هەواڵ- جیهان

داعش بەرپرسیارێتی کوشتنی سێ میدیاکارە ژنەکەی ئەفغانستانی لە ئەستۆ گرت

03/03/2021

899 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

داعش بەرپرسیارێتی کوشتنی سێ میدیاکاری تەلەفزیۆنی ئینکاسی ئەفغانستان لە جەلال ئابادی رۆژهەڵاتی ئەوەڵاتە لە ئەستۆ گرت کە دوێنێ سێشەممە بە ئۆتۆمبێل بۆ ماڵەوە دەگەڕانەوە.
ڕووداوی کوشتنی ئەو سێ میدیاکارە ژنە، دوای سێ مانگ لە کوشتنی پێشکەشکارێکی تری ناسراوی هەمان کەناڵ بە ناوی مەلالە مایۆند دێت بە دەستی چەکدارانی داعش کە جگە لە کارەکەی خۆی، چالاکوانێکی دیاری مافەکانی ژنانیش بوو.
بەوتەی زاڵمای لەتیفی، بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی ئینکاس تیڤی، ئەو سێ کارمەندە ژنە لە دوو هێرشی جیادا کوژران لەگەڵ شۆفێرێکیاندا، ئەوەش دوای گەڕانەوەیان بووە لە نووسینگەوە بۆ ماڵەوە، کە هەرسێکیان لە بەشی دۆبلاژدا کاریان دەکرد.
هەرچەندە داعش لەم ساڵانەی دواییدا لاواز بوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستاندا خۆی بەهێز کردوە و هەندێکجار بانگەشەی هێرشی خۆکوژی و کوشتن لە گەورە شارەکانی وەک کابوڵ دەکات.
زاهیر عادل، وتەبێژی نەخۆشخانەی هەرێمی نەنگەرهار ڕایگەیاند، تەرمی سێ ژنە کارمەندەکەیان گواستوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و دوو ژنی دیکەش لەو چوارچێوەیەدا برینداربون.

 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations