هەواڵ- کوردستان

کەریمی عەلەکە .. وەزیرە دەستپاکەکەی سلێمانی

29/10/2023

334 جار خوێندراوەتەوە


کەریمی عەلەکە .. وەزیرە دەستپاکەکەی سلێمانی
ئەو پیاوە بە کارە خێرخوازییەکانی دەناسرایەوە
وەزیری دارایی بووە و خەمخۆری هەژاران بووە
کەریمی عەلەکە، ناوی تەواوی عەبدولکەریم ئەلیاسە و ساڵی 1867 لە سلێمانی لە دایکبووە بەڵام خانەوادەکەی خەڵکی گوندی هەرمۆتەی کۆیە بوون و یەکێک بوون لە پەیڕەوکارانی ئایینی کریستیان.
ئەلیاس پوڵسی باوکی، یەکێک بووە لە بازرگانە بەخشندەکانی سلێمانی ، خۆشی یەکێک بووە لە کەسە دڵ و دەرون پاکەکانی شار هەر بەهۆی میهرەبانییەوە ناوی باوکیان کردوە بە ئەلەکە و دواتریش لە زمانی خەڵکدا بووە بە عەلەکە.
کەریمی عەلەکە زۆرینەی ژیانی لە سلێمانی بووە، هەر لەم شارەش خوێندنی تەواو کردوە و  جگە لەکلدانی، زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی زۆر باش زانیوه.
ئەم گەنجە، سەرەتایی لاوێتی رێچکەکەی باوکی گرتوە و لە سنوری باشور  و رۆژهەڵاتی کوردستان و سوریا کاری بازرگانی کردوە.
بەهۆی خوێندەواری هاتوچۆکانیەوە خوێندنەوەی بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان کردوە، بۆیە پێش ڕوودانی جەنگی جیهانی یەکەم و هاتنی گرانی سەفەر بەلک دەغەڵودانێکی زۆری عەمبار کردوە.
لەگەڵ رودانی جەنگ و هاتنی گرانی گەورە کەریمی عەلەکە دەغڵ و دانی عەمبارکراوی بە نرخێکی کەم بە هاوڵاتیان فرۆشتوەتەوە و بێبەرامبەریش بەخێزانە هەژارەکانی داوە.
ئەم پیاوە خێرخوازە تەنها  دەغڵودانی بەسەر هاوڵاتیاندا نەبەخشیوەتەوەبەڵکو  هەموو ئێوارەیەک بەمەنجەڵی گەورە چێشتی لێناوە و بەسەر هەژاراندا دابەشیکردووە و سەدان کەسی لە برسێتی رزگار کردوە.
کەریمی عەلەکە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا وەک دادوەر لە دادگای سلێمانی کاری کردوە، کاتێکیش لە 10ی 10ی 1922 شێخ مەحمود حکومەتی راگەیاند بەهۆی دەستپاکیەکیەوە بە وەزیری دارایی دیاریکرا. 
کەریمی عەلەکە پۆستەکەی کردە هۆکارێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەژاری سلێمانی و جێنفوسی دەسەڵاتی.
کەریمی عەلەکە هێندە سلێمانی خۆشویستوە، ئەو کاتەی شارەکە لەلایەن ئینگلیزەوە بۆمباران کرا، هاوشانی چەند ماڵێکی دیکە مایەوە و  شارەکەی چۆڵ نەکرد.
دوای روخانی حکومەتەکەی شێخ، کەریمی عەلەکە چووە کەرکوک و لەوێش جێ دەستی میهرەبانی دیاریکرد و دواتر چووە بەغدا و  لەوێ مایەوە.
کەریمی عەلەکە  لە رۆژی 25ی 1ی 1948 کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی کاسۆلیکی بەغدا بەخاک سپێردرا
ئێستاش لەگەڵ ئەوەی چەندین گەڕەک و باخچەیەکی بە ناوەوە ناونراوە و پەیکەری بۆ دروستکراوە، لە سلێمانیش دامەزراوەیەکیان بە ناوییوە کردوە تا میهرەبانی و بەخشندەیەکەی بەردەوام بێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations