هەواڵ- کوردستان

شاژنە فەرامۆشکراوەکەی مۆسیقای کوردی کۆچیدوایی کرد

14/09/2023

192 جار خوێندراوەتەوە


هونەرمەندە رێچکە شکێنەکەی کورد بۆچی کەوتە نەخۆشخانەی دەرونی؟
شاژنەکەی مۆسیقای کوردی چۆن عەشق گۆشەگیری کرد؟
چریکەکەی گۆرانی کوردی بۆچی فەرامۆشکراوە؟
فەتانەی وەلیدی، لە یەكەم ژنانی گۆرانیبێژی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، ساڵانی حەفتاكان چریكەی ئەفسانەیی ئەم ژنە رچەشكێنە، رۆژهەڵاتی كوردستانی تەنی.
فەتانەی وەلیدی، ساڵی 1953 لە شاری سنە لە خێزانێکی هونەرمەند لەدایكبووە، لە خوێندنگەی باڵای میوزیك لە تاران خوێندوویەتی و ساڵانی حەفتاكان لە رێگەی گروپی کامکاران و بە پشتیوانی باوکی کە ژەنیاری ڤیۆلۆن بووە، بە جیهانی مۆسیقا ئاشنا بووە. 
فەتانە یەكەم گۆرانییەكانی لە تەمەنی منداڵیدا و بە هاندانی حەسەن كامکار تۆمار كرد، هەرچەندە درەوشانەوەی فەتانەی وەلیدی چەند ساڵێكی كەم بوو، بەڵام زیاتر لە 56 گۆرانی لە رادیۆكانی سنە و كرماشان تۆمار كرد كە تەنها یەك ئەلبوومی بەردەستە و هۆكاری بڵاونەبوونەوەی گۆرانییەكانی دیكەی تا ئێستاش دیار نییە.
تا ئێستا هۆکارێکی تەواو بۆ دورکەوتنەوەی فەتانە لە گۆرانی و میوزیك نیە، بەڵام هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی گیرۆدەبوونی بە عەشقێکی تراژدی و بێ ئەنجام ئەویان توشی نەخۆشی دەروونی کردوە.
چیرۆکی عەشقە ناکامەکەی، زیاتر لە نیو سەدەیە فەتانە وەلیدی لە گۆشەی تەنیاییدا هێشتوەتەوە، مەگەر هەندێك كەس و لایەن سەردانێكیان كردبێت و وەك وەفایەك بۆ ژنێك كە دەیتوانی شاژنی مۆسیقای كوردی بێت، رێزیان لێگرتووە. 
لە ساڵی 2017 و لە دوای مردنی باوکیەوە، کۆستی بێکەسی یەخەی فەتانی وەلیدیان گرتوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کۆباس کەسێکی ئاگاداری ئەو هونەرمەندەوە وەریگرتوە، ماوەی چەند ساڵێکە ئەو گەورە هونەرمەندە لە ناوەندێکی چاودێری و راگرتنی نەخۆشە دەروونییەكان لە شاری سنە ژیان دەکات، . خوشكەكانی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ قەدەغە كردووە و جگە لە چەند كەسێكی تایبەت، رێگە بە كەس نادرێ چاویان بەو هونەرمەندە بكەوێ.
دواجار و لە ١٤ی ٩ ی ٢٠٢٣ دا هونەرمەند نەجمەدین غولامی رایگەیاند کە فەتانەی وەلیدی لە تەمەنی 70 ساڵیدا لە شاری سنە کۆچی دوایکردووە و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations