هەواڵ- کوردستان
نەوەی نوێ بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چی کرد؟
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، واتە بۆ سێ مانگ بڕی 2.1 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران دەنێرێت.
بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دوای سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بوو بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی، ئەم شاندە نەک تەنها لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە کابینەی نۆیەم بەشدارییان تێدا کرد بەڵکو کۆمەڵ و یەکگرتوش کە لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزیسیۆن پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکان ڕاگەیاند.
یەکڕیزی لایەنەکان لەم پرسەدا لە پێناو قوتی فەرمانبەرانی هەرێمدا بوو تا موچەخۆران لە چاوەڕوانی و قەیرانی بێ موچەی ڕزگار بکات، نەوەی نوێ لەم پرسەدا نەک پشتیوانی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی موچەخۆران نەکرد بەڵکو لە ڕێگەی میدیا و پەرلەمانتارانیانەوە دژی داواکارییەکانی موچەخۆران وەستانەوە.
لەسەر هەڵوێستەکەی نەوەی نوێ، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پرسی بودجە و مووچە لە بەغداد بووەتە پرسێکی نیشتمانی لایەنە کوردستانییەکان بێجگە لە نەوەی نوێ، پێویستە لە هەرێمەوە هەوڵی یەکڕیزی و یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدرێت، لە بەغدادیش یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان زۆر گرنگە، چونکە ئەو دەستکەوتانەی بە دەستمانهێناوە بە یەکڕیزی بووە، ئەوەشی لە دەستمان داوە بە ناکۆکی بووە، بۆیە یەکڕیزی خاڵی سەرکەوتنمانە.
نەوەی نوێ تەنها لەم پرسەدا دژ بە خواستی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵکو لە کاتی پەسەندکردنی یاسای بودجەدا نەوەی نوێ پشتیوانی کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەر گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچە نەکرد.
لایەنە سیاسییەکان جگە لە نەوەی نوێ پرۆژەیەکییان پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرد، تا لە یاسای بودجەدا جێگیر بکرێت مانگانە ٪12ی پاشکەوتی موچە بدرێتەوە بەڵام نەوەی نوێ پشتیوانی هەوڵەکەی نەکرد.
نەوەی نوێ کە خۆی بە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی ناساندوە و لە پەیامەکانیادا خۆی وەک بەرگیریکارێکی هاوڵاتیان نیشاندا دەدات، تێستاش جوڵەکانی ئەو حزبە بۆ هاوڵاتیان جێگەی گومانن و ناتوانن متمانە بەو لایەنە بکەن.
لە پرسی موچەدا نەوەی نوێ و خاوەنی جوڵانەوەکە بە وتار و بانگەشە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی موچەخۆران و هاوڵاتیان دەدەن، بەڵام لە کرداردا دژ بە خواستی موچەخۆانی هەرێمی کوردستان دەوەستنەوە.
نەوەی نوێ تەنها بە دژایەتیکردنی خواستی یەک دەنگی بۆ داواکردنی موچەی فەرمانبەران نەکردوە، بەڵکو چەندین کارتی دەستی موچەخۆرانی سوتاندوە و حەوت دۆسیەی لەسەر مافەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی بە حکومەت دۆڕاندوە.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەسەر دۆڕاندنی دۆسییەکانی نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵی ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، نەوەی نوێ بەم هەنگاوانەی بیانو دەداتە حکومەت.
شارەزایانی یاسایی نایشارنەوە ئەو یارییەی نەوەی نوێ بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەیکات یارییەکی مەترسیدارە، چونکە بەشێکی ئەو دۆسیانەی نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵی دۆرانویەتی لە تایبەتمەندی دادگاکەدا نەبوون بەڵام نەوەی نوێ بەو کارە پەردە پۆشی کارەکانی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی کردوە و ڕوی سپیکردنەتەوە و کارە نایاسایییەکانیشیانی بە یاسایی کردوە.