هەواڵ- کوردستان

بۆ بەرەو پیرەوەچوونی بانگەوازی کەسوکاری سزادراوانی بادینان داوای گردبوونەوە دەکرێت

25/06/2021

389 جار خوێندراوەتەوە


حاکم شێخ لەتیف کەسایەتی دیاری بواری دادی لە هەرێم و ئەندامی پێشوی ئەنجومەنى دادوەری هەرێم داوادەکات بۆ بەرەو پیرەوەچوونێکی بانگەوازی کەسوکاری سزادراوانی بادینان داوای گردبوونەوە دەکرێت.

 

حاکم شێخ لەتیف لە فەیسبوکی خۆی بانگەوازێکى بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
"بانگەوازی گردبوونەوە
کۆمەڵێک لە پارێزەران و یاساناسان و چالاکوانی مەدەنی وەک بەرەو پیرەوەچونێکی بانگەوازی کەسوکاری سزادراوانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان و لەم سەرو بەندەش کە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری خانەنشین دەکرێت .

ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر ٥ ی ئێوارە لە باخی گشتی گردبوونەوەیەک ساز دەکەن و وتارێکیش بۆ رای گشتی و ڕۆژنامەنوسان و میدیاکان دەخوێننەوە و تیایدا جەخت دەکەنەوە لە :ـ

یەکەم /پەلەکردن لە یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی سزادراوانی بادینان و بەشێوەیەک کە دادپەروانە بێت و ھەڵەکانی پیشوو راست بکرێنەوە
دووەم / بانگەواز دەکەن بۆ رای گشتی و لایەنەکان و ئەنجومەنی دادوەری کە بۆ یەکەم جار با پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بدرێتە کەسێکی بێلایەن و شایستە کە جێگای متمانە بێت و بتوانێ ئەو بارە ناھەموارەی دەسەلاتی دادوەری تێی کەوتوە کەمێک راست بکاتەوە.

ھەروەھا سەرکۆنە کردنی یاری کردن بە ئاسایش و شعوری خەڵک کە ماوەیەکە لە سلێمانی چەندین رووداوی لەو جۆرە دوبارە بونەوە

ھیواخوازن کەسانی خەمخۆری ئەم بوارە بەشداری بەرچاویان ھەبێت ".

ئەمەش لەدوای ئەوە هات ئەمڕۆ کەسوکاری ئەو دەستگیرکراوانە داوایان لە خەڵک کرد هەڵوێستیان هەبێت لە سەر دۆسیەى کۆڕەکانیان کە لەسەر "مافی گشتی خەڵک گیراون".

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations