هەواڵ- جیهان

ترەمپ نەخۆشخانە جێدەهێڵێت

06/10/2020

507 جار خوێندراوەتەوە


چاوەڕێدەکرێت ئێوارەی رۆژی دووشەممە 2020/10/05 بە گوێرەی کاتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە نەخۆشخانە جێبهێڵیت. 

مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکاش لە تازەترین تویتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر دەڵێت، هەست بە باشی دەکات و بۆ چەند رۆژێکی دیکە لە ماڵەوە پشوو دەدات. 

هاوکات کایلی ماکنانی گوتەبێژی کۆشکی سپی تووشی کۆرۆنا بووە و لە تویتێکدا دەڵێت، دەست بە پرۆسەی خۆکەرەنتین دەکات. 

مارک میدۆز، بەرپرسی کاروباری کۆشکی سپی، لەبارەی دۆخی تەندروستیی دۆناڵد ترەمپەوە رایگەیاندووە کە ئەوان گەشبینن  دوای بەسەربردنی چەند رۆژێک لە نەخۆشخانەی واڵتەر ریددا ترەمپ بتوانێت ئێوارەی دووشەممە بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی.

 ئەوە لە کاتێکدایە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی واڵتەر رید دەڵێن، بەرنامەیەکی چارەسەرییان بۆ سەرۆکی ئەمریکا داناوە و ئەگەر لە نەخۆشخانەش دەربچێت، دەتوانێت لە کۆشکی سپی لەسەر بەرنامەکە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بە تەواوی چاک ببێتەوە.

 لە ماوەی چەند کاژێری رابردووشدا دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر چەند تویتێکی کردووە و تێیدا داوا لە خەڵکی ئەمریکا دەکات، تاوەکو کات ماوە خۆیان بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا تۆمار بکەن.

 ترەمپ لەو تویتانەیدا دەڵێت، بۆ بەهێزکردنی ئەمریکا، گەڕانەوەی سەربازەکانمان بۆ نیشتمان، چاودێریی تەندروستیی هەرزانتر و لەپێناو یاسا و رێکخستندا بەشداری بکەن و دەنگ بدەن. 

نیشانەکردن :

#ترەمپ
KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations