هەواڵ- کوردستان

لە مێژووى میدیاى کوردیدا، ماڵپەڕى کۆباس ریکۆردى شکاند

21/11/2020

491 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس_

ماڵپەڕى کۆباس، لەماوەى یەک مانگى کارکردنیدا، توانى ریکۆردى پڕخوێنەرترین ماڵپەڕە هەواڵییەکان بشکێنێت و ببێتە یەکێک لە ١٠ پڕخوێنەرترین ماڵپەڕە هەواڵییەکانى کوردستان و عێراق، ئەوەش بەگوێرەى ریزبەندى ماڵپەڕێکى باوەڕپێکراوى ئەمریکى.


دامەزراوەى ئەلێکساى ئەمریکى کە بەشێکە لە گەورە کۆمپانیاى ئەمازۆن و تایبەتە بە هەڵسەنگاندن و پێدانى ریزبەندى ماڵپەڕەکان لەسەر ئاستى جییهان، لە نوێترین ریزبەندیدا ئاشکرایکردووە، کە ماڵپەڕى کۆباس گەیشتوەتە ریزبەندى ٩٦ەمینى سەرجەم ئەو ماڵپەڕانەى کە لە عێراقدا سەیر دەکرێن. بەوپێیەش لە ئێستادا لەماوەى تەنها ٣٠ رۆژ کارکردنیدا بووەتە نۆیەم پڕخوێنەرترین ماڵپەڕى هەواڵى کوردى و عێراقى.

لە مێژووى میدیاى کوردیدا، چەندین ماڵپەڕى گەورە کە لە پشتیانەوە کەناڵى ئاسمانى و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤار هەبووە، دواى چەندین ساڵ کارکردن، بوونەتە یەکێک لە ١٠ پڕخوێنەرترین ماڵپەڕە کوردییەکان. بەڵام کۆباس، تەنها لەماوەى ٣٠ رۆژدا توانى ئەو ریکۆردانە بشکێنێت و ببێتە یەکێک لە ١٠ پڕخوێنەرترین ماڵپەڕە کوردییەکان.

کۆباس بە شکاندنى ئەو ریکۆردە توانى پێش چوار ماڵپەڕى کەناڵى تەلەڤزیۆنى کوردى و پێش سەدان ماڵپەڕى هەواڵى دیکەى کوردى بکەوێت.

ماڵپەڕى کۆباس بەشێکە لە دامەزراوەى میدیایی کۆباس و لە رۆژى ٢٠ى تشرینى یەکەم (١٠)ى ٢٠٢٠ دەستى بەکارەکانى کردووە و لەم رۆژەشدا سوپاسى متمانەی خوێنەرەکانى دەکات و بەڵێن دەدات کە وەک ماڵپەڕێکى نزیکتر لە خەڵک کار بکات و گرنگى زیاتر بدات بەو هەواڵانەى راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانى خەڵکەوە هەیە.

 


KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations