هەواڵ- کوردستان
ئەو پیاوەى ئۆقرەى نەگرت تا تۆڵەى لە حەلبوسى کردەوە..
ئەو پیاوەى ئۆقرەى نەگرت تا تۆڵەى لە حەلبوسى کردەوە..
رۆژانێک تۆمەتى تیرۆرى دەخرایە پاڵ، کە چى ئێستا سەرۆکى پەرلەمان دووردەخاتەوە..
رۆژانێک بەیەکەوە وێنەیان دەگرت، کەچى بوون بە دوژمنى یەکتر..
لەگەڵ سەرۆکى حیزبەکەى دانوى نەدەکوڵا و دوورخرایەوە، کەچى ئەو پشتى سەرۆکەکەى لەزەویدا..
لەیس دلێمى ئەو پیاوەى سەرۆکى پەرلەمانى عێراقی دا بە زەویدا و وازى لێنەهێنا تا تۆڵەى لێکردەوە..
لەیس مستەفا حەمود دلێمی لەدایکبووی 1976ـە و لە کۆتایی ساڵەکانی 2000ـەوە، تێکەڵاوی کاری سیاسیی بووە، ساڵی 2005 بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە دەستگیردەکرێت و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە گومانلێکراوانی دیکەدا نیشانی راگەیاندنەکان دران، لەو کاتەدا، لەیس هاواردەکات و دەڵێت لەژێر فشاردا دانیناوە بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە و ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هەر ئەوەش وایکرد ئازاد بکرێت.
ئەو هاوارەى لەیس بووە هۆى هەڵهاتنى خۆرى بەختى و زیاتر ناساندنی لەیس دلێمی و تا ئەوەى لە هەڵبژاردنەکانی 2013 بووە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە بەغدا و لە هەڵبژاردنی 2018 خۆى بۆ پەرلەمانى عێراق کاندید کرد و لە ساڵى 2021 یش بە بەدەستهێنانی 17 هەزار و 830 دەنگ لەسەر لیستی حزبی تەقەدوم لە بەغدا، جارێکی دیکە بووەوە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
ئەو حیزبەى کە لەیس لەسەر لیستەکەى بووە پەرلەمانتار، حیزبێکى سونییەوە و محەمەد حەلبوسى سەرۆکایەتى دەکات، بەڵام ئەم دووانە دانویان بەیەکەوە ناکوڵێ و حەلبوسى دژى دلێمى دەست بەجوڵە دەکات و لە (22ـی نیسانی 2022) محەمەد حەلبوسی، بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی لەیس دلێمی لە پارتی تەقەدوم، بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە کاری پەیڕەویی و بڕیارەکانی سەرکردایەتی حزبەکەی و سەرپێچیکردنی لە رێکارەکانی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە.
حەلبوسى تەنها بەوەوە نەوەستا، بەڵکو لەدواى ئەوەش لە (15ـی کانوونی دووەمی 2023) بە فەرمانی ژمارە (5)ـی پەرلەمانی لەسەر بنەمای ماددەی 12ـی یاسای پەرلەمانی عێراق بە ژمارە (13ـی ساڵی 2018) بڕیاریدا بە کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی لەیس دلێمی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق لەسەر بنەمای دەستلەکارکێشانەوەی خۆی.
ئەوەى شەڕى گەورەى لەنێوان حەلبوسى و دلێمى دروستکرد، ئەو نامەی دەستلەکارکێشانەوەى دلێمى بوو لە ئەندامى پەرلەمانى عێراق.
نامەکە لەسەر داواى حەلبوسى نوسراوە و داواى لە لەیس دلێمى کردووە کە نوسراوێكى داواكارى وهكو پارلهمانتار ئاڕاستهى سهرۆكى پەرلەمانى عێراق کە حهلبوسییە بكات و تیایدا به تهواویی و به روونى داواى دهستلهكاركێشانهوه له ئهنجومهنهكه بكات، بهڵام رێكهوت لهسهر داواكارییهكه نهنوسێت، بەوجۆرە نامەى دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش دەکات و سەرۆکى پەرلەمانیش پەسەندى دەکات..
دوای دوورخستنەوەی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا، لەیس دلێمی، حەلبوسی بە ساختەکردنی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، پێشتر داوای لێکردووە، نووسراوی دەستلەکارکێشانەوە بە واژۆکراوی بەبێ نووسینی بەروار بنووسێت ئەمەشی بۆ دوورخستنەوەی بەکارهێناوە.
ئەو کارە گڕ لە پەیوەندى نێوان حەلبوسى و دلێمی روودەدات و لەدواى دەستلەکارکێشانەوەکەى، دلێمى دەستدەکات بە جوڵە دژى حەلبوسى و دەیەوێت تۆڵەى لێبکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رێگاى دادگاى فیدڕاڵى دەگرێتەبەر و دواجار دوێنێ دادگاکە بەدڵى دلێمى بڕیاریدا و محەمەد حەلبوسی، لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامێتى پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و بڕیارەکەش حوکمى کۆتایی وەرگرتووە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندبن.
لە دواى بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى، ئايەتێکى قورئانى پیرۆزى پۆستکردوە کە تەفسیرى ئایەتەکە دەڵێت، بۆ ئەوەى حەق جێگیر و دامەزراو و بەرز و بڵند بێت، وە باتڵیش پوچەڵ و هەڵوەشاوە و بەتاڵ بێت و کۆتایی پێ بێت، با تاوانباران پێیان ناخۆش بێت ئەمە بڕیارى خودایە..
دلێمى بەوجۆرە تۆڵەى خۆى لە حەلبوسى کردەوە و ئێستا هەردووکیان یەکى گێمێکى یارییەکەیان بردووەتەوە، دیارنییە لە ئایندەدا چى دیکە دژى یەکتر بەکاردەهێنن..