هەواڵ- کوردستان
دڵى پارتى لەلێدان دەکەوێت
دڵى پارتى لەلێدان دەکەوێت..
ئەو شارەى پارتى بەدڵى خۆى دەزانێت هاوارى لێهەستاوە..
مادەى هۆشبەر دەگاتە ناو خوێندنگە و زانکۆکان..
دۆخێکى مەترسیدار لەناو دڵى پارتیدا دروستبووە و هۆشدارى دەدرێت..
پارێزگاى دهۆک کە پارتى بە دڵى خۆى وێناى دەکات و زۆرترین لایەنگرى هەیە لەو پارێزگایە، دۆخێکى مەترسیدار تیایدا سەرى هەڵداوە و پێدەچێت ئەو دۆخە سەرى پارتیش بخوات..
بەپێى ئامارەکانى دەستەى ئامارى هەرێم، پارێزگای دهۆک لە ڕووی هەژارییەوە لە پێشەوەی پارێزگاکانی تری هەرێمەوەیە و پلەى یەکەمى گرتووە.
هەروەها لەڕووى نەخوێندەواریشدا پلەى یەکەمى گرتووە ئەوەش بەپێى ئامارێکى وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە بەپێى ئامارەکە، لەسەر ئاستی عێراق پارێزگای موسەننا لە ڕیزی یەكەم دێت لە ڕێژەی نەخوێندەواری بە %18، بە دوایدا پارێزگای دهۆك لە ڕیزی دووەم دێت لەڕێژە نەخوێندەواری دا لەسەر ئاستی عێراق، كە بەپێی پەروەردەی عێراق %12 لە خەڵكی پارێزگای دهۆك نەخوێندەوارن.
ئێستا مەترسییەکى دیکە لەو پارێزگایە سەرى هەڵداوە کە بڵاوبوونەوەى مادەى هۆشبەر لە ناوەندەکانى خوێندن بە قوتابخانە و زانکۆکانیشەوە..
لاوین سەورى چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە دهۆک دەڵێت، ژمارەى بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر لە پارێزگاکە روو لە زیادبوونە و مادەى هۆشبەر چووەتە ناوەندەکانى خوێندنەوە و ژمارەى بەکارهێنان لەناو خوێندکاراندا زیادى کردووە و بێکاریش هۆکارێکە بۆ ئەوەى گەنجان پەنا بۆ بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر بەرن..
بەپێى ئامارەکان پارێزگاى دهۆک کە جێ نفوسى پارتییە و زۆرترین لایەنگرى هەیە لەو پارێزگایە، لەهەموو روویەکەوە بەرەو دواوە دەچێت، بۆیە پێدەچێت ئەو دۆخەى لەو پارێزگایە هەیە سەرى ئەو حیزبە بخوات و چى دیکە نەبێتە جێ نفوسى و لە هەڵبژاردندا زەبرێکى توندى لێبدات..