نابێتەوەو زەحمەتە بخرێتە ناو چوارچێوەی کاری پیشەیی ڕۆژنامەوانییەوە، چونکە نە سەرچاوەی زانیاریەو نە ڕوبەرێکیشە بۆ ڕای گشتی و گۆڕینەوەی بیروڕای جیاواز، ئەم سایتە تەنها بۆ جنێو و تەشهیر و نازڕاندن دروستکراوە.
لەهیچ شوێنێکی دنیادا، مۆدێلی وەک باس نیوز لەناو میدیادا نەماوە، کە ڕۆژنامەنوس تیایدا (عەبدی مەئمور) بێت و لە یەک چرکەدا ئامادەی نوسین جێوو قسەی ناشیرین و مەدح و سەناش بێت. زۆرکەس پێیان وایە با ئەم سایتە شەو و ڕۆژ هەر قسەی نابەجێ و ناشیرین و ناڕەوا بڵاوبکاتەوە، کێ سەردانی دەکات و بابەتەکانی دەخوێنێتەوە؟ بەڵام پرسیاری لەوە گرنگتر ئەوەیە، لەگەڵ ئەوەی وەک میدیای زەلکاو پێناسە دەکرێت، بەڵام مۆدێلی باس نیوز بۆی هەیە ببێتە سەرچاوەی گەورەترین ئاشوبی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەوەمان لەبیر نەچێت کۆشتارو جینۆسایدەکەی ڕواندا، ساڵی ١٩٩٤، ڕادیۆیەکی لاکۆڵان، خۆشکەری ئاگرەکەی بو، ڕادیۆیەک دەستی لە هیچ شتێک نەدەپاراست بۆ هاندان و وروژاندنی هوتوەکان دژی توتسیەکان. دەرەنجامەکەش تراژیدیایەکی مرۆیی گەورە بو نەک تەنها بۆ ڕواندا بەڵکو بۆ هەمو ئەفریقیاو مرۆڤایەتی. 
ئەگەر لەم ڕۆژانەدا بابەت و هێڕشەکانی ئەم سیاتە بۆ سەر هاوسەرۆکی یەکێتی لاهوری شێخ جەنگی بن، ئەوا پێش ماوەیەک هەرچی لە هەمانەکەیدا هەبو دژی چەند پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا هەڵیڕشت، تاکە هۆکاریش ئەوەبو کە ئەوان ڕەخنەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرت. لێرەدا ترس لەوە نیە کە میدیای زەلکات بتوانێت ڕای گشتی بگۆڕێت، بەڵکو لەوەیە کە بتوانێت فیتنەیەکی گەورە بنێتەوەو جارێکی تر کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەردەم شەڕێکی ئەهلییەوە، چونکە ڕیزە دیوارەکەی قەڵادزێ کە هۆکاری شەڕە ئەهلیەکەی ١٩٩٤ بو، ئێستا بوەتە چەندەها ڕیزە دیوارو، لەرێگەی جیهانی ئەنتەرنێت و سۆشیال میدیاوە، دابەشبونە بەسەر هەمو شوێنێکی کوردستاندا. 
بەگشتی کەناڵەکانی میدیا لە کوردستاندا، دەکەوێتە ناو هەڵەی ئەخلاقی پیشەیی و بەهۆی پابەندبون بە ئەجندای سیاسییەوە لە ئەرکی ڕۆژنامەوانیی دور دەکەونەوە، لە هەمو کاتێکیشدا ئیمکانی گفتوگۆو چاککردنیان هەیە. بەلام گرانە مۆدێلی باس نیوز بخرێتە ناو بیرکردنەوەیەکی لەم شێوەیە، چونکە پێگەیەکە تەنها بۆ لێدان و ناوزڕاندن و ناو و ناتۆرەیە. هەر ئەم هۆکارەشە وایکردوە، لە ڕوی کاری پیشەییەوە ناتوانرێت بەرگریشی لێبکرێت و بخرێتە ڕوبەری ئەخلاقی پیشەییەوەو ترسەکەش لێرەوەیە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations