هەواڵ- بیروڕا

كاك ئارام چی ووت ؟

06/12/2020

1409 جار خوێندراوەتەوە


عیماد ئەحمەد 

لە سەرەتای پایزی ساڵی(١٩٧٦)لە گەڵ كاك فازڵ كریم ئەحمەد ( مامۆستا جەعفەر) له‌خانه‌قینه‌وه‌ هاتین بۆ سلیمانی بۆ لای مامۆستا موحسن مه‌به‌ستمان بوو كاك شاسوار جەلال( ئارام) ببینین بۆ تێگەیشتن لە شێوەو شێوازی کاری یەکێتی و پایە و جۆری کارکردنی کۆمەڵە لە ناو یەکێتی و ئامۆژگاری و راسپاردەی ئەو بۆ رێکخستنەکانی (هەرێمی پێشرەو )، جگه‌له‌وه‌ش هه‌ندێ  گلەیی و رخنەمان لە كاك حكمەت محەمەد كریم (مەلا بەختیار) هه‌بوو ویستمان به‌ کاک ئارامی بڵێین.  

‎ سنوری هه‌رێمه‌که‌ ئه‌وکات بەغدا، مەندەلی، خانەقین وگەرمیانی لە خۆدەگرت، شەهید سادق، مامۆستا جەعفەر، مامۆستا موحسن، دڵشاد مەولود و عیماد ئەحمەد ئەندامی  كۆمیتەی هەرێمەكە بوون.  

‎دوای پەیوەندیکردن بە رێکخستنی سلێمانیەوە بۆ دیدارەکە ،کاک ئازادی مەلا دانرابوو  بۆ ئەوەی بمانباتە لای کاک ئارام لە کات و شوێنی دیاری کراو لە (ئەسحابە سپی )لە گەڵ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسن  ئامادەبووین و کاک ئازادی مەلا هات و وای پێی باش بوو یەکێکمان بچین بۆ لای کاک ئارام لە بەر ئەمنیەت و خۆپاراستن ، مامۆستا جەعفەر ووتی : با عیماد بچێت.   

‎ ئیتر لە گەڵ کاک ئازاد له‌ ئه‌سحابه‌ سپیه‌وه‌ شۆربووینەوه‌ بۆ خوارەوە بەرەو گەرەگی سەرشەقام، چوینە کۆڵانێکی تەسک و باریک، کەسێک لە نزیك دەرگای خانوویەکی گڵ رووەو گۆیژە راوەستابوو ،كاك ئازاد سڵاوی لێ كرد و بە مستی راستی سێ جار لە دەرگاکەی دا و بێ چاوەروانی و بەدەمەوە هاتن لە گەڵ خۆی منی برده‌ ژوورەوە ،یەکسەر چاوم كەوتەسەر خێزانێک لە بەرهەیوانێک دانشتوون كە بە سەر دوو ژووردا  دەیڕوانی،خەریکی چا خواردنەوەن ،دەرگای دەرەوە و بەرهەیوانەکە چەند هەنگاوێك لە یەك دوور بوون ،دیارە خاوەن ماڵەکە ئاگاداری دیدارەکەی ئێمە بوو ، دوای سڵاو و ئەحواڵ پرسین ،دەرگای ژووری تەنشتیان کردەوە بۆ من، چوومە ژوورەوە و کاک ئازادیش لای ئەوان مایه‌وه‌.  

‎ بۆ من ساته‌وه‌ختێکی خۆش بوو، وەکو دەروێشێک بە حەسرەتی بینینی شێخەکەی بێت كاك ئارام وەها هاتە بەرچاوم.  

‎ من کاک ئارامم لە کۆتایی ساڵی (١٩٧٤)لە چۆمان بینیبوو لە (سكرتاریەتی یەکێتی لاوانی كوردستان)، بەڵام ئەم جارە  جیاواز بوو، که‌ بینیم شەرواڵێک و کراسێکی لەبەر بوو ،دەم وچاوی هیلاك ،دەست و پەنجە زەرد هه‌ڵگەراو، چاویلكەكەی لە چاو بوو، جانتایەکی بچووک و چەند وەرەقە وقەڵەمێك و تێپێكی  ئاوی له‌به‌ر دەست  بوو، ژوورەكە بچووك و  بنمیچەكەی نزم بوو، پەنجەرەكەی  لە سەر هەیوان  وچەند بستێك لە ئەرزەكە بەرزتر بوو، بە په‌ردەیەكی قوماش داپۆشرابوو  ،ژوورەكە زۆر رووناك نەبوو ،تەنها ژێر نوێنیكی تیابوو ،چەند لێفە و دۆشەك و سەرینی لە سەر دانرابوو، راخەرێك بە قەد  نیوەی ژوورەكە راخرابوو ،كاك ئارام چوار مشقی لە سەر ئەرزەكە دانشتبوو، هەڵساو تەوقەی  لە گەڵدا کردم و لە به‌رانبەری خۆی داینیشاندم.  

‎دوای بە خێر هاتن و ئەحواڵ پرسین  ووتی : دەقیقەیەک سەبرم لێ بگرە تا ئەم نامەیە  تەواو دەکەم ، چکلێت ئاسا پێچایەوە و خستیەگیرفانی کراسەکەی، ئینجا بە زمانێكی روون و سادە دەستیكرد بەشیكردنەوەی بارودۆخی كوردستان و عیراق وناوچەكە و دونیا و پەیوەندیه‌كان و خۆئامادەكردن بۆ شۆڕش ،دوای ئەوە  پرسیاری لە وەزعی رێکخستنەکانی هەرێمی پێشرەو  و باری ژیانی خەڵک لە بە غدا و خانەقین  و کاریگەری  چوونەدەرەوەی کاک عەلی عەسکه‌ری و هەڤاڵەکانی لە ناو جەماوەر کرد، منیش بەکورتی وڵامم ئەدایەوە بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لەو بگرم ،کاتەکەش بەفیرۆ نەدەم دوای ئەوە ووتی: فەرموو ،منیش قسەکانم كرد بە شێوەبه‌كی كورت و پوخت  سەبارەت بە هەرێمی پێشرەو  وکۆمەڵە و یەکێتی و شۆرش وئەركی تازەی خەباتمان ئەویش بە دیقەت گوێی دەگرت،كە قسەكانم تەواو كرد ووتی: ئێمە دەبێت کۆمەڵە بپارێزین و بە هێزیکەین، بۆ ئەوەی ببێت بە کاکڵەو داینەمۆی یەکێتی، مام جەلال دامەزرێنەری سەرەكی  یەکێتیە لە سەر بنه‌مای  نیمچە بەرەیی دایمەزراندووە ولە داهاتوودا  بە گەشەكردن و بەر فراوانبوونی لایەنەكانی ناو یەكێتی دەبێتە بەرەیه‌كی نشتمانی و میللی یەكگرتوو،  ئەم شۆرشە لە بنچینەدا شۆرشێكی نەتەوەییه‌، بە تەنها بە کۆمەڵە ناکرێت وبەرێوە ناچێت شۆرشەكە پێوێستی بە بەرەیەكی سیاسی  فراوانە.  

‎ له‌وێدا رۆڵی مام جلالی  بەرز نرخاند لە هەڵسانەوەی و هەڵگیرساندنی شۆرش لە كوردستان، ‎لە دواییدا من هاتمە سەر ئەسڵی مەقسەد بۆ گلەیی وگازندەو رەخنەبارانی کاک بەختیار ،ووتم : ئەو هەموو رۆژێک لە  شەقامەکانی سلێمانی دەسورێتەوە و خەڵک ئەیبینێت  و هەواڵ بۆ پووری لە خانەقین دەنێرێت و ئێمەش وامان بڵاو کردۆتەوە کە مەلا بەختیار  لە لایه‌ن ئەمنی عامەوە گیراوە، وتم ئێمە دەترسین ئەمیش تووشی گرتن بێت و زیانێکیتر بەر رێکخستن بکەوێ، من قسەم  ده‌کرد و ئەو هەر گوێی دەگرت، كە  قسەكانم تەواو بوون،کاک ئارام هەڵساو لە سەر هەر دوو ئەژنۆی دانیشت ووتی:  گلەیی و ره‌خنەکانتان لە مەلا بەختیار لە ئەلفە وە بۆ یاء ناحەق و نادروستە، ئەو ئێستا خەریکی رێکخستنەكانی کۆمەڵەیە وپەیوەندی  بە هەموو رایەڵەکانی رێكخستنەوە دەكات، هەر رۆژێك و لە شارێكە ئەو هەموو کارەكانی رێكخستنی لە ئەستۆ گرتووە دەتانەوێت لە ژوورەوە دابنیشێت و ئەرکەکانیش بە قودرەتی قادر جێبەجێ بكرێن؟! ئینجا وتی: باشە ماوەیەکی تر ئەیبینم ،حاڵی حازر لە شار نییە دوایش نامەیەکتان بۆ دەنێرم له‌و باره‌یه‌وه.  

‎دوا قسەم دەربارەی كاك ساڵح سێوك (شێروان شێرەوەندی) بوو كە پێش رۆژێك  لە جادەی  سجن بینیم ،زۆر بێ تاقەت و بێزار بوو لە مانەوە لە شار و نە ناردنی بۆ دەرەوە، دەیووت هاورێیانی رێكخستن دەستی دەستیم پێ دەكەن ئەگەر بەم زووانە بۆم جێبەجێ نەكەن ئەگەرێمەوە،  

‎بە كاك ئارامم ووت: هاورێیەكمان هەیە دەیەوێ پەیوەندی بە شۆرشەوە بكات و بچێتە دەرەوە چەند رۆژێكە لە شارەو  هاورێیانی ئێرە  هاوكاری ناكەن بۆ رۆشتنەكەی، ئەویش ووتی: خۆتان دەزانن پەیوەندیكردن بە مەفرەزەكانەوە ئاسان نییە، ئێمە لە سەرەتادا هەموو كەسێك نانێرینە دەرەوە،  پێشمەرگەی ئەم شۆرشە جیاوازە لەگەڵ پێشمەرگەی جاران لە رووی رەوشت و بیر و تەحەمول وهەڵسوكەوتەوە، منیش بە دوور و درێژی وەسفی كاك شێروان شێرەوەندیم كرد لە هەموو روویەكەوە وەكوو ئەوەی بڵێم: ئەم كەسە دەمانچەیەكی چواردە خۆری سێ لەسەر سێی ،لاكەلی،تەرەقە سوورە ،ئەڵقەدار..!! لە دوایدا ووتی باشە با سەبر بگرێ  بۆی جێبەجێ دەكەین.  

‎دوای تەوقەكردنێكی تر له‌گه‌ڵم، به‌ڵام  گەرمتر له‌وه‌ی پێشوو به‌ڕێیکردم و منیش  خوا حافیزیم لێ کردو لەگەڵ كاك ئازادی مەلا بە هەمان رێگا گەڕاینەوە شوێنی دیاریكراو و لە یەكتر جیابوینەوە ،گەرامەوە بۆ لای خاڵم مامۆستا موحسن، رۆژی دوایی  قسەكانی كاك ئارامم بۆ مامۆستا جەعفەر و مامۆستا موحسن گێرایەوە، لە دوایدا زانیمان ئەو ماڵە ،ماڵی كاك ئاوات قارەمانی بوو.  
‎پاش ماوەیەك كاك بەختیارم لە بەغدا بینی، دەستی كرد بەگلەیی و ووتی: بۆ  لای كاك ئارام رەخنەت لێ گرتووم ، ده‌بوایه‌ پێش ئەوه‌ی لای ئه‌و ره‌خنه‌م لێبگریت لای خۆم باست بتکردایه‌ ؟سەرەتا بە زەردەخەنەیەك و سەر بادانەوە حاشام لێكرد، به‌ڵام ئه و‌به‌شتێکی سه‌یر که‌شفی کردبوو ووتی:كاك ئارام باسی هاورێیەكی هەرێمی پێشرەو کرد، كە هاتۆته‌ لای  سۆرانیەكەی باش نەبووە، لە ناوماندا ته‌نها تۆ سۆرانیەكەت باش نییە ئەبێت تۆ بیت!  

لەدواییدا ووتم: بەڵێ من بووم،  لە پێناوی كۆمەڵە و یەكێتی و تۆش بووە ، لێره‌وه‌ ئەو شایەدیەی بۆ دەدەم كە هیچ دڵگران نەبوو  و بەروحی ریازی وەریگرت . دوای ئه‌وه‌ ووتی:كاك ئارام نامەیەكی بۆ نووسیون لای منە لە سلێمانی، دوایی بۆتان دەینێرم ،ئێستاو ئەوساش ئەو نامەیە نەگەیشت و نە مانبینی.  

‎بەراستی لە ژیانمدا كەم سەركردەم بینیوە وەكوو كاك ئارام  ئەو به‌رگری و پشتیوانیە لە هاورێیەكی خۆی بکات  بەو جۆرە راستیه‌‌كان روونبكاتەوە، نه‌ک  وەکو خەڵکانی تر، ترش و خوێ به‌ باسێکی خراپی هاوڕێیه‌کی خۆی بکات ونان و پیازی پێوه‌ بخوات ...!!   لێره‌وه‌ فەرمایشته‌كەی مەولانا جەلالەدین رومیم بیرده‌که‌وێته‌وه‌، كە دەڵێت( رووبار بە لە هاورێیەتی و برایەتیدا) ئه‌م وته‌یه‌ رێک پڕ بە پێستی كاك ئارامە، ئه‌و نه‌ک روباڕ بگره‌ ده‌ریایه‌ک بوو له‌ هێمنی و وه‌فا بۆ هاوڕێکانی.  

‎لەو دیدارەداباشتر بۆم دەرکەوت کە ئەم زاتە چەند گەورەو خاوه‌ن کاریگه‌ریه‌، هه‌ستم به‌وه‌کرد که‌ ئه‌و پیاوه‌ کاریزمایه‌کی هه‌یه‌، كادرێكی پێشكەوتوو و پێگه‌یشتوو بوو،  لە کاتی شکستی بزوتنەوەیەکی سیاسی و چەکداری گه‌وره‌دا، له‌ساتی  و بەرکەوتنی جه‌زره‌به‌یه‌کی سه‌خت به‌ رێکخستنەکانی رێكخراوەكەی و  شاڵاوی گرتن و کوشتن و راونانی هه‌ڤاڵانی، له‌ساتی بڵاو بوونەوی نا ئومێدی لە ناو خەڵکدا، ئالەو ئان و ساتەدا قۆڵی ئازایەتی و جوامێری هەڵماڵێت و لێپرسراوێتی قۆناغێکی سه‌ختی خه‌بات و سه‌رکردایه‌تیکردن لە ئەستۆ بگرێت لەگەڵ هاورێیان کاک ئازاد هەورامی و کاک سالار عزیز و مەلا بەختیار، کۆمیتەی هەرێمەکان دروست بکەن و کاک ئارامیش وەکوو سکرتێری کۆمەڵە دەور ببینێت بە بێ تەکەتول و پارە و ئیمتیاز هەڵرشتن و خزم خزمێنە و ناوچەگەری.  

‎کاک ئارام بە سەلیقە رابەر بوو،بێجگە لە ئاستی بەرزی رۆشنبیری و سیاسی و دوور بینی بۆ ئەو كاتە پیاوێکی بەتوانا و دەگمەن بوو.  

‎كاك ئارام لەو ماوە كەمەی كە لێپرسراوی كۆمەڵە بووە،دەستێكی باڵای هەبووە لە گۆرینی بەشێك لە بیر و هزر و سیاسەتی كۆمەڵە بە ئاقاری عەقڵانی و واقعیدا، بێجگە لە سەرپەرشتیكردن و هەڵگیرساندنی شۆرش نوێ لە ووڵاتدا،هه‌ر  بە مەش بوو بە سومبول و ئەستێرەیەكی گەشی پرشنگدار لە سەرتاسەری كوردستاندا.  

‎سه‌باره‌ت به‌ کاک ئارام زۆر جار  ئەم پرسیارە له‌خۆم ده‌که‌م  ئەگەر  كاك ئارام بەم كوتوپڕیه‌ و له‌سه‌ره‌تای  شۆڕش نوێ شەهید نەبوایە، كۆمەڵە لە رووی چینایەتی و چونایەتیەوە  چۆن دەبوو؟ یەکێتی و شۆرش بە چ ئاقارێكدا دەرۆیشت؟  

‎بەڵام سه‌د حه‌یف ئه‌و سه‌رکرده‌ لێهاتووە به‌هۆی بێباكی خۆی و كەمتەرخەمی هاورێكانی لە ١/٣١  / ١٩٧٨ لە دێی تەنگیسەر بە دەستی تاقمێك جاشی خۆفرۆش شەهید دە بێت و رۆحیشی ئوغری ئەبەدی دەكات بۆ لای شەهیدانی تری كوردستان، ئه‌و پیاوه‌ی چه‌ند ساڵێکی که‌م سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی کرد، به‌ڵام بۆ ئه‌به‌د نه‌مری به‌باڵای خۆی بڕی.  

به‌ڕای من ئارام ده‌رکه‌وتن و دیارده‌یه‌ک بوو له‌شۆڕش و سیاسه‌تی کوردیدا که‌پێویستی به‌وه‌یه‌ دیراسه‌ی بکه‌ین، چونکه‌ ره‌نگه‌ زیاده‌ڕه‌وی نه‌بێ گه‌ر بوترێت ئارام وێرای شه‌هید بوونی، هێشتا که‌سێکه‌ به‌زیندویی ماوه‌ته‌وه‌، سێبه‌ری ئارام هێشتا به‌سه‌رمانه‌وه‌یه،‌ئارام شەم  بوو  بۆ پەروانە دەگریا و بەدوای سۆمای چاو دەگەرا، ئەستێرە بوو لە ناو چاوی گەردوون، بە هێمنی ئەخوولایەوە.  



 

 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations