هەواڵ- خانمان

رێگری لە دروست بوونی زیپکە بکە

22/10/2020

2604 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس- 

 

ئەوانەی گیرۆدەی زیپكەن، بەردەوام هەوڵدەدەن بەدوای هۆكارو چارەسەردا بگەڕێن، بۆیە لێرەدا 9 خاڵی گرنگ لەو بارەیەوە دەخەینەڕوو. 

1-زیادەڕەوی مەكە لە دەموچاو شتندا:
هۆكاری درووستبوونی زیپكە و پەڵە، چڵكنیی پێست نییە، بەڵكو زۆر شتن، یان بە تو‌وندی شتن، سابو‌ونی تیژ، توێكهەڵدەرەوە جیاوازەكان پێست دەڕوشێنن و زیپكەكان خراپتر دەكەن.
رۆژانە تەنیا دوو جار و بە ئاوی شلەتێن و سابو‌ون دەموچاوت بشۆ.

2-خۆت بێبەش مەكە لە خواردن:
ئەوانەی دەڵێن خواردنە بەتامەكانی وەك پیزا یان گوڵەبەڕۆژە و ...هتد زیپكە درووست دەكەن، ڕاست ناكەن. زیپكە درووست دەبێت لە ئەنجامی گیرانی كونیلەكانی پێست بە چەوریی دەردراوی پێست، خانەی مردووی پێست یان بەكتریا، بەڵام ئەگەر خۆت ئەزموونت كردووە (نەك خەڵكی تر) خواردنێكی تایبەت زیپكەت پێ درووستدەكات، ئەوا لێی دو‌ور بكەوەرەوە.

3-میكیاجی چەور بەكارمەهێنە:
ئەو كەرەستانەی میكیاج كە پێكهاتەیەكی چەوریان هەیە، ئەگەری زیاترە كونیلەكانی پێست بگرن و دواجار زیپكە درووست بكەن، بەڵام ئەوانەی تۆزن و سوكترن، كەمتر كونیلەكان دەگرن.

4-پێش نووستن دەموچاوت بشۆ:
بۆ سڕینەوەی كەرەستەكانی میكیاج لەسەر پێستت و دواجار پشوودانێكی باشتری پێست، بەر لە نووستن دەموچاوت لە هەموو كەرەستە میكیاجییەكان خاوێن بكەرەوە.

5-زیاد لە پێویست خۆت مەدە بەر خۆر:
تیشكی سەروو وەنەوشەیی لە تیشكی هەتاودا دەبێتە هۆی پیربوونی پێست و چرچبوونی و تووشبوونی بە شێرپەنجە.

6-دژەخۆری چەور بەكارمەهێنە:
ئەو دژە خۆر و شێداركەرەوانەی بەكاریان دەهێنیت، با چەورییان تێدا نەبێت و دژەخۆرەكەشت با هاوكۆلكەی ڕێگری لە تیشكی خۆر (SPF)ەكەی لە 30 زیاتر بێت.

7-قژت لە رووخسارت دووربخەوە:
لە ڕۆژ و لەكاتی نووستنیشدا قژت بەرەو پشتەوە ببە و مەهێڵە لە ڕوخسارت بكەون، چونكە هەم تاڵە مووەكان پێست هەراسان دەكەن و هەم ئەو چەورییەی پێیانەوەیە دەبێتە هۆی گیرانی كونیلەكانی پێست و دواتر درووستبوونی زیپكە.

8-دەستكاری زیپكەكان مەكە:
زۆر دەستبەركەوتن و بەركەوتنی زۆری كەرەستەكانی وەك مۆبایل، پێست دەخرۆشێنن و ڕێگا خۆشدەكەن بۆ تووشبوون بە زیپكە.
گوشین و دەستكاریكردنی زیپكەكان بەكتریاكانی ڕوكاری پێستیش دەخاتە ناو زیپكەكە و سەرەنجام هەوكردنەكەی زیاد دەكات و ئەگەری بەجێمانی شوێنكاری زیپكەكە دوای چاكبوونەوەی، زیاتر دەكات.

9-بە ڕێنمایی پزیشكی پسپۆڕ دەرمانی دژە زیپكە بەكاربهێنە:
چاوەڕێ مەكە لە شەوو ڕۆژێكدا دەرمانەكان كاری خۆیان بكەن و لە زیپكە ڕزگارت بكەن، بەڵكو هەندێ جار دەبێت 6 مانگ چاوەڕێ بكەیت بۆ ئەوەی كاریگەری هەندێ دەرمان هەست پێبكەیت.
چاودێری پزیشك زۆر گرنگە، چونكە دەرمانی زۆر پێست ماندوو دەكات و دەرمانی كەمیش كاریگەری پێویستی نابێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations