هەواڵ- کوردستان

ئەو پینەچییەی بە ئەمانەتپارێزترین پیاو ناسرا

26/07/2024

357 جار خوێندراوەتەوە


لە شاری زەنجانی وڵاتی ئێران، گەنجێک سەرقاڵی کاری پینەچێتییە لە دوکانەکەیدا، لەو کاتەدا، کریکارێکی شارەوانی زەنجان، کە لەگەڵ ژمارەیەک کرێکاری دیکەدا، سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی شەقامێکی ئەو شارە دەبن، پاسکیلەکەی لای حاجی حەسەنی پینەچی دادەنێت.

حاجی حەسەن لەو سەردەمەدا گەنجێکی بەتوانا بوو، لە شاری زەنجانی وڵاتی ئێران دەژیا و لە دوکانێکی بچووکدا کاری پینەچێتی دەکرد، ڕۆژيك یەکێک لە کرێکارەکانی شارەوانی زەنجان، کە سەرقالی نۆژەنکردنەوەی جادەکان بوون پاسکیلەکەی خراپ دەبێت و بەو هۆیەوە ئەمانەتی دەستی حاجی حەسەنی پینەچی دەکات و لای ئەو جێیدەهێڵێت.
حاجی حەسەنیش تا دەمرێت، چاوەڕێی ئەو کرێکارە دەکات، کە پاسکیلەکەی وەک ئەمانەت لەلای دادەنێت.
ئەو پینەچییە، بە ئومێدی گەڕانەوەی خاوەنی پاسکیلەکە، هەموو بەیانییەکی زوو، پاسکیلەکە دەباتە بەردەم دوکانەی و چاوەڕێ دەکات خاوەنەکەی بێت و بیباتەوە و ئێوارانیش دەیبردەوە ناو دوکانەکەی.
حاجی حەسەنی پینەچی، بۆ ماوەی ٤٥ساڵ لە چاوەڕوانی هاتنی خاوەنی پاسکیلەکەدا بوو.
ئەو هەتا مرد، نەیهێشت هیچ کەسێک بۆ جارێکیش سەر ئەو پاسکیلە بکەوێت چونکە پێی وابوو ئەوە ئەمانەتە و دەبێت بدرێتەوە دەستی خاوەنەکەی.
بەلام تا ئەوکاتەی حاجی حەسەن، مالئاوایی لەژیان دەکات، خاوەنی پاسکیەکە دەرناکەوێتەوە و ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی نازناوی ئەمانەتپارێزترین پیاوی ئێرانی پێ بدرێت و شارەوانی شاری زەنجانیش وەک ڕێزێک بڕیاردەدەن پەیکەرێک بۆ حاجی حەسەن لە تەنیشت پایسکیلەکە دروست بکەن  و لە شەقامێکی ئەو شارە دایبنێن، بەڵام دوای دانانی پەیکەر و پاسکیلە ئەمانەتەکە، پاش ماوەیەک پاسکیلەکە دەدزرێت و پۆلیسی ئەو شارە ناتوانن تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و لەبری پاسکیلە ئەمانەتەکە، پاسکیلێکی دیکە لە تەنیشت پەیکەری حاجی حەسەنی پینەچی دادەنرێت و دەبێتە رەمزی ئەمانەتپارێزی لە ئێراندا.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations