هەواڵ- بیروڕا

داخستنی "ھەدەپە" ھەڵکشانی فاشیزمی نەتەوەیی مەزھەبی و رۆڵی چەپ لەوێدا

25/03/2021

1269 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

لە سکاڵانامەیەکدا داواکاری گشتیی تورکیا داوای داخستنی ھەدەپە دەکات، ئەو داوایە ئەڵقەیەکی نەپچڕاوە لە زنجیرەیەک ھێرش بۆ ناوچە کوردستانییەکان لە باکورو لە عێراق و سوریا و دەستگیرکردنی ھەزاران کەس لە ئەندام و سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە).

ئەمرۆ پرسی ئازادییەکان بەگشتی لە تورکیا و پرسی کورد بەتایبەتی رووبەرووی دۆخێکی ئێجگار سەخت دەبێتەوە، ئەو دۆخە ھاوکاتە لەگەڵ رووبەروو بونەوەی تورکیا بە قەیرانێکی گەورەی ئابوری و سیاسی، لەناو ئەو قەیرانە گشتگیرییەی دیموکراسی دا لە تورکیا  لە رێگای فیگەرێکی وەک ئەردۆغان رۆژ لەدوای رۆژ فاشیزمی دەوڵەتی تورکی  لە ئاستە دینی و نەتەوەییەکەیدا زیاتر ھەڵدەکشێت، ھەڵکشانی فاشیزمی تورکی دابراونیە لە فاشیزمی خۆرھەڵاتی وقەیران و ژینگەی ئابوری و سیاسی  بەمانا مارکسیستەکەی، ھاوکات بەشێکیشە لە  فاشیزمی ناسیۆنالیستی نەتەوەی سەردەست، لەزۆر لایەنیشەوە خاڵی ھاوبەش و جیاوازیش دەبینین  لەگەڵ فاشیزمی ئەوروپی ساڵانی ١٩٢٠-١٩٣٠.

 ھەرچەندە پرسی داگیرکردنی کوردستان و ناعەدالەتی و قەدەغەکردنی زمان و کلتور و ناسنامەی کورد پرسێکە ریشەیەکی دوورو درێژی لە تورکیاو ئێران و عێراق و سوریا ھەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا رووبەرووی کورد دەبێتەوە بەشێکە لە باڵادەستی دەسەڵاتی دەوڵەتی فاشی "نەتەوەیی و ئاینی ".

کاردانەوەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی ئاماژەی ئەوەن مەترسی سەر ماف و ئازادییەکان لە تورکیا چیتر پرسێکی ناوەخۆیی نییە، ئێستا تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە درەنگەوە خەریکە لەوە تێبگات، بەڵام ھیچ ھەڵوێستێکی کاریگەرییان نییە کە ببێتە فشاری جدی لەسەر دەسەڵاتدارانی تورکیا.

لە ئاستی ناوەخۆی تورکیاش بەرەنگارییەکان لە ھەڵکشاندایە سەرەرای حملەیەکی فروان و توندی داپلۆسین و دەستگیرکردنی ئازادیخوازان کە خەریکە زیندانییەکان پردەبێت لە زیندانی سیاسی و لەسەر ناسنامەی کوردبوون.

 لە کاتێکا کورد "نەورۆز"، وەک جەژنێکی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی پەیرەو دەکات دەرفەتێکی باشە بۆ رووبەروو بونەوەی ناعەدالەتی و ھێرشی فاشیزمی ناسۆنالیستی دەسەڵاتی نەتەوە سەردەستەکان.

 قەدەغەکردنی ھەدەپە وەک سێیەمین گەورەترین حزب لە تورکیا کە نوێنەرایەتی ملیۆنان ھاوڵاتی دەکات، کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر ماف و ئازادییەکان و دۆزی کورد لە تورکیا و شوێنەکانی تریش، ھەرچەندە بە داخستنی ھەدەپە تێکۆشانی چینایەتی ونیشتمانی کۆتایی نایەت، وەک دەمێکە تاقی کراوەتەوە.

ئەو ھێرشەی ئەمرۆ لەسەر "ھەدەپە"یە بەشێکە لە ھێرشێکی گەورەتر لەسەر پرسی ئازادی   و مافەکانی کورد لە تورکیا، ھەوڵی قەدەغەکردنی ھەدەپە، ھەوڵی قەدەغەکردنی ئەو پەراوێزە لە ئازادییە بەدەستھاتووەیە، ھەوڵی تەراجوعپێکردنی پرس و شوناسی کوردە کە ئەمرۆ بۆتە بابەتی سەرەکی ناوچەکە، ھەوڵی فراوانکردنی دەسەڵاتی فاشیزمی نەتەوەیی و تائیفی و گەرانەوەی سەردەمی عوسمانیە، ھەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ھەمووکایەکانی ژیان و وەرگرتنەوەی ئەوەشی کە بە تێکۆشانی ئازادیخوازان بەدەست ھاتووە، داخستنی "ھەدەپە" لەو کاتەیە  فاشیزم پێی وایە سەرکەوتووە یان بەرەو سەرکەوتن ھەنگاو دەنێت.

لەکاتێکا چەوساندنەوەی کورد بەھۆی کوردبوون وناسنامەکەیەوە ھیچ قوژبنێکی دوونیا نەماوە نەیبیستێت بەڵام بەشێکی زۆری چەپ لەناو تورکیا مەبەستم (چەپی تورکی)یە، گوێبیستی نابێت و لەژێر کاریگەریی شۆڤینیەتی نەتەوەی سەردەست ھیچ روانینێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەوێدا.

 لە دوایین کۆنگرەی پارتە کرێکاری و کۆمۆنیستەکانی جیھان کە لە ئەزمیر بەرێوەچوو، زۆر بەروونی ھەستم بەو کاریگەریییە کرد لەسەر حزبی شیوعی تورکی لە میانەی بەشداری و خیتابی سیاسی و فکریمان لە کۆنگرەکە  کە لە ساڵی ٢٠١٩ بەرێوەچوو، لەسەر ئەوەش رووبەرووی گفتوگۆیەکی توندبوینەوە لەگەڵیان.

  تێکۆشان لەوەھا واقعێکدا بۆ ھێزە چەپەکانی سەرتاسەری بەشەکانی تری کوردستان، لەپاڵ خەباتی چینایەتی وکۆمەڵایەتی لەسەرمان فەرز دەکات بەشدارییەکی راستەوخۆ و پێشڕەوی لە خەباتی چارەسەری رزگاریخوازانەی گەلەکەماندا بکەین، چەپ بوون لەمرۆدا بەتەنگەوەھاتنی پرسە سەرەکییەکانی ئەو کۆمەڵگایە کەتیایدا دەژین، ئەو پرسانەی بە ئارەزوی ئێمە دروست نەبوو.

 ناکرێت لە ترسی ئەوەی وەک ناسیۆنالیست تۆمەتبار بکرێن وەک ھەندێک لە چەپەکانی نەتەوەی سەردەست لەژێر کاریگەری  شۆڤینستەکانی نەتەوە سەردەستەکان، دژایەتی دۆزی گەلی کورد دەکەن یان ناتوانن وەک خۆی بیبینن،  لەوەھا دۆخێکدا  تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتی بەنسبەت چەپەکان لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکیدان و جیاناکرێنەوە.

 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations