هەواڵ- بیروڕا

گوللە تەقێنەکان ئازادیی ناپارێزن

04/05/2021

1107 جار خوێندراوەتەوە


گوللە تەقێنەکان ئازادیی ناپارێزن
ئەمڕۆ دۆخی ڕۆژنامەنووسیی کوردیی لە ھەموو کاتێک خراپتر و دژوارترە. ھەموو ئەو ڕێگایانەی، کە دەمانبەنەوە سەر ماڵی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی، وێران و خاپورکراون. ئەو ڕەوتە ئازادییەی بیست ساڵ پێش ئێستا لەناو دونیای ڕۆژنامەگەریی کوردیدا سەریھەڵدا، بەرەو پوکانەوە دەچێت. ڕەنگە ئێمە تاکە نەتەوە بین لەمێژوی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی جیھانیدا، ھێندە خێرا بەرەو دواوە بگەڕێینەوە. نەتەوەیەکین بە سروشتمان دژی کەلتور و نوسیین و بەرەوپێشەوەچوونین. ئالودەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و خۆسەپێنین. ئەوەی دەیبینین ئەوەی، ھەموومان پێکەوە بەشداریین لە قایمکردنی پایەکانی دیکتاتۆرییەت و تاکڕەویی سیاسیی. ھەندێکمان ڕاستەوخۆ بەردەکانی کۆشکی دیکتاتۆرییەت دادەنێین و ھەندێکی تریشمان ناڕاستەوخۆ حوکمی بنەماڵە و خێزانەکان ئارایشتدەکەین. پێمانوایە ئەم کردەوانەمان بەشێکن لە بەدیھێنانی دیموکراسییەت و سیستەمی ڕاستەقینەی حوکمڕانیی، لە کاتێکدا تەواو مەترسیدارە. چۆن دەکرێت باس لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بکرێت و ڕۆژنامەنووس زیندانیی و تیرۆربکرێت؟! دەستگاکانی ڕاگەیاندن بەتەواوەتیی ببنە موڵکی کەسانی سیاسیی و ھەواڵگریی. کە بەرەو ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە پێنووسە لاوەکانی ناو دونیای خەونی ئازادیی دەڕۆین، تابلۆکە بەتەواوەتیی لێڵ و تاریکە. ھەمان ئەو ڕۆژانەمان بەخراپتر و ناشیرینتر پیشاندەدات، کە سەردەشت عوسمانی تێدا تیرۆرکرا. بەتەواوی بڕوامەوە ئەوە دەڵێم، ئەو ڕۆژانە ڕۆژنامەگەریی کوردیی جوانتربوو. ئامانجەکان ڕوونبوون. ھیوا ھەبوو بۆ بەدیھێنانی دونیایەکی باشتر. بەشی زۆرمان لەسەر ئەو شاڕێگەیەبووین، کە ڕۆژنامەگەریی ڕاستەقینە، ئازادیی و دیموکراسییەتی ڕاستەقینە بەرھەمدێنێت؛ بەڵام ئێستا تیرۆر و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان، بەیاسایی کراوە. ڕێکخراو و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسەکان بێدەنگکراون. ئەوانەی، کە دەروێشی دیموکراتییەت بوون، یان نائومێدن، یاخود خۆیان بێدەنگکردووە و لەو بڕوایەدان، کە وڵاتێکی بێ_ڕۆژنامە و بێ_وتن و بێ_دەنگھەڵبڕین، زۆرباشترە لە وڵاتێک، کە ھەراوھۆریای سیاسیی و گۆڕانکاریی تەنیبێتی. ئێستا ئەو پرسیارە دەکرێت، ئایا لەم وڵاتەی ئێمەدا ھەرگیز دیموکراسیەت و ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی بەسەر پشتی کیسەڵی دیکتاتۆرییەت دەگاتە مەنزڵی دونیایەکی جوانتر؟! 
وەڵامەکە ڕوونە. ئێستا کەس وەک سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد، بۆ قەڵەمەکان شەھید نابن. ئێستا ڕۆژنامەنووسەکانی ئێمە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیی بە خوێنی خۆیان نانووسنەوە. ئێستا دۆخەکە تەواو لێڵبووە. ماسکداریی بەھۆی کۆرۆنا و ساختەچییەتی ھەواڵگرییەوە بووەتە باوی سیاسیی. لەم ڕۆژەدا تەواو نیگەرانم. نیگەرانم بۆ تیرۆری ھاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانمان. نیگەرانم بۆ زیندانیکردنی چالاکوان و سیاسییە سەربەخۆکان. نیگەرانم بۆ دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی. نیگەرانم بەوەی لە وڵاتێکی کپکراودا دەژیم. نیگەرانم لەوەی حکومەت ڕۆژنامەنووس دەگرێت و لێیدەدات و دەیکوژێت، کەچی باس لە پێویستییەکانی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی دەکات. 
دەپرسم لەکوێی دونیادا کەسانێک گوللە_تەقێن بن دەتوانن ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی دەستەبەربکەن؟

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations