هەواڵ- کوردستان

لەمەودوا موچە لە هەرێمی کوردستان چی لێدێت؟

14/01/2024

376 جار خوێندراوەتەوە


لەمەودوا موچە لە هەرێمی کوردستان چی لێدێت؟
ئایا ئەو پارەیەی دەنێردرێت بەشی مووچە دەکات؟
بەغدا پارەکە وەک قەرز دەنێرێت یاخود بەشە بودجە؟
هەواڵەکان بۆ موچەخۆران دڵخۆشکەرن و کورد لە بەغدا یەکدەنگ بووە 
لەبەردەوامی هەوڵەکان بۆ ناردی بەشە موچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە
ئەمڕۆ  لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا تا هەمواری یاسای بودجە  12.67%ی تێكڕای خه‌رجی موچه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
لەوبارەیەوە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە کۆباسی راگەیاند، ناردنی ئەو پارەیە وەکو سلفەیەکە و قەرز نییە دەدرێتە هەرێمی کوردستان و 12.67%ی تێكڕای خه‌رجی مووچەیە لە یاسای بودجەدا ئەوەش مافی هەرێمی کوردستانە.
 ئاشکراشیکرد، داواکاری هەرێم و شاندی هەرێم ناردنی کۆی مووچەی فەرمانبەران بووە ناردنی ئەم پارەیە کە نزیکەی 618 ملیار دینار دەکات بەشی تەواوی مووچە خۆران ناکات و بەوەش دەبێت حکومەتی هەرێم بەو پارەیە و بە داهاتی ناوخۆ مووچە بدات.‌
بەپێی بەدواداچوونەكانی كۆباس ئەو داهاتەی حكومەتی هەرێم بۆ مووچە پێویستییەتی بە روونی دیاری نەكراوە
 هەندێك دەڵێن 875 ملیار دینارە و وەزارەتی داراییش دەڵێت (بۆ موچە 913 ملیار دینارمان پێویستە
 لەگەڵ 25 ملیار دیناری هاوپەیمانان كە مانگانە دەكاتە نزیكەی 940 ملیار دینار)
 داهاتی ناوخۆش وەكو پێشتر وەزارەتی دارایی رایگەیاند 320 ملیار دینارە بەڵام هەمووی کاش نییە و هەندێکی قەرزە و هەندێکی چەکە 
بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ناردنی بەشە بودجەدا و بە داهاتی ناوخۆ، مانگانە موچە دابەشبکرێت 
شوان کەلاری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لەبارەی یەکدەنگی کورد و فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ نادرنی پشکی هەرێم و چارەسەر کێشەی مووچە بۆ #کۆباس وتی، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی و پارتی کار دەکەین بۆ لابردنی ئەو بارگرانییەی چەند ساڵێکە لەسەر شانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، جەختی لەوەشکردەوە، ئەو یەکدەنگییەی کورد وای کرد حکومەتی فیدراڵ و بڕیار لەبارەی چارەسەر کێشەکانی هەرێمی کوردستان بداتەوە بڕیاری ناردنی بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بەرهەمی ئەو یەکدەنگییەیە. 
بەپێی زانیارییەکانی کۆباس ناردنی ئەو پارەیە لەچوار چێوەی خەرجییەکانی ساڵی تازەی عێراقە و بەوەش لە مانگەکانی داهاتوو ناردنی ئەم پارەیە بەردەوامی دەبێت و لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق پارەکە رەوانەی هەرێم دەکرێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations