هەواڵ- کوردستان

ئاسایشی سلێمانی: کۆمپانیایەکی ئەهلی بێ ئاگاداری و مۆڵەت هێزی چەکداری دروست کردوە

10/09/2021

6234 جار خوێندراوەتەوە


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بەشی جموجۆڵی هێزەکانی ئاسایش لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەخت کۆمپانیای ئەمنی (TALON) یان بەسەر کردوەتەوە و دەرکەوتوە کە پابەندی رێنماییەکانی پەیوەست بەکاری کۆمپانیا ئەمنییەکان نەبوە، چونکە "هەستاون بەپێکهێنانی هێزێکی 89 کەسی بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی دەزگا ئەمنییەکان، هەروەها لە بەدواداچونەکاندا دەستگیرکراوە بەسەر 120 چەکی جۆراوجۆر کە مۆڵەتی بەکارهێنان و هەڵگرتنیان نیە لەلایەن کۆمپانیا ئەمنییەکان".

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشكردوە، "رۆژی 9-9-2021 تیمێکی بەشی چاودێری و پشکنینی کۆمپانیا ئەمنییەکان بە هاوکاری بەشی جموجوڵی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کۆمپانیای تالۆن (TALON) یان بەسەرکردەوە و دەرکەوت کە ئەو کۆمپانیایە پابەند نەبوە بە رێنماییەکانی پەیوەست بە کاری کۆمپانیا ئەمنییەکان".

ئەوەش هاتوە، "کۆمپانیاکە هەستاوە بە پێکهێنانی هێزێکی 89 کەسی بێ وەرگرتنی رەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان و سێ خولی راهێنانی سەربازی و چەکی بۆ کردونەتەوە".

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکردوە، "کۆمپانیای تالۆن (TALON) هەستاوە بە بەکارهێنانی کارگەیەکی چیمەنتۆ وەک پێگەیەکی مەشق و راهێنانی سەربازی بەو هێزە دور لە چاوی دەزگا ئەمنییەکان، هەروەها هێزەکانی ئاسایش لە کاتی پشکنیندا دەستیان بەسەر 120چەکی جۆراوجۆر و 280 مەغزەنی فیشەکدا گرتووە".

دوێنێ پێنجشەممە هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی چونە سەر هەردو کارگەی چیمەنتۆی گاسن لە بازیان و گروپی کۆمپانیاکانی فاروق لەشاری سلێمانی،  ئەو کات هێزەکانی ئاسایش باسیان لەوەکرد هەواڵیان پێدراوە کە "چەکی نایاسایی" لە کارگەکەدا بونی هەبوە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations