هەواڵ- کوردستان

مەسرور بارزانی دەتوانێت کێشەی ئاوی هەولێر چارەسەر بکات؟

11/09/2024

164 جار خوێندراوەتەوە


مەسرور بارزانی دەتوانێت کێشەی ئاوی هەولێر چارەسەر بکات؟
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، مەسرور بارزانی بەڵێنێک دەدات کە پێی جێبەجێ ناکرێت
خەڵکی رەسەنی هەولێر هێشتا کێشەی گەورەی بێ ئاوییان هەیە 
بەڵام یانە شەوانەکان و پرۆژە گرانبەهاکان ئاوییان لێ نابڕیت 
ئایا کێشەی بێ ئاوی هەولێر بەکوێ دەگات؟


لە ڕۆژی هەشتی ئەم مانگەدا مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی "فریاگوزاری خێرایی گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر"ی دانا و وتی : خاڵی کۆتایی بۆ چارەسەری بێ ئاوی دادەنێین. 
بەوتەی مەسرور بارزانی و خالید خۆشناو پڕۆژەکە ٤٨٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و دەتوانێت ٥٠٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابین بکات.
بەڵام ئەوەی جێگای گومانە هیچ وادەیەک بۆ کۆتایی هاتنی پڕۆژەکە دیاری نەکراوە و دەڵێن لە وادەیەکی نزیکدا تەواوی دەکەین.
ئەزموونی خەڵکی لەگەڵ بەڵێنە ناڕاستەکانی کابینەی نۆدا  زۆرە، هەموو لایەک دەزانێت کەموکورترین کابینەی هەرێمی کوردستان بووە، بەکێشەی دارایی گەورە و لاوازی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و نەبوونی خزمەتگوزاری دەناسرێتەوە.
چەندین ساڵە بەرپرسانی هەولێر بێ توانان لە چارەسەرکردنی شکانی بۆری سێی ئیفرازی هەولێر و بەهۆیەوە چەندین گەڕەکی گەورە بەبێ ئاوی دەمێننەوە، بەڵام دەستکراوە و زیرەکن لە کردنەوەی یانە شەوانەکان  و  ئۆتێلە پێنج ئەستێرەکان بۆ بانگهێشتکردنی مۆدێل و سەماکەری عەرەب و بیانییەکان، ئەو یانە شەوانە و ئۆتێلانە بۆ چرکەیەکیش بێ ئاو و خزمەتگوزاری نابن.
مەسرور بارزانی لە یەکەم لێدوانیدا لە کاتی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە دانینا بەیەكێک لە شکستە گەورەکانی کابینەکەی و رایگەیاند، دەبوو لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیایەکی بیانی پڕۆژەی ئیفراز چوار هەولێر جێبەجێ بکات، بەڵام تا ئێستا ئەو کۆمپانیایە نەیتوانیوە هەنگاوی کردەیی بۆ پڕۆژەکە بنێت، بەڵام بەم پڕۆژەیەی ئێستا تا نزیکەی ٣٠ ساڵی دیکە هەولێر کێشەی کەم ئاویی نامێنێت.
لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو نەتوانراوە کێشەی بێ ئاوی لەناوجەرگەی شاری هەولێر چارەسەر بکرێت، سەرۆکی حکومەتیش مژدەی ئەوە دەدات هێشتا ٣٠ ساڵی تریش ماوە بەتەواوی ئەو کێشەیە نەمێنێت.
لە پێشتریشدا حکومەتی هەرێم چەندین پڕۆژەی بە تەواو نەکراوی بەجێهێشتووە و چەندین ملیۆن دۆلاریشی بۆ تەرخان کردووە بەڵام دواتر نە پڕۆژەکە و نەپارەکەش دیار نەماون هاوشێوەی پڕۆژەی پردی تووەقوت لە شاری هەڵەبجە. 
ئەم هەنگاوانەی حکومەتی هەرێم لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان نزیکبووەتە لە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەوەی بەناوی ئەم پڕۆژانەوە دەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ حزبەکەی سەرۆکی حکومەت و لە پاش هەڵبژاردن ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا کێشەی بێ ئاوییە و شتێک نامێنێتەوە بەناوی و پڕۆژە و چارەسەرەوە.
هاوڵاتیانی هەولێر بەدەست نەبوونی ئاوەوە دەناڵێن و چەندین جار بەوهۆیەوە خۆپیشاندانیان کردووە و ڕۆژانە لەگەڵ دواکەوتنی مووچەکانیان ناچاری کڕینی ئاون بەتانکەر، بەڵام لە کۆتایی وتارەکەیدا مەسرور بارزانی هاوڵاتیانی  بەهۆکاری کەم ئاوی تۆمەتبار کرد و وتی، ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو بۆ یەک تاک لە هەرێم زیاترە لە ستانداردی جیهانی و خەڵک دەبێت زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی ئاودا نەکات.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations