هەواڵ- بیروڕا

چەقۆ وەشێنەکان چییان دەوێت؟

28/02/2021

988 جار خوێندراوەتەوە


مانگێک لەمەوبەر چالاکوانی مەدەنی ھاوڕێ کوردی، لەلایەن  سێ کەس لە شاری ‌ھەولێر رێگری لێکرا و لەگەڵ ئەشکەنجەدانی ھەڕەشەی زمانبڕینیان لێکرد. مۆبایل و جزدانیان لێبرد. دوای ئەشکەنجەدانی ھاوڕێ بە ژمارەیەکی نەناسراو تەلەفۆن بۆ یەکێک لەبراکانی دەکەن و پێی دەڵێن ھاوڕێ سێ گوللەی لێدراوە.

١٦ی شوبات پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی بادینان بەناوی بەدیھێنانی دادپەروەری، لە رێگای دادگای ھەولێرەوە تۆڵەیان لێکرایەوە لەبەرامبەر نووسین و کارە مەدەنییەکانیان کە ناڕەزایی تێدابوو بەرامبەر بە حکومەت و پارتەکانی، ئێستاش دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانی دیکە لە زیندانن یان فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

٢٦ی شوباتیش لە شاری سلێمانی پەرلەمانتار د. غالب محەمەد لە پێش ماڵەکەی خۆی بەر قەچۆدرا و تاوانبار رایکرد. ئەو بەرپرس و حیزبانەی سەرکۆنەیان کرد خۆیان زۆرترین تاوان و پیشێلکاری ئاشکرای رۆژانەیان ھەیە بەرامبەر پەرلەمانتار و رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و ھاووڵاتی خۆپیشاندەر.

سەدان دۆسییە ھەن لە ھەرێمی کوردستان کە رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی و پەرلەمانتار، بەرچەقۆی یاسا یان بەرچەقۆی حیزبەکان و حکومەت و پەرلەمان کەوتوون. لە دۆخێکدا دەتوانین بڵێن لەو دۆسییانەدا تاوانباران بە رەھایی دەربازیان بووە لە سزای یاسایی.

ئەو ھەڕەشە و تاوانانەی لە رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی و پەرلەمانتاران دەکرێن، ئامانجەکەی کۆتاییھێنانی ئەو دەنگانەیە کە راستییەکان دەخەنەڕوو بە شێوازێکی مەدەنیانە. بۆیە پەیامەکە بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستانە و ئەوەی راستی بڵێت لە ھەرێمی کوردستان ژیانی لەمەترسیدایە. تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان (سۆرانی مامە حەمە، عەبدولستار تاھیر شەریف، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن) بەڵگەی ئاشکرای دۆخە پڕ کارەساتەکەن.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations