هەواڵ- کوردستان
کوڕەکەى؛ سەرى سەرۆکى ئەمریکا دەخوات
کوڕەکەى؛ سەرى سەرۆکى ئەمریکا دەخوات..
گرنگ نییە کوڕى کێى، تاوانت کرد دەبێت سزا بدرێیت، ئەگەر کوڕى سەرۆکى ئەمریکاش بیت..
بەڵێ ئەمریکا هەرێمى کوردستان نییە کە کوڕى بەرپرس تاوان بکات و کەس بۆى نەبێت دەستى بۆ بەرێت، لەوێ کوڕى سەرۆکیش دەستگیردەکرێت، تەنانەت سەرۆکیش دادگایی دەکرێت و زیندانى دەکرێت..
جارێكی تر دادگا پرسی تۆمەتەكانی سەر هانتەر بایدن، كوڕی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكای وروژاندووەتەوەو بەو هۆیەشەوە باوكی تووشی لێپرسینەوە كردووەوە..
هانتەر بایدنى کوڕى جۆ بایدن، بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرو بەكارهێنانی چەك و نەدانی باج لە كاتی خۆی تۆمەتبارە و ئەو تۆمەتانە پێشکەش بە دادگای فیدراڵی لە ویلایەتی دێلاوێر کراوە، بەپێی ئەو تۆمەتنامەیەی کە پێشکەش بە دادگای فیدراڵی لە ویلایەتی دێلاوێر کراوە، بایدن جونیۆر (53 ساڵ) تۆمەتبارە بە درۆکردن سەبارەت بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بەكارهێنانی چەك لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2018.
جگە لەوەش تۆمەتبارە بە ئاڵوودەبوون بە بەكارهێنانی ماددەی کۆکاین، هەروەها کوڕەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەسەر مامەڵە بازرگانییەکانی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و و ئەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى ئەو کراوان سزاکەى تاوەکو 25 ساڵ زیندانى دەڕوات.
ئەو پارێزەرە تایبەتەی سەرپەرشتی دۆسیەکە دەکات ئاماژەی بەوە کردووە، کە تۆمەتەکانی دیکەی نەدانی باج لە کاتی خۆیدا دەتوانرێت ڕەوانەی دادگاكانی واشنتۆن یان کالیفۆرنیا بکرێت، کە هانتەر لەوێ نیشتەجێیە.
ئێستا کوڕەکەى سەرۆکى ئەمریکا چاوەڕێى بڕیارى دادگایە و پێدەچێت بەهۆى ئەو تۆمەتانەى لەسەریەتى سەرى باوکیشى بخوات…