هەواڵ- کوردستان

ئەو نابینایەی هەشت کتێبی نوسیوە و بە شەش زمان قسە دەکات

پێش 1 هەفتە

34 جار خوێندراوەتەوە



بەهرەکانی هەمووانی شۆک کردوە
ئەوەی چاو ساغەکان ناتوانن بیکەن ئەم بە ئاسانی ئەنجامی دەدات
شاعیرێکی بەسەلیقە و ژەنیارێکی بە توانایە و قورئانیش دەخوێنێت
بڕوانامەی ماستەری لە یاسادا هەیە و دەیەوێت دکتۆرا بخوێنێت

ئەمانە هەمووی پێناسەی ئازاد عەبدولڕەحمانی تەمەنی 61 ساڵن کە خەڵکی سنوری پارێزگای دهۆکە و لە تەمەنی هەشت ساڵیەوە رۆشنایی چاوەکانی لە دەستداوە.
ئەگەرچی لەو تەمەنە کەمەوە بەهۆی نەخۆشیەوە چاوەکانی لە دەستداوە، بەڵام ئەمانە هیچیان ئازادی لە بەدەستهێنانی بڕوانامە و فێربوونی زمان و بڕینی قۆناغەکانی دیکەی ژیان بە سەرکەوتوویی رانەگرتووە.
ئازاد عەبدولڕەحمان لەگەڵ بێ بەش بوون لە بیناییەکەی خودا چەندین بەهرەی دەستڕەنگینی پێداوە و هەر لە منداڵیشەوە ئەو بەهرانەی تێدا دەرکەوتوە.
ئەو لە نێو هەموو بەهرەکانیدا گرنگی زیاتر بە کاری ژەنیاری و ژەنینی ئامێری کەمانچە دەدات تا بەپێی کات دەتوانێت ببێتە یەکێک لە ژەنیارە دیارەکانی کوردستان.
ئەم هونەرمەندە لەگەڵ کاری ژەنیاریشدا خواستێکی زۆری بۆ خوێندن هەیە و سەرجەمی قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتوویی بڕیوە و ئێستا خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە یاسای گشتیدا و بە نیازە بڕوانامەی دکتۆراش لە هەمان بواردا بەدەست بهێنێت.
هاوشانی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە ئازاد عەبدولڕەحمان نوسەرێکی بەتوانەیە، تا ئێستا هەشت کتێبی چاپکردووە، کە دوو کتێبیان عەرەبین و شەشیان بە زمانی شیرینی کوردی نوسراون و کە بەشێکیان بەرهەمی شیعرین.
ئەم نوسەرە و هونەرمەندە جگەلە زمانەکان کوردی و  عەرەبی دەتوانێت بە بە زمانەکانی ئینگلیزی، فارسی، فەڕەنسی و ئەڵمانی قسە بکات.
ئازاد عەبدولڕەحمان لەگەڵ بەهرە هونەرییەکانیدا یاریزانێکی بەتوانای یاری شەترەنجە و کەم کەس هەیە بتوانێت رکابەرێتی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا قورئان خوێنێکی بە سەلیقەیە

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations