هەواڵ- کوردستان

پۆلیسی هەولێر بکوژی مێردمنداڵەکەی هەولێری ئاشکراکرد

26/06/2021

825 جار خوێندراوەتەوە


لەدوای گومانی کوژرانی مێردمنداڵیکی تەمەن ١٥ ساڵ لە ٨ ئەم مانگە لە شاری هەولێر، پۆلیسی هەولێر دانی بەوەدانا کە ئەو گەنجە بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی هەولێر کوژراوە.  
لە ڕۆژی ٨ / ٦ / ٢٠٢١  و لە سنوری دەشتی هەولێر لە ڕووداوێکی تەم ومژاویدا مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵان کوژرا،  دوای ١٨ ڕۆژ لە کوژرانی کوڕەکەیان، ئەمڕۆ شەمە کەس و کارەکەی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایانگەیاند، گومانیان لە دۆسییەی کوژرانی کوڕەکەیان هەیە.

هاوکات پاش کۆنفراسەکەی ئەمڕۆی کەس و کاری کوژراوەکە ، هەر ئەمشەو هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوەکە دا و ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەو گەنجە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لە مەفرەزەیەکدا کوژراوە.  

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "شەوی ٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی هەولێر مەفرزەیەکیان داناوە کە پێکهاتبوون لە پۆلیس و ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، لەکاتژمێرا ١١:٠٠ ی شەو لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (BMW) تەقە لە مەفرەزەکە دەکرێت و خۆیان دەکەن بەنێو مەفرزەکەدا." 
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی  ئەو دەزگا ئەمنییانە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلەدا تۆمەتباری تەقەکەر بەناوی (ح. ج. ی) کوژراوە و تۆمەتبارەکەی دیکەش دەستگیرکراوە."  

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشکرد، "لەدوای ڕووداوەکە لە ئۆتۆمبێلەکەدا دەستگیراوە بەسەر چەندین چەک و گولـلە و نارنجۆکی دەستی و دەریشکەوتووە ئەو کەسەی کوژراوە پێشتر شەش فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و داواکراوە بووە."  

ڕوونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێر لەدوای ئەوە هات  ئەمڕۆ شەمە برایەکی ئەو مێردمنداڵە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ڕۆژی ٩ ی ئەم مانگە چەند كەسێك بە ماتۆڕ هەواڵی كوژرانی براكەمیان پێ گەیاندم، كاتێك چوومە بنكەی پۆلیس، بەڕێوەبەری بنكە پێی وتم، براكەت لەگەڵ كەسێكی دیكە لە مەفرەزەی هاوبەشیانداوە و دژەتیرۆر براكەتیان كوشتووە."  

ئاماژەی بەوەشکرد، "دواتر چوومە پزیشکی دادوەری و هەموو شتێک تەواو بوو، من بۆ بەڵگە بە گرتەی ڤیدیۆیی لامە کە تەرمی براکەم حەوت گولـلەی پێوەبووە، جگە لەوەی شوێنی قەمەش لێی درابوو بە ١٨  تەقەڵ دوورابووەوە."    

ئەوەشی ئاشکراکرد، "بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دەشتی هەولێر پێی وتین، ڕاگەیاندنەکان تێمەگەیەنن، شیخ وەیسی بارزانی خۆی لەسەر خەتە، هەم لە پزیشکی دادوەریش وتیان ڕاگەیاندنەکان تێمەگەیەنن بۆخۆتان خراپە، ئێمەش تەرمەکەمان وەرگرتەوە و بەخاکمان سپارد."    

باسی لەوەشکرد، "براکەم لە پێشەوە گولـلەی لێدراوە و لەسەری دراوە، ئەگەر لە مەفرەزە هەڵبهاتایە دەبوو لە دواوە لێی بدرایە، هەروەها پاش ١٥  کاتژمێر لەڕێگەی دوو کەسی مەدەنییەوە پێیان وتووین کوڕەکەتان کوژراوە، هەروەها کوڕەکەی ئێمە ئۆتۆمبێلی پێنییە و هاوڕێکەشی سەلامەتە بۆیە گومانمان لە ڕووداوەکە هەیە."  

ڕوونیشیکردەوە، " ئێستاش كەس ئامادە نیە لەسەر دۆسیەكە بێتە دادگا و شایەتی لەسەر ڕووداوەكە بدات و هەوڵ دەدرێت دۆسیەكە دابخرێت."   

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations