هەواڵ- کوردستان

نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی توند دژی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بڵاوکردەوە

28/06/2021

1117 جار خوێندراوەتەوە


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەکەى دادگای تێهەڵچوونەوەى هەولێر لەبارەى سزادانی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان "دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامودەزگاکانی سیستەمی دادوەری لە هەرێم پێویستە."  

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بەسەر چالاکوانانی بادیناندا لە تویتێکدا رایگەیاندووە، "بەداخەوە بڕیارەکەى دوێنێی دادگای تێهەڵەچوونەوەى هەولێر دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامودەزگاکانی سیستەمی دادوەری لەوپەڕی پێویستیدایە لە هەرێمی کوردستان بۆ پێشتگرتن لەم جۆرە بڕیاردانە چەوتانە."   

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەمە، مارتن هوز باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، لێپێچینەوە ناڕاست و ناتەندروست بەرامبەر دەسگیرکراوانی بادینان کراوە، وتیشی، "مافی ڕا دەربڕین و دادگایەکی سەربەخۆ، یەکێکن لە بنچینەکانی دیموکراتیەت."

جێی باسە دوێنێ، دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و بەمەش تەواوی تانەکان رەتکرایەوە کە ئاراستەی ئەو دۆسیەیە کرابوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنووس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، ئەم بریارەیش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان لە هەرێم و عێراق ئیدانەی ئەم کارەیان و کرد و دژی وەستانەوە.

 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations