هەواڵ- بیروڕا

کاتێک نایانەوێت تێبگەن...کاتێک ناتوانن تێبگەن

08/12/2020

701 جار خوێندراوەتەوە


پارتی و یەکێتی و گۆڕان: ”جەختكراوە لەوەی خۆپیشاندانی مەدەنیانەی دوور لە گرژی‌و پەلاماردانی دامەزراوە فەرمییەكان‌و سەروماڵی هاوڵاتیان، مافێكی رەوایە.“
ئەوەی ئەم ھێزانە نایانەوێت لێیتێبگەن ئەو ڕاستییەیە کە کەس بڕوای بەم جۆرە قسە سواوانە نییە، ئەوان کێیان بۆگیرابێت گرتویانە و کێیان بۆ ئازاردرابێت ئازاریان داوە. زیندانەکانی بادینان پڕن لەو ڕۆژانامەنووس و چالاکەوانانەی کە ھەموو تاوانەکانیان ئەوەیە خۆپیشاندانی ھێمن و مەدەنیانەیان ئەنجامداوە. 

لەمەش بترازێت ھەموو منداڵێکی ئەو  ھەرێمە ئەو ڕاستییە ئەزانێت ئەم ھێزانە جگە لە زمانی فشاری گەورە،  لە توڕەبوونی کۆنترۆڵنەکراو،  لە زمانی پەلاماردان و سوتاندن،  لە ھەڕەشەی توندوتیژ ، زۆر توندوتیژ  لە ھیچ زمانێکی تر ناگەن. نە لە زمانی خۆپیشاندانی ھێمن و مەدەنیانە دەگەن، نە لە نووسین و شیکاریی ڕەخنەیگرەکانیان، نە لە ڕاوێژ و نەسیحەتی دۆستەکانیشیان، ئەوان لە دونیایەکدا دەژین کە دونیای خەڵکی ھەرێمەکە نییە، بە کۆمەڵێک کێشە و ململانێی ناوەکیی و دەرەکیی دەسەڵاتەوە سەرقاڵن کە کێشەی خەڵک و کۆمەڵگاکە نییە. 

 ساڵانێکە ڕۆژ نییە گروپێکی کۆمەڵایەتیی، کەرتێکی دانیشتوان، توێژێک لە توێژەکانی ئەو کۆمەڵگایە لەسەر شەقامەکان نەبن و بە شێوەی خۆپیشاندانی ھێمنانە داوای گۆڕانکاریی نەکەن. شەقامی شار و شارۆچکەکانی ئەم ھەرێمە لەم چەند ساڵەدا چۆڵ نەبووە. بە دەیان شێوە زەنگی خەتەر لێدراوە، سەرجەمی کێشەکان باسکراون و ناسێندراون. بەڵام ھیچیان ھیچ ئەنجامێکی پۆزەتیڤی نەبووە، ھەموویان بێ کاردانەوەیەکی ڕاستەقینە و وەک ھەواڵی سەر ھەسارەیەکی تر تێپەڕیون. کێشەی گەورە دروستدەبێت، وڵاتەکە لە ڕۆخی ئیفلاسکردن نزیکدەبێتەوە، فۆرمی کوشندە و نەناسراوی ھەژاریی دروستدەبێت، نائومێدیی دەبێتە ئاکاری سەرەکیی کۆمەڵگاکە، خەڵک لە توڕەییدا بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان دەکەن، ھەڵەی ستراتیژیی لەدوای ھەڵەی ستراتیژیی ئەنجامئەدرێت، کەچی  ھەمان دەموچاو و ھەمان قات لەبەر و ھەمان نوخبە ھەر حوکمڕانن و ھەر ئەوان بڕیاربەدەستن. نەک ھەر ئەمە بەڵکو لەناو ئەو وێرانەیەدا و لەپاڵ ئەو ھەموو ناڕازەیەتیەدا، ئەوان وێنەی منداڵەکانیان  وەک جێگرەوە و حوکمڕانی دوای خۆیان، نیشانئەدەن.

ئەگەر خۆپیشاندانی مەدەنییانە و ناڕەزاییدەربڕینی ھێمنانە و ڕەخنەی ڕۆژانەی خراپەکارییەکان لانی ھەرەکەمی کاریگەریان ھەبووایە، ئەگەر سیستمێکی سیاسیی لە ئارادابووایە بیتوانیایە بەڕووی لانی ھەرەکەمی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکاندا کرانەوەی ھەبووایە، لەسەر درۆ و دزیی و خراپ بەکارھێنانێکی سیستماتیکی دەسەڵات کارینەکردایە، وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی وەک ڕەعیەت و موڵکی شەخسی خۆی سەیرنەکردایە، ئەگەر ئینسانی ئێمەی وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز ببینیایە، ئەم دۆخەی ئەمڕۆ دروستنەدەبوو. ئێستا ئیتر نەوەیەک دروستبووە تاقەتی ژیانی لەو دونیا گەندەڵ و ئیھانەکەر و داخراو و پڕ ھەژاریی و نەخۆشیی و برسیەتییەدا نەماوە، نەوەیەک ئەمڕۆکە لە شارەکانی ھەرێمدا بە زمانی سوتاندن و ئاگرتێبەردان و بێباکی لە مردن قسەدەکات. نەوەیەک کە بەرھەمێکی لۆژیکی ئەو دونیا ناشیرینەیە ساڵانێکی درێژە دروستیدەکەن.


KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations