هەواڵ- کوردستان

سیخوڕی چینی لە نێو پەرلەماندا

14/09/2023

133 جار خوێندراوەتەوە


سیخوڕی چینی لە نێو پەرلەماندا 
شەڕی ساردی چین و بەریتانیا گەرم دەبێت
بەریتانیا سیخوڕە چینییەکان ئاشكرا دەکات
(چین)یش لەولاوە وەڵام دەداتەوە
سڵاوتان لێبێت، ماردین نورەدینم، لە چوارگۆشەی سوری ئەمڕۆدا باسی سیخوڕە چینیەکانتان بۆ دەکەم لە نێو پەرلەمانی بەریتانیا
دەستگیرکردنی دوو سیخوڕی چین لەلایەن بەریتانیاوە، ریسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەندەن و بەیجین دەکاتەوە بەخوری.
لێرەوە شەڕی ساردی چەند ساڵەی نێوان چین و بەریتانیا سەر بۆ قۆناغێکی نوێ دەکێشێت و لەندەنیش هەموو نهێنییەکان ئاشکرا دەکات.
بەریتانیا ئاشكرای کردوە، دوو سیخوڕی چینیان لە پەرلەمان دەستگیرکردوە، کە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 35 ساڵیدایە
کریس کاش ناوی یەکێک لە سیخوڕە دەستگیرکراوەکانە، تەمەنی 28 ساڵە و توێژەری یاساییە و  لەسەر سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان کاری کردووە و ماوەیەکیش لە چین ژیاوە.
کریس چەند جارێک لەگەڵ تۆم توگێندهات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا گفتوگۆی کردووە، پێش ئەوەی پۆستی وەزیری ئاسایشی بەریتانیا وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی کۆمۆنەکان هەبووە. 
سیخوڕە دەستگیراوەکەی چین، توانیویەتی بەشێوەیەکی زیرەکانە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ئەندامانی پەرلەمان دروست بکات کە دەستیان بە زانیاری نهێنی دەگات و لەوێوە زانیاری بەرەو بەیجین دزە پێکردووە. 
کریس کاش توانیویەتی بۆ کارە سیخوڕی هەواڵگیرییەکانی پشت بە میدیا ئەلکترۆنییەکان ببەستێت و چەند جارێکیش هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەنووسە سیاسیەکان داوە.
بەریتانیا پەرلەمانی وڵاتەکەی بەشوێنی ئامانجگیراوی سیخوڕەکان دەستنیشانکردوە، ئەمەش ترسی لای زۆرینەی پەرلەمانتاران دروستکردوە و دەترسن ببنە ئامانجی تۆڕە هەواڵگیری و ئەمنییەکانی چین.
ئاشکراکردنی ئەم دۆسییەیە و راگەیاندنی نیگەرانی لەلایەن سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی بەریتانیاوە نیگەرانی گەورەی لای چین دروستکردوە، چین ئەو هەنگاوانەی بەریتانیا بە بوختانێکی خراپەکارانە و گاڵتەجاڕی سیاسی دەزانێت و ناڕەزایەتییەکانیشی لەلایەن باڵیۆزخانەکەیەوە لە لەندەن بە بەرپرسانی بەریتانیا وتوە.
ئەم دۆخەش ئێستا قەیرانێکی دیکەی سیاسی هێناوەتە کایەوە کە بە شەڕی ساردی  چین و بەریتانیا ناودەبێت

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations