هەواڵ- کوردستان
ئێوە پێمان بڵێن جگە لە بافڵ تاڵەبانى کێ ئەمانەى پێدەکرا؟
ئێوە پێمان بڵێن جگە لە بافڵ تاڵەبانى کێ ئەمانەى پێدەکرا؟
دواى مام جەلال چى روویدا؟
حیزبێکى پەرتەوازە چۆن راستکرایەوە؟
یەکێتى دواى نەخۆشکەوتنى مام جەلال بە جۆرێک شێوا کە بەرەو توانەوە دەچوو، بێ سەرەوبەرەیی و دۆخێکى سەخت لەناو ئەو حیزبەدا سەرى هەڵدا، هەر گروپ بوو جیا دەبووەوە، هەر کەسە و هێزێکى سەربازى بۆخۆى دروستدەکرد، پارەى حیزبەکە تەخشان و پەخشان دەکرا، هەر بەرپرس بوو دەستى بەسەر مەرزەکاندا دەگرت..
ئەوەى لە بۆشایی مام جەلالدا لەناو یەکێتى روویدا شتێکى چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ئەو سەرکردەیەک بوو دەیتوانى هەموو هێز و دژ بەیەکەکان کۆبکاتەوە، بەڵام نەخۆشکەوتن و دواتریش کۆچى دوایی مام جەلال، ئەو حیزبەى بە جۆرێک شێواند هیچى وەک خۆى نەما، هەر بەرپرس بوو حیزبەکەى جێدەهێشت، هەر باڵ بوو لەو حیزبە جیا دەبووەوە، هەر کەسەو لە ئاوازێک دەیخوێند.
یەکێتى واى لێهاتبوو، کەس لەگەڵ کەسدا نەدەگونجا، حیزبەکە دابەشکرابوو بەسەر دەیان گروپ و کوتلەدا و هەرکەس بۆ خۆى بوو.
کاتێک وەفدێکى بیانى دەهاتنە هەرێمى کوردستان و دەیانویست لەگەڵ یەکێتى کۆببنەوە، نەیاندەزانى لەگەڵ کام بەرپرس و باڵدا کۆببنەوە، ناچار بەس لەناو یەکێتى بەجیا لەگەڵ چەند گروپ و کەسێکدا کۆدەبوونەوە..
ئەو حیزبە بەجۆرێک شێوابوو، هەمووان فاتیحایان لەسەر دەخوێند، نەیارەکانى پێی پێدەکەنین، بەڵام کەسێک هات و شانیدایە بەر بەرپرسیارێتییەکان و وتى ئیتر ستۆپ، ئەوەى روودەدات قبوڵکراو نییە، یەکێتى دەکەینەوە بە یەکێتییەکەى مام جەلال، دەبێت حیزبێک بێت بۆ خەڵک سیاسەت بکات و بەرژەوەندى هاوڵاتییان پێش هەموو بەرژەوەندییەکى دیکە بخات، ئەویش بافڵ جەلال تاڵەبانى بوو..
بافڵ تاڵەبانى هات و دەستى خستە سەر برینەکان و دەستى بەجوڵە کرد بۆ چارەسەکردنى برینەکان.
ئەو هات و یەکەم شت هێزەکانى رێکخستەوە و خستنیە ژێر یەک چەترەوە و ئیدى کۆتایی بەوە هێنا هەر بەرپرسە و خاوەنى هێزى تایبەتى خۆى بێت.
دواتر دارایی حیزبەکەى رێکخستەوە و تەخشان و پەخشانى پارەى حیزبەکەى راگرت و ستۆپ بەوانە کرا کە دارایی حیزبەکەیان خستوەتە خزمەتى خۆیانەوە..
ئەوانەى بەناو یەکێتییەوە ببوون بە مافیا بەسەر خەڵک و بازرگانەکانەوە، راپێچى زیندانى کردن و لێکۆڵینەوەیان لێکرا..
ئینجا دەستى برد بۆ ناوخۆى حیزبەکە و باڵ باڵێن و کوتلە و کوتلەکارى کۆتایی پێهێنا و حیزبەکەى کردە خاوەنى یەک بڕیار.
ئیدى یەکێتى بووەوە بەو یەکێتییەى مام جەلال کە لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە حسابێکى گەورەى بۆ دەکرا و کاتێکیش وەفدێکى بیانى دێتە لاى یەکێتى یەک وەفد پێشوازى لێدەکات و لەگەڵیدا کۆدەبێتەوە و سیاسەتى حیزبەکەشى خستوەتە خزمەتى خەڵکەوە و ئێستاش لەکاتێکدا کۆنگرە دەکات و تەحەددا دەکات، کە هیچ حیزبێک ئەو بوێریەى نییە لەکاتێکى وادا کۆنگرە بکات و بە درێژایی مێژووى کوردستان، لە پێنج کۆنگرەدا، ئەم کۆنگرەیە تاکە کۆنگرەیە کە کوتلە و باڵباڵێنى تێدا نییە.
بەڵێ ئەمانە بافڵ جەلال تاڵەبانى هەنگاوى بۆنا و بە ئامانجیش گەیشت..
ئێستا جارێکى دیکە دەپرسینەوە، جگە لە بافڵ تاڵەبانى کێ ئەمانەى پێدەکرا؟