هەواڵ- کوردستان

کچە ئەندازیارەکەی وەزارەتی کارەبای هەرێم بۆ کوژرا؟

29/03/2021

2253 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس

ئەمڕۆ دوشەممە کچێک کە ئەندازیار بوە لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کوڕێکەوە تەقەی لێکراو کوژرا، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش ئاشکرایکرد، روداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە رویداوە و تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە.
هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دوشەممە لەبەردەم وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "کاتژمێر 10:18 خولەکی پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ لەنێو وەزارەتی کارەبا روداوێکی کوشتن رویداوە، دوای ئەوەی دو کەس بوەتە دەمەقاڵێیان لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی".

وتیشی:" لەروداوەکەی ئەمڕۆدا کچێک بەناوی  شادییە کوژراوە، ئەو کچە ئەمڕۆ بۆ وەرگرتنی موچەکەی سەردانی وەزارەتی کارەبای کردوە، کە ئەندازیاری وەزارەتەکە بوە، بەڵام لەگەڵ کارمەندێکی دیکە، کە لەبەشی ئامار بوە و پێشتر پەیوەندیەکییان هەبوە و کێشەیەک لەنێوانیان دروستبوە بوەتە دەمەقاڵێیان و کوڕەکە تەقەی لێکردوە".

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشکرد، "کچەکە ماوەیەکە هاوسەرگیری کردوە و ئەو کوڕەشە لە تۆڵەی ئەو کارەدا، ئەمڕۆ دەمانچەیەکی بردوەتە ناو وەزارەت و هێرشی کردوەتە سەر کچەکە و گوللەیەکی بەر کەوتوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە".
ئەوەشی خستەڕو، رێکارە یاساییەکانیان گیراوەتەبەرو تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لە روداوەکە دەکرێت.

 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations