هەواڵ- بیروڕا

نەخۆشخانەی هیواو حكومەتی سێبەر

20/06/2021

2233 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

گرفتی نەخۆشخانەی هیوا، بەشێكە لەتۆڕێك گرفت و كێشەو ئاڵۆزیی ئەم حكومەتەیە، روونتر دەرهاویشتەی حكومەتی سێبەرو جێبەجێنەكردنی قانون و بازدانە بەسەر هەموو بنەماكانی حكومڕانیی رەشید.
گرفتی ئەو نەخۆشخانەیە لەگۆدكردنی دامودەزگاكانی حكومەت و بێدەسەڵاتكردنی بەشێك لەكاربەدەستان و هەژموونی حكومەتی سێبەرە بەسەر جومگەكانی حكومڕانیی سەرچاوەی گرتووە. واتە دەستەیەك لەم حكومەتە لەژێر ناو ناونیشانی جیاواز، دەسەڵاتی خەرجكردن و دابینكردنی پارە، دامەزراندن و لادانی فەرمانبەران، دروستكردنی دامودەزگای بەدیل و حوكمڕانیان پێ‌ سپێردراوە، لەوە خراپتر بێدەنگبونی بەشدارانی ئەم كابینەیە بەتایبەت (یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) كە بەشدارانیان لەم كابینەیە ناتوانن دەسەڵاتەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن و حكومەتی سێبەر جێی گرتونەتەوە.
كێشەی نەخۆشخانەی هیوا، لەهاتنی وەزیری نوێی تەندروستییەوە سەریهەڵداوە كە بەعەقلیەتی تەسكی حزبی و لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەتی سێبەر كاردەكات و سەركەوتنی خۆی لەپێشێلكردنی قانون و پەراوێزخستنی هەندێ ناوچەو لەپێشگرتنی هەندێ ناوچەی دیكە دەبینێتەوە.
ئاخر نەخۆشخانەی هیواو ئەوانی دیكە چۆن گرفتیان بۆ دروستنەبێت كە بەفەرمانی وەزیر دوور لەهەموو پێوەرێك بێ رێگری لێكردن، لەكۆی 27 ملیار دیناری راكێشراو لە (سندوقی هاوكاری بۆ توشبوانی شیرپەنجە) لە بانكی باخان لە سلێمانی، 21 ملیاری بۆ كڕینی دەرمان بووە بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێرو دهۆك! ئێستاش كە نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بەهاوكارییە، وەزارەتی دارایی دەبێ‌ موافەقە لە سەرۆكی حكومەتی (سێبەر) لەئەنجومەنی وەزیران "كە دەزانن كێیە" وەرگرێت، بۆئەوەی بڕێك پارە بۆ كڕینی دەرمان خەرجبكرێت.
بەپێی قانونی سندوقی هاوكاری بۆ توشبوانی شیرپەنجە ژمارە 11 ساڵی 2012 ئەو سندوقە سەربەخۆیە لەڕووی داراییەوەو سەرۆكەكەی لەنێوان ئەندامانی باڵای هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ئەم سندوقە سەربەخۆ نییە لەرووی داراییەوەو لە 2019 وە وەزیری تەندروستی لەدەرەوەی قانون خۆی كردووە بەسەرۆك و دەستی بەسەر سندوقەكەدا گرتووە! نە یەكێتیی و نە بزوتنەوەی گۆڕان قسەیەكیان لەوبارەیەوە نەكردووە!
گرفتی نەخۆشخانەی هیوا لەبێدەنگبوونی بەشدارانی حكومەتی هەرێمەوە سەرچاوەی گرتووە كە نەك شەریك نین لەبڕیاردان و ئیدارەدانی ئەم حوكمڕانییە، بەڵكو حكومەتی بچووكراوەو سێبەر، خەریكە كۆی حوكمڕانی هەرێم بێ‌ ئەرزش دەكات و بۆ خەرجكردنی نەك تەنها بۆ خەرجكردنی چەند سەد ملیۆن دینارێك، بەڵكو بۆ خەرجكردنی موچە كە ماف و ئیستحقاقی فەرمانبەرانە، پێویست دەكات وەزیری دارایی بگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئیزن لە سەرۆكی حكومەتە بچوككراوەكە وەرگرێت، وەك مەرجەع و بڕیاربەدەستی حوكمڕانیی!
ئەگەر بەدوای چارەسەریشدا بگەڕێین، ئەوا دەبێ‌ پرسیار لەبەشدارانی دیكەی حكومەت بكەین، كە حكومەتی سێبەر كۆنترۆڵی بڕیاردانی كردووەو لەبری وەزارەت و دامودەزگا قانونییەكان، دامودەزگا بەدیلەكان كارەكانیان دەكەن و پێكهێنەرانی ئەم كابینەیەش وڵامی ئەو پرسیارانەیان نەداوەتەوە كە لەبارەی حكومەتی سێبەرەوە لای خەڵك دروستبووە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations