هەواڵ- بیروڕا

قسەیەک لەسەر پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی خانەی راپەڕاندن

13/02/2021

862 جار خوێندراوەتەوە


بۆ مێژوو ئەیڵێم دروستکردنی خانەی راپەڕاندن و ھەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەم خانەیە کێشەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی تەقاندەوە. ئیتر لێرەوە خەت و تەکەتولەکانی ناو بزوتنەوەکە تۆختر بوونەوە و بەئاشکرا کەوتنە دژایەتی یەکتر. بەداخەوە ھەندێک لەم خەتانە ھەموو ھیڵەکانی ململانێی رەوایان بەزاندوو، بێ بەزەییانە کەوتنە وێزەی ھاوڕێکانیان، تا رادەی ناشرینکردن و بوغزاندن و دەرکردن. ئەو کاتەی لەجڤاتی نیشتمانیدا گفتوگۆمان ئەکرد لەسەر دروستکردنی خانەی راپەڕاندن، من ئەمەم ووت و لە کۆنوسی کۆبوونەوەکانیشدا نووسراوە: "  تکایە با پەلە نەکەین لەدروستکردنی خانەی راپەڕاندندا، چونکە دروستکردنی خانە بەم شێوەیە، رابردووی بزوتنەوەکە ئەشێوێنێت و ئێستا و داھاتووشی ئەخاتە مەترسیەوە ".

بەھەر حاڵ، خانە دروستکرا و ناکۆکیەکانیش زیاتر بوون، بەدرێژایی خولی یەکەمی خانە ھەموو رەخنەکان روو لەخانە بوون، خانەش لەناوخۆدا ناکۆک و لەبەرامبەر داخوڕانی بزوتنەوەکەشدا بێدەنگ. ھەڵبژاردنی خولی دووەمی خانە تا رادەیەک ئاسانتر رۆیشت، چونکە ململانێیەکی کەم کەوتە نێوان ھاوپەیمانانی خولی یەکەمەوە سەبارەت بە پۆستی سکرتێری باژێرەکان، ئەم ململانێ کەمەش لەئەنجامی چۆڵکردنی گۆڕەپانەکەوە دروست بوو لەلایەن رکابەرەکانی خولی یەکەمەوە، ئەگەر ئەمان چۆڵیان نەکردایە ئەو ململانێیەش دروست نەئەبوو.

ئێستا خانە دوا رۆژەکانی خولی دووەمی بەرێدەکات، کێشەکانی لەم خولەدا زۆر زیاتر و گەورەترن لەخولی یەکەم، لەھەردوو خولەکەشدا بەڕێز کاک عومەری سەید عەلی رێکخەرە. لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ کاک عومەر بەڵام وا دەردەکەوێت بەشێکی زۆری کێشەکان روویان لەو بێت، بەبەڵگەی ئەوەی ناکۆکیەکانی کاک عومەر لەخانەدا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیدا زوتر و زیاتر دەرکەوتن و تەقینەوە وەک لەگەڵ رکابەرەکانیدا. ھەرچەندە من ھیچ پەیوەندییەکم بەم بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە، بۆیە رەنگە مافی رادەربڕینم نەبێت لەسەر بڕیارەکانی، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەیەکی باش خزمەتی ئەم بزوتنەوەیەم کردووە، ھەروەھا بەئەندازەی دەنگدانم بەم بزوتنەوەیە، رێگە بەخۆم ئەدەم بۆچوونی خۆم لەسەر ئەدای سیاسی و کاری رێکخراوەیی گۆڕان بنوسم.

بەبۆچوونی من کاک عومەر ئێستا لەبەردەم سەنگی مەحەک و بڕیارێکی چارەنوسسازدایە. لەجیاتی ئەوەی پۆستە بەتاڵەکانی خانە پڕ بکاتەوە، بەڕای من زۆر باشترە، خۆی دەست لەکار بکێشێتەوە یان خانە ھەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە ئەم خانەیە جگە لەبەڵا و موسیبەت ھیچی دیکەی بۆ بزوتنەوەکە پێ نەبوو.

کاک عومەر و ھەموومان ئەزانین کاتی خۆی کاک نەوشیروان کەرەخنەی لە کاک کۆسرەت گرت، پێی ووت: " ئەم پیاوە منەتی چیمان بەسەردا ئەکات، ئێمە حکومەتێکمان دایە دەستی لە زاخۆوە تا خانەقین، بەڵام کاتێک بەخۆمان زانی خەریک بوو سلێمانیشمان لەدەستدا نەمێنێت ". 

کاک عومەر ھەموومان گەواھی بۆ خەبات و تێکوشان و قوربانی جەنابت ئەدەین، ئەوە مێژوویەکی پرشنگدارە و ئاگاداری بە، لێ مەگەڕێ بشێوێت، یان بسڕێتەوە،  گوێ مەدە بەو چەند کەسەی دەورت کە پۆست پەرست و تۆ نەویستن، مەترسە و پیاڵە ژەھرەکە بخۆرەوە، لەجیاتی پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی خانە، خۆت وازبھێنە، چونکە پڕکردنەوەی ئەم پۆستانە بەھەرشێوەیەک بێت دڵنیا بە بێ کێشە و ئاریشە نابێت. راستە کاک نەوشیروان نەماوە، بەڵام ئایا لەوە ناترسیت بەروح بێتە لات و پێت بڵێت: " سەید عومەر منەتی چیمان بەسەردا ئەکەیت، بزوتنەوەیەکی پێنج سەد ھەزار دەنگدەریمان رادەستی جەنابت کرد، کاتێک بەخۆمان زانی، لە پێنج ھەزار نزیک دەبینەوە". 

دڵنیابە ئەم قسەیە ھاوڕێ نزیکەکانت یان خەڵکی دیکە ئەیکەن و  روداوەکان و مێژووش  پشتگیرییان ئەکەن. بەرای من ئێستا ھەلێکی زێڕین ھاتۆتە پێش، رەنگە ئەم ھەلە دووبارە نەبێتەوە، واز بھێنە و لەلۆمەی لۆمەکاران مەترسە، بزانە چەند قات دەستخۆشیت لێ ئەکرێت. دڵنیابە ئەگەر بەوازھێنانت بزوتنەوەکەشت بۆ رزگار نەکرێت، ئەوا خۆت رزگار ئەکەیت لەبەرپرسیارێتی مێژوویی. لەکۆتاییدا ھیوای تەمەن درێژیی و تەندروستیەکی باش و سەرکەوتن و بەختەوەریتان بۆ ئەخوازم

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations