هەواڵ- کوردستان

چیرۆکى ناخهەژێنى ئەو گەنجەى دواى مانگێک لە هاوسەرگیرى گیانى لەدەستدا..

16/09/2023

259 جار خوێندراوەتەوە


چیرۆکى ناخهەژێنى ئەو گەنجەى دواى مانگێک لە هاوسەرگیرى گیانى لەدەستدا..
ئەو بۆ خۆشى و سەیران ماڵەوەى جێهێشت، کەچى هەموو ماڵەکەى کرد بە شین..
هەموان چاوەڕێى گەڕانەوەى بوون، بەڵام هێشتا تەرمەکەشى نەگەڕاوەتەوە..
ئەو مامۆستا بوو، چاوەڕێ بوو مووچە دابەشبکرێت و بگەڕێتەوە بۆ ناو خوێندکارەکانى، بەڵام بۆ هەمیشە خوێندکارەکانى جێهێشت..
ئارام محەمەد، تەمەنی 25 ساڵ بوو، دوێنێ هەینی لە پێنجوێنەوە بەمەبەستی گەشتکردن ڕووی لەسەیرانگای بۆگد لە سنووری قەزای کۆیە کردبوو، لە کاتی مەلەکردن لە زێی بچووک خنکا و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
گۆران محەمەد، بەڕێوەبەرى بەرگریى شاستانى کۆیە دەڵێت، ئەو گەنجە لەنێوان بۆگد و گۆپتەپە مەلەوانى کردووە و تا ئێستا تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە و هەڵمەتێکى چڕ بۆ دۆزینەوەى تەرمەکەى لەلایەن تیمەکانى ئێمە و مەلەوانى شارەزاوە دەستى پێکردوە.
ئەو گەنجە  نزیکەى مانگ و نیوێکە هاوسەرگیرى کردووە و دوێنێ لەگەڵ ماڵى خەزورى چوون بۆ چەمی دەورووبەری گۆپتەپە و بۆگد لە سنورى قەزاى کۆیە و دەیەوێت مەلە بکات و لەکاتی مەلەکردن لە کاتژمێر ٤ ی ئێوارە ژێر ئاو دەکەوێت و دەخنێکێت.
ئارام مامۆستا بووە لە قوتابخانەى موفتی پێنجوێنی لە سنورى قەزاى پێنجوێن و وەک هەموو مامۆستایانى دیکە چاوەڕێ بوو حکومەتى هەرێم دەست بە دابەشکردنى مووچە بکات و بگەڕێتەوە بۆ ناو خوێندکارەکانى، بەڵام مەرگ مەوداى نەدا بۆ گەڕانەوە..
مامۆستا ئارام گەنجێکى خۆشەویستى پێنجوێن بووە و لەناو خوێندکار و هاوڕێکانیشیدا خۆشەویست و دەم بە پێکەنین و قسە خۆش بووە، بەڵام دواجار مەرگ کۆتایی بە ژیانى ئەو مامۆستا خۆشەویستە هێنا و بەبێ ئەوەى ماڵئاواییان لێ بکات، هاوسەر و کەسوکار و خوێندکارەکانى بەجێهێشت و برینێکى گەورەى لەدڵى هەمواندا دروست کرد..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations